سەرەوە / وتارەکان / پێشمەرجی سەرکەوتن، یەکریزی و پێکەوە بوونە

پێشمەرجی سەرکەوتن، یەکریزی و پێکەوە بوونە

کاوە بەهرامی

لەماوەی یەک مانگی رابردوودا، دوو کارەسات سنووری جوغرافیای نیشتمانی دێرینی کوردانی کردە ئامانج، هێرشی سوپای عێراق و بەتایبەت حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی کەرکووک و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەس و ماڵوێرانی و تەنانەت لە دووزخورماتوو زۆر چالاکی مەدەنی باس لە ژینۆسایدی دەکەن. ئەم داگیرکاریە کە پاش پڕۆسەی رێفراندۆم هاتە ئاراوە هەنووکەش پلانی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی تێدا درێژەی هەیە.

کارەساتی دیکە بەڵای سروشتی (هەرچەند زۆرکەس لە هۆکارەکانی روودانی ناکۆکن) بوومە لەرزە لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە وێڕای گیان لەدەست دان و برینداربوونی هەزاران کەس، رووخانی دەیان گوند و بەشێک لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و سەلاس و جوانرۆ و شائاباد و ئاوارە بوون و بێ ماڵ و حاڵی خەڵکی ئەو ناوچانەی لێکەوتەوە.

لەم کارەساتەدا رێژیمی کۆماری ئیسلامی کە دەسەڵاتی پۆلیسی و تۆقێنەری خۆی بە سەرخەڵکدا فەرز کردووە زیاتر لە هەرکات دژی گەلی‌بوونی بۆ خەڵکی کورستان دەرکەوت کە بە سروت و سامانی خەڵک و کوردستان لەوپەڕی شەرمەزاری دەیهەوێ بە قازانجی تەمەنی نگریسی خۆی کەڵک وەرگرێ.

لەکاتێکدا پێویست بوو رێژیم بە زووترین کات بە هانای خەڵکی بەڵالێدراوەوە بڕوات و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکا.

ئەوەی جێگای دڵخۆشی و سەرنج و تێڕامانە هەر لە یەکەم ساتەکانی رووداوەکەوە نە تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە هەر جێگایەکی ئێران کە کوردی لێ بوو، بەپەلە و خۆبەخشانە ئەوەندەی لە توانایاندا بوو یارمەتییەکانی خۆیانیان رەوانەی پارێزگای کرماشان کرد و وێنەی زۆر کەس دەبینین کە جل و بەرگێک کە لەبەریانە پێشکەش دەکەن. کۆماری ئیسلامی هەوڵی زۆری دا ئەم هاوپێوەندییە دروست نەبێ ،لە زۆر شوێن دەستیان بەسەردادەگرتن و کەمترین بەشیان بە ناوی خۆیانەوە رەوانە دەکرد.

بەخۆشییەوە راگەیاندنی ئازاد و بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رێژیمیان ریسوا کرد، لە لایەک دزییەکانیان لێ ئاشکرا کردن و لە لایەکی دیکەوە بێ پرەنسیپی و دژە کوردبوونی کۆماری ئیسلامیان بۆ بیرورای گشتی زیاتر ئاشکرا کرد.

خەڵکی کوردستانیش هەرچەند رووی راستەقینەی رێژیمیان زۆر لە مێژە بۆ دەرکەوتووە و بە هاوپێوەندی و یەکڕیزی نیشانی هەموو لایەک و بە تایبەت رێژیمیان دا کە کۆماری ئیسلامی هیچ جێگە و پێگەیەکی لە کوردستان دا نیە، هاوکاری خەڵکی کوردستان بۆ هاونیشتمانیان لە کرماشان نیشانی هەموو لایەکی دا کە کورد یەک نەتەوەیە و کرماشان دڵی کوردستانە.

هێرشی حەشد و سوپا لە باشوور دەسکەوتی ۹۳٪ی خەڵکی بۆ چەندین ساڵ لەبار برد بەڵام لەو کاتەشدا رووداوەکان نیشانیاندا کە کۆماری ئیسلامی چ لە پڕۆسەی ریفراندۆم و دواتر و لەم دۆخە نالەبارەی پارێزگای کرماشان چ رەق و کینەیەکی دژی کوردانەی لە هەر پارچەیەکی نیشتمان هەیە، یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لەکاتی پێشوازی لە تەرمی شەهیدی رێگەی مرۆڤایەتی کاک ئەبووبەکر نیشانی هەموو لایەک و بەتایبەت حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی دا کە وێڕای پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی ئامادەی هەموو گۆرانکاریەکن و تەنیا یەکریزی و یەکگرتوویی نێوان حیزبەکان دەتوانێ زامنی سەرکەوتنی یەکجاری بێ.

دەربارە کاوە بەهرامی

Check Also

وتارێک لە سەر ئەخلاق

وەرگێر لە سۆئێدییەوە :حامید مائیلی *لە هەموو دونیا ولەتەواوی ژیاندا ،شتێک گرینگتر لەو خاڵە کە، …

ناسیونالیسم و سیاسەتی ناسنامە لە پەیوەندی نێو نەتەوەیی دا

نووسەر: میشل هوئیسێن ماموستا و لێکۆلەرەوە لە زانستگای زانستە سیاسییەکانی ویرژە لە بروکسێل وەرگێڕ لە …

ناسیونالیزم – چەند وتارێک

لە چوار بەش حامید مائیلی ناسیونالیزم ناسیونالیزم یانی نه‌ته‌وه‌یی بوون (ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ زمانی فه‌ڕانسه‌یی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *