Home / زمان وئەدەب / لێکدانەوەیەکی ئێتیمۆلۆژیی، بۆ هەردوو ناوی “کتک” و “پشیلە”

لێکدانەوەیەکی ئێتیمۆلۆژیی، بۆ هەردوو ناوی “کتک” و “پشیلە”

شاسوار هەرشەمیی

لێکدانەوەیەکی ئێتیمۆلۆژیی، بۆ هەردوو ناوی
“کتک” و “پشیلە”

کتک: ناوی پشیلەی نێرەیە بە کوردیی. ھەندێک جاریش بە گشتیی، بە پشیلە دەگوترێت. وشەکە بریتی بووە لە “کت” یان کات لەگەڵ پاشگری “-ک” بۆ ناسینەوەی ناو. ئەمەش بەھەمان شێوەی ناوەکانی (کات،cat ، katt وkat)ە، کە لە زوربەی زمانە هیندۆروپییەکان و زۆر خێزانە زمانی دیش دەبیندرێت. وەک لە لاتینیی catus، کاتوس. لاتینیی ناوەڕاست catta، کاتە. ئیتالیی gotto، گۆتۆ. فەرەنسیی chat، کات. ئەلمانیی کۆن kataro، کاتەرۆ. ئەلمانیی katze، کاتز. ئیسلاندیی kattr، کاتر. دانمارکیی kat، کات. سویدیی katt، کات. ڕووسیی koşka، کۆشکە.
ناوەکە، بەو ڕەگەیەی کە لە زمانەکانی سه‌ره‌وه‌دا دەرکەوتووە، لە ھیچ یەک لە زمانە کۆن و کلاسیکییەکانی هیندۆروپیی نەدیتراوە. ئەمەش بەوە لێکدراوەتەوە، کە گەلی هیندۆروپیی، لە ژینگەی ھاوبەشیاندا پشیلەیان نەبووە. دەبینین تا لە ناوی زمانە زۆر نزیکەکانی کوردییش، وشەیەکی ھاوبەش بۆ پشیلە نابینینەوە. لە زاراوەی کرمانجیی، Givir، گیڤیر بە پشیلەی نێر دەگوترێت، هەروەک بۆ پشیلەی مێیەش، دەگوترێت Mewîk، مەویک. لە زاری سیوەندیی کوردانی فارس، پشیلە پێی دەگوترێت تیتە. لە زمانی تاتیی دەگوترێت مەرچین. ھەروەھا مەرچینە. لە فارسیی گوربە. ناوە کوردیی و گرێکییە کلاسیکیەکەی “پشیلە” نەبێت، کە لە چاوگێکەوە ھاتوون.

ڕێچکەکانی بڵاوبوونەوەی پشیلە بە دنیای کۆندا

شارەزایان لایان وایە، کە وشەکانی کتک و کات، لە زمانی کۆنی کۆپتی (قیپتی) وەرگیراوە. لەوایەیە لە کۆپتیش کۆنتر بێت و بۆ زمانێکی ناوچەی نۆبەی نێوان میسر و سودان بگەڕێتەوە. پشیلە لە زمانی نۆبیەکاندا پێی گوتراوە kadi، کادی. بە گوێرەی پاشماوەی شوێنەوار ناسیی، لە وڵاتی نۆبە و میسری کۆندا، لە ساڵانی ٢٧٠٠ پ. ز، پشیلە ماڵی کراوە. کتک ھەر ھەمان ناویشە، کە لە عارەبیی بۆتە (القط، قیت).
لە گۆڕستانە کۆنەکانی پاشایانی لەمێژینەی میسر، جگە لە دەقە هێرۆگلۆفیەکان لەبارەی پشیلەوە، بە سەدان تەنی مۆمیا کراوی پشیلەش دۆزراونەتەوە، کە من خۆم، لە مۆزەخانەکانی تایبەت بە سەردەمی فیرعەونەکان، چەندانم بینیوە.

هەروەک پشیلە، لە هەندێک سەردەمی میسریانی کۆن، بە چاوێکی پیرۆز سەیری کراوە. تەنانەت لە هەندێک سەردەم، پشیلە کراوەتە وێنای یەکێک لە خوداوەندەکانیش.

من نەختێک بە گومانەوە ئەم بۆچوونەی بوونی هەرە کۆنی ناوی کتک و درەنگ گەیشتنی بە ئێمە، بەو شێوەیەی کە لە سه‌ره‌وه‌ هاتووە، پەسەند دەکەم. دەزانم بوونی یەکەمینجاری پشیلە لە بەڵگەنامە هێرۆگلۆفیەکان دۆزراوەتەوە و جارێ مایەی گومان نین.

ناوی کتک لە کوردیی، دەبێ زۆر کۆنتر بێت، وەک لە ناوە هیندۆروپییەکانی دی، چونکە یەکێک لە ڕێچکە ناسراوەکانی بڵاوبوونەوەی پشیلە بە ئەوروپادا، هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بووە. بەڵام ئەمە بەو واتایە نیە، کە ناوەکە، یان کتک، وشەیەکی خۆماڵیە و وەرنەگیراوە، یان پێچەوانەکەی.
بۆ کۆن بوونی ناوەکە، دەبینم کە وشەی (ختە) کە بۆ وەدەرنانی پشیلە بەکار دێت، ھەر لە کت و کات وەرگیراوە. تەنانەت لە زمانی منداڵانیشدا ختە بە واتای پشیلە دێت. لە هه‌ورامان ختی بە زمانی منداڵان بە کتک دەگوترێت. هه‌روه‌ک کتە بە هەورامیی، واتا پشیلە. کتە کویی هەورامییش، واتا پشیلە کێوی.

ئەی ڕیشەی ناوی پشیلە؟

پشیلە: گیانەوەرێکی کەویە و لەگەڵ مرۆڤ یان لە نزیکیەوە دەژیت. لە کوردیی پێشی دەڵێن پسیلە. پسیک. پشیک. تەنیا زمانێک کە لە ناوی پشیلە، پسیک، لێکچوونی لەگەڵ کوردیی پێوە دیاربێت، ئەوا زمانی ڕومێنییە. پسیک لەو زمانە بریتیە لە pisica، پیسیکە. لە ئازەریی، ناوەکە بە شێوەی pişik، پیشیک، هەر لە کوردیی وەرگیراوە. خودی ناوی پشیلە لەدوو وشەی لێکدراو پێکھاتووە. پش+ئیلە. پش، یان پس، لە پشە یان پسە ھاتووە کە وشەی بانگ لێ کردنی پشیلەیە. دەبینین لە زمانی گیلەکییش بە پشیلە دەگوترێت پیچا و پیچێ، کە لەگەڵ پشە ھاوڕەگن. تا لە زمانی ئینگلیزییش puss، پەسس وەک نازناوی پشیلە بەکاردێت.
بەشەکەی دیشی، واتا (ئیلە) یان (ییلە) و (لە)، لە بنەڕەتدا ناوی پشیلە کێوی بووە. پشیلەی کەوی ناو ماڵ، لای گەلانی هیندۆروپی کۆن نەناسراو بووە، بەڵام پشیلە کێوی، لە نیوە گۆی باکوری زەوی و لە ناوچە شاخاویە ساردەکاندا ژیاوە و تا ئێستاش بە فرەیی ھەن. له‌ زاراوه‌ی ئاشتیانیی گورگاندا، چائیله‌، ناوی گیاندارێکی کێوی گۆشت خۆره‌، که‌ مریشکان ده‌ڕفێنێت. به‌ گومانی زۆر هه‌مان پشیله‌ کێویه‌.
ناوی (ئیلە) یان (ییلە) و (لە)، ئەمڕۆ لە زمانی کوردیی، بە تەنیا واتای خۆی لە دەست داوە. لە زمانی کۆنی گرێکیی ail، ئەیل واتا پشیلە. ھەروەک پێشیدەڵێن (ailouros، ئەیل-ۆئورۆس). وەک دەبینین جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ (ئیلە)ی کوردیی، لە ناوی پش-ئیلە دا نیە. لە گرێکیی بە پشیلەی کێویش دەگوترێت lyngx، لی-نگکس. لە لاتینیی بۆتە lynx، لینکس. لە ئەرمەنیی lusanun، لو-سانون. شوێنەواری (ئیلە)ی پشیلە، لە زمانە هیندییەکانیش دەبیندرێت. لە بەنگالیی birala، بیر-ئالە واتا پشیلە. لە هیندیی billi، ب-ئیللی ھەمان. وەک گوتمان ناوێکی ھاوبەشی هیندۆروپیی بۆ پشیلە نیە. بەڵام ناوی ئیلە، یان شێوەکانی نزیک لەمە، وەک لەو لا، لو بە واتای پشیلە کێوی، بە تان و پۆی زمانە هیندۆروپییه‌کانەوە دەبیندرێت. دیارە بە پێشگر، یان پاشگری لێک جیاوە.
لە بەنگالیی birala، بیرالە واتا پشیلە. لە ھەردوو هیندیی و ئوردو billi، بیللیی واتا پشیلە. لە گوجاراتیی biladi، بیلادی واتا پشیلە. ھەرچی پشیلە کێویشە، ئەوا لە ساکسیی lohs، لۆھس. ئەلمانیی کۆن ھەردوو ناوی los، لۆس و luchs، لوچس. پرۆیسیی کۆن luysis، لویسیس. لیتاویی luszis، لوزیس. ھەروەھا ڕووسیی rysi، ریسی. لە ئەنگلۆساکسۆنیی lox، لۆکس. بە دانمارکیی ھەردوو ناوی los، لۆس و luks، لوکس. لە سویدیی lo، لو. دەبینین لە ھەموو ناوەکانی سه‌ره‌وه‌‌دا (لە، ل، لۆ، لی)، وەک سەرە داوی ھاوبەشی ناوەکە، دووپات دەبنەوە.
بە گوێرەی بۆچوونی شارەزایانی زمان، ڕه‌گی ناوەکە دەچێتەوە سەر وشەی PIEی -lwk، لوک- بە واتای درەوشاوە. ڕه‌نگە ناوەکە لە ڕه‌نگی کراوەی پشیلە کێویەوە ھاتبێت، یان لە درەوشانەوەی چاوی، کە تیشکی بەردەکەوێت.

وێنەکان:
یەکەم: هێلکاریەکی بڵاوبوونەوەی کتک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ دنیای کۆن و ئەوروپا.
دووەم: مۆمیایەکی کتک لە میسری کۆن.
سێیەم: دەقێکی هێرۆگلۆفیی لەسەر کتک.
چوارەم: کتک لە شێوەی خوداوەندێکی میسریانی کۆن.

image_print

About شاسوار هەرشەمیی

Check Also

دلایل پنهان اقتصادی سایکس-پیکو پس از ١٠٠ سال

دکتر پژواک کوکبیان خلاصه بر خلاف تحلیل های موجود که گویا انگلستان به دلیل عدم …

ملیت و حاکمیت بر اساس رضایت

مرتبط با قره باغ مورای روتبارد اشتباه فاحش این است که دولت-ملت را به فرد …

ناسیونالیسم وارداتی

ناسیونالیسم مدرن، شکل کُردیت را به قیمتِ فدا کردنِ محتویاتِ هویت خواهی کُردی از انحطاط …

هێڕش قادری

تقسیم بندی کلی از تاریخ کورد براساس مفهوم میترا

تقسیم بندی کلی از تاریخ کورد براساس مفهوم میترا (قرارداد/پردیس): رهایی سیاسی کورد، جز با …