سەرەوە / ئابووری / نەوتی کوردستان هۆکاری پارچەبوونی، نهێنی نەوت وگرێبەستەکان

نەوتی کوردستان هۆکاری پارچەبوونی، نهێنی نەوت وگرێبەستەکان

ڕووداوەکان و گرێبەستەکانی نهێنی کەرکووک، لێکدانەوەی مێژوویی ئابووری

نووسەر: دوکتور پژواک کەوکەبیان

گرێبەستی هێڵی سوور و خاوەندارێتی نەفت

شیرکەتێکی نەفتی تورکی لە ساڵی ١٩١١ دا بە مەبەستی هەڵێنجانی نەفت لە وڵاتانی ژێر دەستەڵاتی ئەو سەردەمی عوسمانییەکان لەنێوان عوسمانی بە تایبەت دەگەڵ ئاڵمان ساز دەکرێ .ساڵێک دواتر ،بەشێک لە ناوچەی مووسڵ دەخرێتە ژێر دەستەڵاتی فەڕانسە ،واتە لە سەرچاوە نەفەتییەکانی لەو ناوچەیەدا دەبنە شەریک .بریتانیا و بانکدارەکانی لەندەن ،لە بەشدار بوونی فەڕانسە و ئاڵمان لەو سەرچاوە نەفتییانەی ئەو ناوچەیە کە وەک نەریتێکی مێژوویی سیاسی، لەژێر دەستەڵاتی خاوندارێتی ئینگلستان دا بووە، ڕازی نەبوون.ئەوەیکە زۆرتر بریتانیای تووڕە کردبوو،خۆلێ نیزیک کردنەوەی بە ئاسپایی ئالمان لە ئمپراتوری عوسمانی بوو.گرێبەستی ڕێگای ئاسنی بڕلین -بەغدا کە لە نێوان سوڵتانی عوسمانی و پادشای ئاڵمانی “قەیسەری دووهەم” دا بەسترا ،زۆربەی کارتێلی پووڵی -ماڵی و سیستیمی سیاسی بریتانیای نیگەران وتا ڕادەیەکیش ترساندبوو. ئەوە لە کاتێکدا کە شیرکەتی ئینگلیسی شێل خاوەنی بیست و پێنج لەسەتی گرێبەستەکەی هەووەڵ بووە. لەوگرێبەستە سەرەتاییەدا، هەرتک لایەن Deutsche bank  وRoyal dutch/ shellخاوەن بیست وپێنج لەسەتی بەشەکان وشیرکەتی نەفتی تورکی TPC باقییەکەی کە دەبێتە پەنجا لە سەتی ،لەلایەن بانکی نەتەوەیی تورکییە TNB خاوەندارێتی کراوە. لە ڕاستیدا یەکێک لە هۆیەکانی شەڕی هەووەلی جیهان، پێشگری لە سەنعەتی بوونی ئالمان و بێ بەری کردنی ئالمان لە نەفتی مێزوپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی عوسمانییەکان بوو.بەرنامەکە ئەوە بوو کە، بە هەرەس هێنانی عوسمانی و داسەپاندنی گریبەستی تەسلیم بوونی و جەریمەی دارایی ،و قەرزدار کردنی بانکی نەتەوەیی تورکییە بەوجەریمەیە ،تەواوی سەرەتەکان “ئیمتیاز” نەفتی  ئێمەیان وەک جەریمە لە دەوڵەتی داڕماوی عوسمانی وەر بگرن ،هەر وەک کردیشیان.

Image result for red line agreement of 1928

پێکهاتننامەی هێڵی سوور “Red Line agreement”  یش هەر بەو هۆیەوە نێویان نا ،چونکوو ناوچەی جێگای مشتومڕ لەلایەن هێڵێکی سوور کە لەسەر خەریتە کێشراوە دیاریکرا. ئەوگرێبەستە، دەستەڵات و کارتێکەری شیرکەتەکانی بەهێز لە سەنعەتی نەفت، لەسەر سیاسەتی نەتەوایەتی هەر وڵاتێک نیشان دەدا. وئەوەش یەکێکە لەو خاڵە گرینگانە، کە هاوکاری شیرکەتەکانی نەفتی لە پلەی نێونەتەوەییەدا،کە هیچ مافێکی خاوەندارییەتی ئەو ولاتانەی کە خاوەن نەفت بوون، ڕەچاو نەکردووە.

لە ساڵی ١٩٢٩ دوای شکستی ئالمان و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتوری عوسمانی ،بە کردەوە شیرکەتی نەفتی تورکی ،نێوی خۆی بە شیرکەتی نەفتی عێڕاق گۆڕی. لەبەر وەیکە بەشی عێڕاقییەکەی دەوڵەتی عوسمانی کە خاوەن نەفت بوو، هێشتا گرینگایەتی هەر مابوو.هەر لەو سالەدا دوای وتوویژێكی زۆر لەنێوان وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی ،پێکهاتننامەی هێڵی سوور بە فەرمی واژۆ کرا وشیرکەتێکیان سازکرد کە بە شێوەی ڕیزبەندی ژێرەوەبوو:

  • شیرکەتی نەفتی ئێران وئینگلیس بە ٢٣،٧٥٪
  • شێل ٢٣،٧٥ ٪
  • کۆنسێرسیۆمی شیرکەتەکانی فەڕانسەوی ٢٣،٧٥٪
  • شیرکەتی پەرەی ڕۆژهەڵاتی نیزیک – پێنج شیرکەتی ئەمریکایی بە ٢٣،٧٥ ٪ وەخۆ دەگرت
  • و گوڵبۆنکیان ئەرمەنی ٥٪

لە ساڵی ١٩٦٢ ،ڕژیمی شۆڕشگێڕی عەبدولکەریم قاسم دەستووری ژومارەی ٨٠ ی دەربڕی کە لەودا ٩٩،٥٪ خاوەندارییەتی شیرکەتی نەفتی عێڕاقیان وەسەر شیرکەتی نەتەوایەتی نەفتی عێڕاق خستەوە.ساڵێک بەر لەوەش قاسم داوای ٢٠٪ لە خاوەندارێتی و ٪٥٥ لە قازانجی شیرکەتی عێڕاق ،کە لەڕاستیدا ئینگلستان خاوەنی بوو کردبووە .برپرسە پلە بەرزەکانی بریتانیایی وئەمریکایی و شیرکەتگەڵێکی چەند نەتەوەیی ،خوازیار بوون کە دەوڵەتی کێندی، زەختێکی زیاتر بخاتە سەر ڕژیمی قاسم ،و لە ئاکامدا قاسم بە کودەتایەکی سەربازی لە فێورییەی ساڵی ١٩٦٣ دا ڕووخا.هێندیك بەڵگە ،تێوەگلانی ڕێکخراوی سیخوری ناوەندی ئەمریکا CIA لەو کودەتایەدا دەردەخەن، کە هێشتا ڕاست ودرووستی ئەوئیدیعایە نەسەلماوە.بەلام،بەگوێرەی بنەمای شاهیدەکان کە  هێندێک لەبەرپرسانی پێشووی سیا بوون دەڵێن:کە سیا حەولی دینەوەی ئاڵتڕناتیوێكی گونجاوی لە نێو ئەرتەش دا، بۆ قاسم دابوو.

وێنەی مەسعوود بارزانی “مێرمنداڵ” و عەبدولکەریم قاسم لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٨ – ١٩٦٣ دا

دوو بۆری (کەرکووک -مەدیتەرانە) بۆ ڕاگواستن

نێوان ساڵەکانی ١٩٢٧ و١٩٣٤ دەستەڵاتەکانی زاڵ بە سەر گڕێبەستی سایکس پیکۆدا .وەک خاوەن ئەو وڵاتانە کە نەفەتیان تێدایە بڕیار دەدەن، کە نەفتی کەرکووک بۆ بەندەرەکانی خۆیان لە حەیفای بریتانیا و ترابلۆسی فەڕانسە ڕابگوێزن .بۆیە لە ١٥ سێپتامبری ساڵی ١٩٣٤ دا بە گوێرەی پڕۆژەیەک بە مەبەستی ڕاگواستنی سەرچاوەی گەوەرەی نەفتی کوردستانی عێڕاق (کەرکووک) بە سەرپەرەستی وخاوەندارێتی ئینگلستان و بەشداری شیرکەتی نەتەوەیی نەفتی عێڕاق و شیرکەتی فەڕانسەوی وئەمریکایی، قەراریان دانا کە نەفت لەڕیگای بۆری باباگوڕگوڕی کەرکووکەوە بۆ بەندەرەکانی ژێر نفوزی فەڕانسە وئینگلستان “دوو دەستەڵات کە ڕۆژهەڵاتی ناوینیان بەش کردبوو) سەربەرەژێر بێتەوە. هێڵی بۆری باشوور بۆ حەیفای ئیسڕائیل و بۆری باکوور لە سوورییە وبەندەری تڕابلۆسەوە بۆ مەدیتەرانە بگەیێندرێ.(وێنەی خوارەوە).

.

هێڵی بۆری باشوور لە ساڵی ١٩٣٥ تا ١٩٤٨ دا، نەفەتی کەرکووکی دەگەیاندە بەندەری حەیفا لە ئیسڕائیل ،کەرکووک بۆ ئەلحەدیسییە لە باشووری ئەلتەنەف لە لای باشووری سوورییە، لە ناو خاکی عێڕاق دا .لەو ڕێگایەوە کە ئەو دەم کاری پێدەکرا دەچووە بەندەری حەیفا و لە مەدیتەرانە لە نەفتکێشەکان بار دەکرا .ئەو بۆری نەفتە لە دەهەی ١٩٣٠ دا هێشتا کاری هەرپێدەکرا، تا ئەوەیکە شەڕی عەڕەبەکان و ئیسڕائیل داگیرسا،لەماوەی شەڕی نێوان فەلەستینییەکان و جوولەکەکان دا،لە ئاکامی شەڕی پارتیزانی جوولەکەکان بەتایبەت ئەرتەشی “هاگانا” دەگەڵ دەوڵەتی سەقامگیربووی ئینگلستان لە فەلەستین (palestine mandate) و کڕین و خاوەندارییەتی زەوی وزارەکانی عەڕەبەکانی فەلەستینی،  سەربەخۆیی ڕاگەیاند. پەیوەندی گرژی نێوان بریتانیا ووڵاتی جوولەکە مەرگی ئەو هێڵە بۆریەی لێکەوتەوە. لێرە دەردەکەوێ کە لەبواری مێژووییەوە، بە چەند دەلیل بریتانیا لەو مشتومڕەدا پشتیوانی فەلەستینییەکان و عەڕەبەکان کردووە.

دوای ساڵی ١٩٤٨ .نەفتی کەرکووک لە ڕێگاییەکی ترەوە،لە بەندەری جەیحان لە تورکییە هەناردە دەکرێ. ئەو کارەش ڕەزایەتی ئەمریکای لە دوو بوو ،چونکوو تورکییە هاوپەیمانی ئەمریکا ولە بەرەی دژبەری شووڕەوی دا بووە .تورکییە دەرامەدێکی بەرچاوی لەو رێگایەوە دەستەبەر دەکا، لەودواییانەدا ئاگاداری تورکییە بە ئیسڕائیل، تێوەگلانی لە کارو باری سوورییە ،عەفرین  وحەولی لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئیدلیب بە مەبەستی بەرگری لە کردنەوەی سەرلەنوێی ئەو ڕێگایە و ترس لە هەڵبڕینی بۆری نەفتی کوردستان کە بە ڕێگای تورکییە دا هەناردە دەکرێ هەڵیگرتووە.تورکییە ئاگاداری داوەتە ئیسڕائیل کە هەر پەرەپێداێک بە بۆری کەرکووک-مووسڵ -حەیفا ،چەستی جیددی دەخاتە نێوان پەیوەندییەکانی تورکییە و ئیسڕائیل .گرینگایەتی ئەو بۆرییە ،هەرئەوەندەیە کە لەشەڕی جیهانی دووهەمدا ،ئاڵمان دەیەویست کۆنتڕۆڵی ئەو بۆرییە نەفەتییە بخاتە ژێر دەستی خۆی.

ڕیگای دووهەمی ڕاگواستنی نەفتی کەرکووک بۆ مەدیتەرانە ،ڕێگای باکوورە کە لە ئەلحدیسییە بۆ ئەبووکەماڵ ،پاڵمیرا و حومس بۆ بەندەری ترابلۆس بوو ،کە لەلایەن کۆریدۆری تەڕتووس -لازقییەوە دەور دراوەتەوە.ئەو ڕێگایە، بە هۆی دەستەڵاتی سەربازی چەپ و سوسیالیستەکان و حیزبی بەعس لە ساڵی ١٩٥٤ و واژۆی گڕێبەستی سەربازی ڕووسییە ،هەر بە کردەوە داخر.ڕووسییە ئاستەنگی بۆ ڕەت کردنی ئەوبۆرییە لەخاکی سوورییە ساز کردبوو.هێندێک لە ڕاپۆرتەکانی ئەمریکایی (گۆڤاری فاریس پاڵسی) باسی ئەوە دەکا، کە بە هۆی وەیکە ئەمریکاییەکان دەیانەویست کاری ئەو بۆرییە هەر بەردەوام بێ ،بۆیە ئینگلستان لە ڕاستای بەرژەوەندی خۆی دا دەیبینێ کە بەستێنی کودەتایەکی سەربازی چەپ و بەعسییەکان بڕەخسێنێ،کە هەرتک بۆرییەکانی مەدیتەرانە دابخرێن و نەفتی عێڕاق لە دوو مەیدانی (کەرکووک و باشوور)، تەنیا لە ڕێگای بەندەری بەسرە و باشووری عێڕاقەوە ،کە لە ژێر چاوەدێری ئینگلستان و دانیشتوانی شیعەی نیزیک بە بریتانیا دان،ڕەت ببێ .لەڕاستیدا بریتانیا بە کودەتای چەپەکان ،ڕووسییەی ڕەکێشی سوورییە دەکا، تا ئەمریکا وفەڕانسەی لە سوورییە بکاتە دەرێ و لەئاکامدا، دەستێان لەنەفتی کەرکووک ببڕێ .کەوابێ ،تێوەگلانی رووسییە لە سوورییە،سەبارەت بەوەیەکە، تەواوی بۆرییە نەفتەکانی کە دێنەوە ئوروپا ،لەئیختیار خۆیدا بن.

کوردستان لەسەر دەریای نەفت

بە گوێرەی ئەو ئامارەی کە شیرکەتی چالاک لە مەیدانی نەفت و گاز دا بڵاویان کردۆتەوە، کوردستان خاوەن سەرچاوەیەکی لانیکەم ٦١ میلیارد بۆشکە نەفتە، وهەر ئێستا هەناردەکەی شتێک تا ٦٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا بەردەوامە .زۆربەی لەوهەناردەیە ،لە ڕێگای بۆری کەرکووک کە دەچێتە شاری جەیحان لە تورکییە ولەوێوە بۆ بازارەکانی رووسییە و ئوروپا هەناردە دەکرێن .بە ئاماژە بە هێندێك بەڵگەی تر و بنەمای زانیارییەکانی پێکهاتەی جوغڕافیایی ئەمریکا (USG)،کوردستان خاوەن ٥٠ تا ١٠٠ میلیارد بۆشکە لە باشترین جۆرئ نەفتە کە لە جوغڕافیای گەمارۆدراو لەلایەن جیرانە دوژمنەکانییەوە.

نەخشەی سەروەو، هی ڕۆژنامەی نیویوڕک تایمزە. لەڕێکەوتی ١٥ سێپتامبری ساڵی ١٩٣٥دا. لەو خەریتەدا بە ڕوونی بەرینایەتی و بەرفرەوانی سەرچاوە نەفتییەکانی کوردستان گەمارۆدراو لە ئێران و عێڕاق نیشان دەدا. ئەو خەریتەیە جارێک لە ساڵی ١٩٣٥ لەو رۆژنامەیەدا چاپ کراوە ولەهیچ سەرچاویەکی دیکەوە ئاماژەی پێنەکراوە و دووبارە بڵاونەکراوەتەوە.

گۆیا خاوەنەکانی ڕاستەقینەی ئەو سەروەت و سامانە نابێ هیچ زانیارییەکیان لەوبوارەدا ببێ.

لە سەر بنەمای ئامارێک بەر لە سەربەخۆیی کوردستان، کە لەبەر دەستدا بووە ،عێڕاق پلەی چوارەمی ئەو وڵاتانە بووە کە نەفتیان هەیە .بەشی کوردستانی لە سەرجەمی ئەو ڕادە یە ٤٠٪ سەرچاوەکانی نەفتی عێڕاقە. دوای سەربەخۆیی ،کوردستان بە تەنیایی دەتوانێ بە قەرایی هێزەکانی ئابووری ناوچەکە، نەخش وەستۆ بگرێ. خشتەی سەرەوە چۆنیەتی وڵاتی کوردستان دوای سەربەخۆیی نیشان دەدا. لەسەر بنەمای هەناردەی نەفتی  ١،٨ میلیون بۆشکەی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ،ساڵێ ٣٣ میلیارد دۆڵار بە گویرەی بۆشکەی ٥٠ دۆڵار دەرامەدی بووە. ئەو ڕادە زەخیرە نەفتییە بە قیمەتی ئەوڕۆش ٩٣ ساڵی تر دەتوانێ بەردەوام .

شەڕی ئێران و عێڕاق

گرینگایەتی بەردەوامی شاڕەگی نەفت لەکەرکووک تا ئەو ڕادەیە یە، کە لە ماوەی تەواوی ئەو ساڵانەی شەڕی ئێران و عێڕاق ،فڕۆکەکانی ئێرانی قەت ناوەند و چاڵاوەکانی نەفتی کەرکووکیان بۆمباران نەکرد ،گۆیا بێ پسانەوە سازانێک لە نێوان کۆماری ئێران و ئینگلستان دا بووە، کە شاڕەگی بۆرییە نەفتییەکان نەوەستن.سەرەڕای ئەو گشتە خەساڕەتەی ئینسانی ،وادیار بوو کە، زلهێزەکان قەت نەبوونە ئاستەنگی شەڕی کاولکارانە و فەوتانی ئەوانە ،تا ئەوێ ڕۆژێ، کە شەڕی نەفتکێشەکان دەستیان پێکردووە.ئێران بە تۆڵەی پشتیوانی ولاتانی کەنداوی فارس لە سەددام ،دوو کەشتی کوێتی کردە ئامانج و ئەمریکاش بە چاوتروکاندنێکی کەمتر لە چەند کاتژمێردا ناوە بچووەکانی ئێرانی نوقم کردن و ئێران دوای ئەو ڕووداوە و هێنانی شەڕی مووشەکی بۆ شارەکانی ناوەندی بە تایبەت شارە فارس نشینەکان(شەڕی ٥٢ ڕۆژەی مووشەکبارانی شارەکان) بوو، کە ئاگربەسی پێشنیاری سەددام وڕێکخراوی نێو نەتەوەیی قەبوول کرد.

کەرکووک، کرماشان و بۆمەلەرزە

هەرچەند ئەو سنوورە سیاسیی دەستکردانەی بەشەکانی کوردستانیان لێکدابڕیوە ،بەلام سروشت وزەویناسی ،خاک و نیشتیمان، پێکەوە دەلکێنێ، ئەگەر سرنج بدەینە خەریتەی ساڵی ١٩٣٥،سەرچاوە و سفرە نەفتییەکانی کوردستان لە بەشی کرماشان وئیلام دڕێژەیان هەیە، بە گوێرەی ڕاپۆڕتی سایتی  ،oilprice  شاری دێهلۆڕان زیاتر لە ٥ میلیارد بۆشکە نەفتی لە ژێر دا هەیە ،وهەر ئێستا گۆیا ڕۆژانە زیاتر لە  ١٠٠٠٠٠ هەزار بۆشکەی لێهەڵدێنجن . سەرەڕای ئەوبومەلەرزانەی کە نێوان نێوان لە ناوچەی دێهلۆڕان و ئیلام  دێن ،ئەو گومانە پشتڕاست دەکاتەوە، کە ڕەنگبێ دوو مەبەستی تایبەتی لە دەستکردبوونی ئەو بومەلەرزانەدا هەبێ.

١-ئێمە پێشوو دەمانزانی، کە خەریکن ٣میلیۆن کەس لە دانیشتوانی ناوەندی ئێران بۆ قەراخ مەکران ڕاگوێزن. دەلیلی ئەو گواستنەوانە و گۆڕینی دێمۆگڕافی ناوچەکەش  ،دەتوانێ بە هۆی بوونی سەرچاوەی نەفتە لە کوردستان بێ .ئەگەر ئێستا بە هیچ شتێک لە ناوچەی بەلوچستان و مەکران پەرە نادرێ ،بەڵام ڕەخسێندراوی بەستێنی بە فارسیزە کردنی ناوچەکە دیارە.بۆیە بوونی پڕۆژەیەکی ،وەک ئەوەی بەلوچستان بۆ ناوچەکانی زاگڕۆسیش بە دوور لە زەین نابێ .پێڕانەگەییشتن و نوێژەن نەکردنەوە ماڵە ڕووخاوەکانی بە هۆی بومەلەرزە و هاندان بۆ کۆچکردن، خۆی مەبەستی چۆڵکردنی ناوچەکە وتاراندنی کوردە لە وڵاتی خۆی ، کە خاوەن سەرچاوەیەکی بەرینی نەفتە .دنەدانی ئەودواییانەی هێزەکانی حشدی الشعبی لەودیوی سنوور لە ناو عێڕاق و چۆڵکردنی هێندیک لە گوندەکانی دەور وبەری خانەقین لە کوردستانی عێڕاق ،ئەوەمان نیشان دەدا ،کە هاوئاهەنگییەک بە مەبەستی گۆڕینی دێمۆگڕافی لەهەرتک دیوی سنوورەکان دا لە گۆڕێیە ،بە داخەوە ئیستیبداد و پاوان کردنی زانیاری و مێدیایی، بەرهەڵستە لە سەر ڕێی تویژنەوەیەکی زانستییانە ،کە خۆی ئەوڕاستییە دەسەلمێنێ .

٢- نووسەری ئەو چەند دێرە لە بابەتی (بۆچی ئاخوندێکی ئیسفەهانی نێوی بنەماڵەیی خۆی بە کرماشانی دەگۆڕێ ) دا،ئاماژەی بە ڕەوتی گۆڕینی پێناسەی مەزهەبی لەکرماشان کردووە.بە سرنج بە ڕێکەوتی ساڵی ١٩٣٥ و گرێبەستی دوو بۆری نەفت ،پەیوەندییەکی واتادار، لەنێوان بەرنامەی پەرە بە شیعەگری لە ناوچەکانی ئیلام ،کرماشان و بە تایبەت مریدانی ئایینی یارسانی دا دبیندرێ .کیشەکە کاتیک زەق دەبێتەوە، کە هەر لەودیوی سنوور لە خانەقین یش ،حەولێکی هاوشێوە(گۆیا نێوان ئێران و بریتانیا) بۆ نیزیک کردنەوەی مەخموور وخانەقین ونەجەف و کەربەلا دەراوە ولەوانەشە واتیکانی شیعە  لە داهاتوودا سەرهەڵبدا. .بەرنامەی بەر لە شۆڕش و دوای ئەویش، کە لەدەوری پێکهێنانی لانی زۆری حەوزەکانی عیلمییە لە لؤرستان ،کرماسان وئیلام دەخولاوە ،تەواویان لەسەربنەمای بۆری و سەرچاوەکانی نەفتی ژێر زەوی کوردستان داڕێژراون .

٣- بە سرنج لە هاوبەشی سەرچاوە ژێر زەوییەکان ،ئەگەری لێدانی تونێل یان کاناڵی بەیەکەوەلکاندنی نەفتی ژێر زەوی بە دوور لەزەین نییە .بۆیە تەقاندنەوە یان لەرزاندن و ڕاچلەکاندنەکانی لەگۆڕێ، لە ڕاستای ڕاگواستنی سفرە ژێر زەوییەکانی نەفتی ناوچەی خانەقین دەتوانێ بێ .لە بواری موهەندیسی و تێکنیکییەوە، تا چ ڕادەیەک ئەو هەڵسوکەوتە دەتوانێ بلوێ ،پێویستی بە توێژینەوەیەکی زیاترە. ئەگەر سرنجی بدەینێ، دەلیلی ئەوەیکە ڕۆژێک دوای وەیکە کەرکووک لەلایەن عێڕاقەوە سەر لە نوێ داگیردەکرێتەوە “وایران” شیرکەتی BPدەگەل دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەی یەکساڵ گڕێبەستێکی نەفتی دەبەستن.ئەوپرسیارە دێتە بەر، کە ئایا، بریتانیا لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا بە یارمەتی ئێران و کەلک وەرگرتن لە شێوەکانی موهەندیسی، دەیەوێ بە ژێر زەویدا بۆری نەفەتی له نێو مەیدانی ژێرزەوی کەرکووک ،خانەقین و دە‌هلۆران بگوازێتەوە ؟

پوختە وئاکام

هەر ئێستا هەلومەرجی حقووقی گڕێبەستی هێڵی سوور ڕوون نییە .هەرچەندیش لەبواری مێژوویی ،جوغڕافیایی و خەڵکناسی ،ئەوە بۆ عێڕاق و کوردستان ڕوون بۆتەوە ،بەلام ئەوەیکە زۆر دیارە وسەلماوە ئەوەیە، کە دوای ڕێفڕاندۆم لەبواری قانوونییەوە خاوەندارێتی ئەو خاکە و سەرچاوەکانی دراوەتە کوردستان.

لەسەربنەمای یەک لێکۆڵینەوە ،لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوو دا، تا ڕادەیەک، نیوێک لە خەڵكی کورد بە دەلیلی کوشتار،کۆڕەوی تۆبزییانە ،گەمارۆی ئابووری و جینایاتی ولاتانی حاکم بە سەریانەوە، لەناو چوون وکوژراون. ئەگەر جینایەت و کۆمەڵکوژی ڕووی نەدابوایە ،کوردستان بە تەواوی گیانبەختکردووان و دانیشتوانییەوە نیزیک بە ٨٠ میلیۆن کەس دەبوون وئەوەش دیارو ڕوونە،کورد دەبوونە دەستەڵاتی هەووەڵ یان دووهەم لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

ئێستا کە کوردەکان دوای سەت ساڵ خەبات و گیانفیدایی بۆ ڕزگاری لە چەنگ ئیستیعمار و داگیرکاری ،بڕیاریان داوە کە بە ئازادی و سەربەخۆیی بژین ،ئێوە ئەی خەڵکی خاوەن ویژدان و شەڕەفی جیهان ،دەستی بەڵێن بدەنە نەتەوەیەکی داگیرکراو و ئاشتیخواز،شەڕف و ویژدانی خۆتان بکەنە قازییەکی عادڵ وزەخت بخەنە سەرحکومەتەکانی خۆتان ونوێنەرایەتی دەنگی کپکراوی نەتەوەیەکی ژێردەست وداپلۆسیندراو بن کە ئەویش بتوانێ وەک ئێوەی ڕزگاربوو، بزاوی دژە ئیستیعماری خۆی لە ڕۆژهەلاتی ناویندا بە ئاکام بگەیێنێ. کوردەکان بە سازکردنی ولاتێكی سەربەخۆ وئازاد ،دەتوانن بە ڕەوتی دزێوی ژیاندنەوەی ئیستیعماری دەرەکی ،شەڕی بێ ئاکام و کاولکار لەناوچەکە ،گرێبەستگەلی نهێنی‌ و ستەمی نەتەوەیی ،مەزهەبی کۆتایی بێنن. سەرهەڵدانی کوردستانێكی ئازاد وسەربەخۆ هەم یارمەتیدەرە بۆ ئاوەدانی و ئازادی بۆ ناوچەکە وهەمووجیرانەکانی،وهەم لە ماوەی ١٥ تا ٢٥ ساڵێشدا دەتوانێ ببێتە یەکێک لە سێ هێزی گەورەی کشتوکاڵ- نەفتی وئابووری لە ڕۆژهەلاتی ناویندا .

هەر جۆرە کەلک وەرگرتن ،کۆپێ و بڵاوکردنەوەی ئە وبابەتە بە بردنی نێوی نووسەر و سەرچاوەکە ئیزن پێدراوە

سەرچاوەکان:

State Dept, The Red Line Agreement, https://history.state.gov/milestones/1921-1936/red-line

Riches Beneath the Earth, Colbert C. Held, From Middle East Patterns. People, Places and Politics 2000, Westview Press

William Stivers; A Note on the Red Line Agreement, Diplomatic History, Volume 7, Issue 1, 1 January 1983, Pages 23–34, https://doi-org.ccl.idm.oclc.org/10.1111/j.1467-7709.1983.tb00380.x

https://foreignpolicy.com/2018/09/18/once-upon-a-time-america-needed-syria/

http://www.mafhoum.com/press6/170E12.htm

http://wondersofworldengineering.com/oilroute.html

https://oilprice.com/Geopolitics/International/Who-Profits-From-Irans-Oil-Major-Exodus.html

پژواک کەوکەبیان نووسەر و ڕاوێژكار لە بازرگانى و ئابوريناسى، موهەندسی کومپیوتر ماستری بازرگانی لە کەنەدا وەرگرتووە و دەرچووی ماستر و دكتۆرای ئابوريناسى زانكۆى CGU وڵاتە يەكگرتووەكان ئەمریکا.

دەربارە پژواک کوکبیان

پژواک کەوکەبیان نووسەر و ڕاوێژكار لە بازرگانى و ئابوريناسى، موهەندسی کومپیوتر ماستری بازرگانی لە کەنەدا وەرگرتووە و دەرچووی ماستر و دكتۆرای ئابوريناسى زانكۆى CGU وڵاتە يەكگرتووەكان ئەمریکا.

Check Also

چریکەی شار

شاری سلێمانی وەک باقی شار و ناوچەکانی تری کوردستان خاونی هونەری گۆرانی و مۆسیقای بەرزو …

کوڵبەر و دەوڵەت

د. هەردی مێد به‌ رای من تێگه‌شتن له‌ پانتایی كوڵبه‌ر، واته‌ تێگه‌شتن له‌ دونیابینی كۆڵبه‌ر، …

کاک عەلی جوانمەردی خەریکی چییه؟

محەمەد شەهسواری کاک عەلی کێیە و کێ بوە و چۆن دەژی ، بابەتی تاکە کەسی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *