گێڕانەوەی هەقایەتی بزواندنی هەستی نەتەوایەتییە بە ناوی مێژووەوە

هیچ گومان لەوەدا نییە کە یەکێک لەو بوارانەی کە کورد تێیدا کۆڵە، بواری مێژووە. ئەگەر بەراوردی کورد بە نەتەوەکانی دراوسێمان بکەین ئەوا هەژاریمان بە ڕوونی لەو بوارەدا دەردەکەوێت. نەتەوەی ئەرمەن کە ژمارەیان کەمتر لە سێ ملیۆن کەسە کەچی بە دەیان لێکۆڵینەوەی زۆر نایابیان بە زمانی ئینگلیزی لەسەر ئیزیدییەکان هەیە ئەمە جگە لەوەی سەدانیان بە زمانی ئەرمەنی لەسەر هەمان بابەت هەیە. ئێمە بە کوردی ڕەسەن ناویان دەهێنین، کەچی دەگمەنە کە لێکۆلینەوەیەکی زانستی متمانەپێکراومان لەسەریان هەبێت. ئەمڕۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد لە سەرەتای ئیسلام و پێش ئیسلامدا، یەک بەرهەمی ئەکادیمی باش نییە کە لە زانکۆیەکی کوردستانەوە دەرچووبێت و بتوانیت متمانەی بکەیتە سەر و بە دەگمەن کتێبی ئەکادیمیی کوردی لەسەر ئاینی یارسانی و ئێزدی دەبێنیت.
واتە بۆشایییەکی زۆر گەورەمان لە بواری مێژوودا هەیە کە بوارێکە بۆ کورد زۆر گرنگە. بوونی ئەم بۆشایییە وای کردووە کە کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی نائاشنا بێ بە مێژووی خۆی. لە هەمان کاتدا دەرفەتی دروست کردووە کە هەندێک بەڕێز بێن قسە لەسەر مێژوو بکەن کە هێشتا لە مانای مێژووتۆمارکردن نەگەیشتوون. جا بەهۆی ئاسانی پەیوەندی لەسەر فەیسبوک، زۆرجار ڤیدیۆی خەڵکانی جیاوازم بۆ دەنێرن بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەم لە بۆچوونی ئەو کەسانە لەسەر مێژووی کورد. با بزانین خەڵک بە گشتی چۆن بزانێت کامە مێژووە و کامە هەقایەت گێڕانەوەیە و چۆن لە یەکتری جودایان بکاتەوە؟
مێژوو بابتێکی زانستیە و هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە رووداوەکانی ڕابردوو بە متمانەکردنە سەر بەڵگەی جیاوازی تۆماری مێژوویی، شوێنەواری، زمان و زۆر لایەنی تری فەرهەنگی. لە کاتێکدا کە چیرۆک هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی بابەتێک بە بەکارهێنانی توانای خەیاڵاتی چیرۆکنووس و جوانکردنی شێوەی گێڕانەوە. زۆربەی جار چیرۆک لەغاوی خەیاڵات بەر دەدا بۆ ئەوەی جیهانی گێڕانەوە ڕەنگاوڕەنگ بکا. هەرچەندە هەندێک چیرۆک بابەتەکەی ڕووداوی ڕاستییە بەڵام شێوەی گێڕانەوە و ترشوخوێ‌کردنی بەشێکی گرنگی کاری چیرۆکنووسییە.
جا بۆ ئەوەی کە ئاگادار بین بابەتەکەمان لە مێژوونووسینەوە نەبێ بە چیرۆکنووسین، دەبێت هەمیشە متمانە بکەینە سەر بەڵگە هەمەجۆرەکان کە ئاماژەم پێیان کرد. بۆ نموونە من کە کوردم خۆش دەوێت و حەز دەکەم شتەکان لە بەرژوەندی ئەواندا بێ، ئەگەر متمانە نەکەمە سەر بەڵگە مێژوویییە هەمەجۆرەکان ئەوا حەزەکانم خەیاڵات دەبەن بۆ جیهانێک کە هەمووشتێک کوردییە و هەمووشتێک لە بەرژوەندی کوردە. بە مەبەستی ئەوەی کە ڕێ لەوە بگرم، متمانەکردنە سەر بەڵگەکان و ئەو هەوڵەی من خاو دەکەنەوە و دەیخەنەوە سەر ڕێچکەیەک کە دەیکاتەوە بە مێژوونوسین. لەبەر ئەوە هەتاوەکوو ڕێ بە خەیاڵات و بیروبڕوای خۆمان بدەین کە کۆنترۆڵی نووسینەوەی مێژوونوسینمان بکا، ئەوا مێژووەکە زیاتر سیاسییانە و ئایدۆلۆژییانە دەبێ و نزیک دەبێتەوە لە هەقایەت گێڕانەوە و پێچەوانەکەشی ڕاستە. زۆرکەس کە مێژوو دەنووسێت لەژێر ئەو کاریگەرییەدا بابەتەکەی زانستی نابێ. نموونەش بەگشتی ئەو مێژووەیە کە لە وڵاتی تورکیا و سوریا و عێراق و ئێراندا بەگشتی دەنووسرێ. لە تورکیادا زۆربەی شتەکان لە بەرژەوەندی تورک و لە ئێراندا لە بەرژوەندی فارس و لە سوریا و عێراقدا لە بەرژوەندی عەرەب دەنووسرێت. ئەوە وا دەکا کە کتێبی مێژووییی ئەو وڵاتانە بە ئاگاوە بخوێنرێتەوە و بێ ڕەچاوی ئەو ڕاستییە، مرۆڤ سوودی زانستی لە کتێبی ئەو وڵاتانە نابینێ. کەسمان لە ڕابردوودا نەژیاوین کەس ناتوانێت بڵێ ئەو مێژووە لە سەداسەد ڕاستە، بەڵام هەتاوەکوو متمانە بکرێتە سەر بەڵگەی جیاواز و سەرچاوەی هەمەجۆر، ئەوا نووسینەوەی مێژووەکە زیاتر نزیک دەبێتەوە لە ڕاستی نەک لە سەداسەد ڕاست بێ.
جا کوردیش لەم بوارەدا کەمتەرخەمی نەکردووە و بەهۆی ئاسانی و دەرفەتی سۆشیال میدیاوە هەندێک بەڕێز خۆشیان ماندوو ناکەن کە شتەکانیان بخەنە سەرکاغەز و لەسەر هەمان رێچکە بە ئارەزووی خۆیان خەریکە جیهان دەکەن بە کوردی. بۆ نموونە بەڕێزێک کە لەسەر مێژوو قسە دەکا، دێ دەڵێ کە وشەی قیبلە، بنەچەکەی لە (کۆی بلەکان)ەوە هاتووە، لەبەر ئەوەی ئەمە پەیوەندی بەو کەسانەوە بووە کە سەر بە ئیبراهیم بوون و وشەکە کوردییە. ئەم بۆچوونە لە سەداسەد متمانە دەکاتە سەر خەیاڵاتی ئەو کەسەی کە ئەو بۆچوونە دەدا. لەبەر ئەوەی کە وشەی (قبلة) لە عەرەبیدا مانایەکی ڕوونی هەیە و پەیوەندی بەوەوەیە کە موسوڵمانەکان ڕووی تێ دەکەن و وشەکە ڕەسەنە لە عەرەبیدا و چەندین وشەی تری لێ دروست کراوە. لە کاتێکدا (کۆی بلە) هەقایەتێکی خۆشە بۆ بزواندنی هەستی نەتەوایەتی و هیچ خزمەتێکی تێگەیشتن لە ڕابردوو ناکا و هیچ بەڵگەیەکی لە پشتەوە نیە.
یان دەگووترێت ناوی عیراق لە (ئاو ڕەگ)ەوە هاتووە لەبەر ئەوەی عێراق خاکی دوو
ڕووبارەکەیە. جارێ مرۆڤ دەبێ پرسیار بکا ئەگەر وشەی ئاویش کۆن بێت لە کوردیدا کێ دەڵێ (ڕەگ) کۆنە. ئەمجار عێراق شوێنی ڕووبارەکانە نەک ڕەگی ڕووبارەکان. دووەم؛ کام سەرچاوە بەکار هاتووە بۆ ئەم لێکدانەوەیە؟ لەڕاستیدا هیچ و ئەمە دیسان خەیاڵاتی ئەو کەسەیە کە دەخوازێ هەمووشتێک بە زۆر کوردی بێ. دەنا ناوی عێراق چەند لێکدانەوەیەکی بۆ کراوە کە تا ڕادەیەک متمانە دەکاتە سەر سەرچاوەی مێژوویی. یەکەمیان ئەوەیە کە لە (وروک)ی سۆمەرییەوە گۆڕابێ، کە شارێکی گرنگی دەسەڵاتی ئەوان بووە لە خواروی عێراقی ئەمڕۆدا کە لە تەوراتیشدا ناوی هاتووە بە شێوەی (ئێرێخ). بۆچوونی دووەم؛ ئەوەیە کە لە پەهلەوی وەرگیرابێت لەبەر ئەوەی کە eraq لە زمانی پەهلەویدا مانای (خاکی نزم) دەدا کە ئەمەش لەگەڵ سروشتی عێراقدا گونجاوە، کە لە ڕابردوودا زیاتر بە خواروی عێراقی ئەمڕۆ ناوەکە گوتراوە، هەندێک لێکدانەوەی بنەچەی عەرەبیش بۆ ناوەکە کراوە کە کەمتر متمانەی دەکرێتە سەر. دیارە گران دەبێ بزانرێ کە کام لەوانە لە سەداسەد ڕاستن. بەڵام ئەوانە کۆمەڵێک بۆچوونن کە متمانەیان کردۆتە سەر سەرچاوە و بە دڵنیایییەوە بەکارهێنانی سەرچاوە و لێکدانەوەی زیاتر بۆ هەر یەکێک لەو بۆچوونانە، زیاتر نزیکیان دەکاتەوە لە ڕاستی.
هەمیشە بۆ هەموو کارەکان ڕێچکەی زانستی هەیە. بۆ نموونە کاتێک دەگوترێت وشەی (آمین) لە بنەچەدا عەرەبی نییە لەبەر ئەوەیە کە بە بەڵگەوە پێشتر لە ئایینی جوودا تۆمار کراوە، بە مانای پشتڕاستکردنەوە. وەک ئەوەی کە گوێ لە وتەیەک دەگری، لە کۆتاییدا هەموو دەڵێن (دروستە). وشەکە لە بنەچەدا لە زمانی عیبریدا و لە تێکستی جووەکان و کریستیانەکاندا بەو مانایە بە کار هاتووە. وشەکە هاتۆتە ناو فەرهەنگی ئیسلامییەوە و لە گەڵ کاتدا ماناکەی گۆڕاوە. ئەمانە هەموویان سەرچاوەیان هەیە و هەوڵەکە دەخەنە سەر ڕێچکەیەکی زانستی.
مێژوو کەرەستەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو بە ئامانجی زیاتر تێگەیشتن لە بنەچەی ئەمڕۆ و وانەوەرگرتن لە ڕووداوەکان. جا خوێنەر یان گوێگر بۆ ئەوەی ئەو دوو بابەتە لە یەکتر جودا بکاتەوە دەبێ لە مێشکی خۆیدا هەمیشە پرسیار بکا، لە نووسین و بەرهەمی کەسەکان. ئەم زانیارییەی لە کوێ بوو؟ متمانەی لەسەر کام سەرچاوەیە؟ چۆن دڵنیایە کە کورد ئەو سەردەمە ئەو وشانەی بە کار هێناوە؟… بەو جۆرە پرسیارەکان زیاتر هاوکاریمان دەکەن کە مێژوو و چیرۆکنووسین لە یەکتری جودا بکەینەوە.
جا بە کوردیکردنی مێژوو بابەتێکی خۆشە بۆ هەندێک گوێگری ئاسایی لە بزاواندنی هەستی نەتەوایەتییاندا بەڵام بە هیچ شێوەیەک سوود بە تێگەیشتنمان لە ڕابردوو و ئەمڕۆ ناگەیەنێ و ئەو ئاڕاستەی کارکردنە زیاتر لە خانەی هەقایەتی خۆشدا دەمێنێتەوە. ئێمە ئەمرۆ پێویستمان بە تێگەیشتنە لە هەزاران لەو بەڵگە دێرینانە کە لە ڕابردوودا لەسەر کوردستان نووسراون و ئێمە بەگشتی ئاگاداری زۆرینەیان نین. تێگەیشتن لەو بەڵگەنامانە زیاتر هاوکاریمان دەکا لەوەی کە لە خۆمان و فەرهەنگەکەمان تێ بگەین، وەک لە خەیاڵاتی بە کوردیکردنی مێژوو.
وەک لە سەرەتای ئەم بابەتەدا ئاماژەم پێ کرد، کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە لە بواری مێژوونووسینەوەدا زۆر هەژارە. هەوڵی نوسینەوەی ئەو مێژووە و دەوڵەمەندکردنی، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و پەیڕەوکردنی ڕێچکەی لێکۆڵینەوەی دروست دەبێ، نەک بە خەیاڵاتی بەکوردیکردنی جیهان، کە هیچ سوودێکمان پێ ناگەیەنێ، جگە لە بزواندنی هەستی نەتەوایەتیمان و ئەو هەوڵانە تەنها لە خانەی هەقایەتی خۆشدا دەمێننەوە. هەقایەت‌گێڕانەوە ئاسانترە لە مێژوونوسینەوە، لە کاتێکدا لەوەی یەکەمیاندا بە ئارەزوو شتەکان لێک دەدرێتەوە و لەوەی دووەمیاندا هەمیشە بە هەوڵدانی زۆر و گەڕان بە دوای بەڵگەنامە و لێکدانەوەیان و پەیڕەوکردنی ڕێچکەی زانستی ئەنجام دەدرێ.




مەتەڵی کوردانە و پرسیاری فەلسەفی

من کێم، یەک لەو پرسیارانەیە کە نەک بۆ مرۆڤی کورد، بەڵکوو بۆ مرۆڤی سەردەم پرسیارە. ئەم پرسیارە وڵامی هەمەچەشنی دەدرێتەوە. کۆمەڵێک خۆیان بە ئێرانی دەزانن و خۆیان لەواندا قاڵ کردووە و توواندۆتەوە، ئەویتر خۆی لە گەڵ ناسنامەی عوسمانلی و عێراقی و سووریی ڕێکخستووە. زۆرینەش خۆی لە ئیسلامدا دیتۆتەوە و حەول دەدەن ئەمڕۆ و دواڕۆژی کورد بە ئیسلامەوە هەڵواسن، هێندێک گەرەکیانە کورد لە ڕابووردودا بخنکێنن، ئەوانی دی هەموو ڕابووردو دەکەنە قووربانی ئەوڕۆژانەیان کە بە مودێڕن و پێشکەوتووی دەزانن.

لە بەینی ئەوانەشدا دەیان تیرە و ئایین و باوەڕ هەیە، کە لاینەگرانی لە جەغزی خۆیاندا دەسووڕێنەوە. جوغرافیای “من کێم” لە کوردستان گەلێک ئاڵۆزە و “ڕووناکبیر و نوخبە” لە خەڵکی ئاسایی ئاڵۆزتر دەنوێنن و خۆیان زۆرترین دەوریان لە ئاڵۆزکردنی پرسیار و وڵامی “من کێم”دا هەیە. “من کێم” لە جیاتی پرسیار، بۆتە مەتەڵ!

گەر ئەم توێژە بە سەدان ساڵ خۆی لە ناو ئایینەکان و نەتەوە و تیرەکانی دژ بەخۆیدا دیتبێتەوە و مریدی ئەم و ئەو بووبێ، ئێستا کە ماوەکەی لە سی ساڵ تێناپەڕێ، پەنجەرەیەکی تر بۆ خۆبێگانەهێشتنەوە و خولانەوە لە بیروهزری ئەم وئەودا دۆزراوەتەوە. ئەوەش لە زانستگا و بازنەی “ڕووناکبیر و نوخبە” و بە ناو فەیلەسووفی فارسەکانەوە دەستی پێکردووە و گواستراوەتەوە بۆ زانستگا و بازنەی “ڕووناکبیری” باشوور و ڕۆژهەڵات!

ئاوڕدانەوە لە بیروهزر و فەلسەفەی ڕۆژئاوا بە درێژایی سێ هەزار ساڵ بوونی، پێویستە و دەبوو کورد هەر لە گەڵ یۆنانییەکان ئەو رێگایەی بڕیبا، کە دەرفەتی مێژوویی هەڵبژاردنی ڕێگایەشی هەبوو. ئەوەی ئەمڕۆ دەبیندرێ چەرخەکە هەروەک پێشوو دەسووڕێ و لە پاڵ بازنەکانی پێشووی مورید و موراد، بازنەی مورید و مورادی نوێ پەیدا بووە، کە گەرەکیە خۆی بە مێتۆد و تئۆریی و تێگەیشتنی فەیلەسووفانی کۆن و نوێی ڕۆژئاوا گۆژ بکات، کە جگە لە ئاڵۆزی فرەتر، پرسیارەکانیان هەر وەک خۆی بێ وڵام دەهێڵێتەوە!

فەلسەفەی ڕۆژئاوا گەلێک سوودی دەبێ، گەر فراوانی بە بیر و تێگەیشتن ببخشێ و کەسەکە “سەر و تێگەیشتنی” هی خۆی بمێنێتەوە و نەبێتە لاساییکەرەوەیی “زەین و هزری” ئەو کەسەی کتێبەکەی دەخوێنێتەوە. چەپ و کۆمۆنیستەکانی کورد کتێبە بە فارسی و عاڕەبی و تورکی کراوەکانی مارکس و لەنین و ستالین و مائۆیان لە بن هەنگڵیان دەنا و ڕێک وەک مەلاکانی قوڕعانخوێن دەکەوتنە شەڕەقسە و شەڕە چەقە لە گەڵ یەک، شاعیر جێگای خودا و ستالین و لەنینی لە گەڵ یەک دەگۆڕییەوە و دەپاڕاوە کە ڕزگاریان بکات.

ئەمە بواری هونەر و فەرهەنگ و سینەما و شانۆشی گرتبووە و زۆرکەس کڵاوی لاریان لە سەری خۆیان دەنا و پێیانوابوو بوونەتە بڕێشت و ستانسڵاوسکی و…! کابرا ریش وسمێلی هەڵدەپاچی و خۆی وا دەنەخشاند کە سیمای لە سیمای ولادیمیر بچێ. سەرئەنجامی ئەم ڕێگایە، داماڵین لە خۆ و گەیشتنە نامۆیی و بێگانەبوون و وەڕەزبوون لە خۆ بوو.

هزر و بیر و فەلسەفە و تێگەیشتنی جیهان وەک سفرەیەک لە بەر دەستی هەرکەس و هەموو کەسدایە، بە تایبەت لە سەردەمی دیژیتاڵی، هەر ئەوە خۆی دەبێتە هۆی خۆ گووم کردن، خۆنەدیتنەوە. هەر وەک چۆن لە کەرەسەکانی سەردەم کەڵکوەردەگرین، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە وڵاتی ئێمە کەرەسەی تایبەت بە خۆی دەوێ بۆ ئەوەی هەم بە ڕێگا ڕاستەکاندا بڕۆین و هەم بە شاخ و چیا و دۆل و لێڕەوارەکاندا تێپەڕین.

هاوکات کە ئێمەی کورد و وڵاتەکەمان بەشێک لە جیهانە، لە هەمان کاتدا دەبێ بزانیین خۆمان کێین. ئێمە لە ئاوێنەی بەرانبەرەکەماندا ناتوانیین خۆمان ببینیننەوە، ناتوانیین وڵامی پرسیاری “من کێم” لەوان وەرگرین. ئەوان سەدەکانە بە دڵی خۆیان ئێمە پێناسە دەکەن، بۆشیان گونجاوە لە بەر ئەوەی ئێمەی خۆمان وڵامی پرسیارەکانی خۆمان لە خۆماندا نەدۆزیوەتەوە. ئەو ڕووناکبیر و نوخبەیەی کە خۆی بە پێوانەی “ئوستادەکەی، مورادەکەی، پەیامبەرەکەی، خوداکەی” دەناسێنێ، “خۆی” نییە.

ئەمڕۆ بیرمەندان و فەیلەسووفانی سەردەم لە ڕۆژئاوا خۆیان ڕووبەڕووی گەلێک پرسیار بوونەتەوە کە وڵامی نوێی پێویستە، نۆیڕۆلۆژیی، دیژیتالیسم، فیزیک و ماتماتێک و گەلێک بەستێنی تر، گۆڕانیان لە ژیان و بیرکردنەوە و بایخ و نڕخەکانی پێشوو پێکهێناوە، کە فەلسەفە و فەیلەسووفی ڕووبەڕووی چەشنێک لە وەستان کردووە، بۆ ئەوەی بیر لە وڵامەکان و ئێستا و داهاتوو بکاتەوە.

کوردیش لە سەردەم و بارودۆخێکدا خۆی دەبینێتەوە کە زۆرێک لە پرسیارەکانی پێشووی وڵام نەدراوەتەوە و سەرباری ئەوە ڕووبەڕووی پرسیاری نوێ بۆتەوە، کە ئەو توانایە لە خۆی نیشان نادات، تاوتۆیان کات.
لەوە دەچێ “ڕووناکبیر و نوخبە”ی کورد نەک خۆی لە وەستاندا ببینێ، بەڵکوو لە گێژاودا دەسووڕێتەوە، کە ترسناک دەنوێنێ.

برایم فەڕشی




کاوەی ئاسنگەر پاڵەوانێکی ئەفسانیی کورد یان “خائینێک” ێک؟

ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە زانکۆ لە شاری بەغدا دەمخوێند. ئەو کات ئەنتەرنێت نەبوو بۆیە هەواڵی کەسوکار و ناوچەکانی خۆمان بە تەلەفۆن وەردەگرت. دوانیوەڕۆی ٢٠ ی مانگی نەورۆز بوو و ئێمە کۆمەڵێک هاوڕێ بەیەکەوە بووین و تەلەفۆنمان بۆ کەسوکارمان دەکرد بۆ هەواڵ پرسین. کە کەسوکار بە تەلەفۆن باسی ئاگرکردنەوە و ئاهەنگێرانی نەورۆزیان بۆکردین، لەو دوورەوە بەو هەوالانە گەشکە بووین و کەوتینە ناو کەشوهەوایەکی کوردانەوە و بەپەلە گەڕاینەوە ماڵەوە. لەو باڵەخانەیەی کە شوقەیەکمان لە بەرزترین نهۆمیدا گرتبوو، لە سەربانەکەیدا ئاگرێکی گەورەمان کردەوە بە مەبەستی ئاهەنگێڕانی نەورۆز. خەڵکی گەڕەکەکە ئاگاداری ئەوە نەبوون، وایانزانی بیناکە گڕی گرتووە و ترسابوون. بۆیە تەلەفۆنیان بۆ تیپی ئاگرکوژانەوە کردبوو و ئەوانیش بەپەلە گەیشتنە سەرمان. دواتر کە تیپی ئاگرکوژانەوە هاتن، ئەمجا خەڵکی گەڕەک تێگەیشتن کە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕین و هەرچۆنێک بوو مەسەلەکە چارەسەر کرا.

دڵنیام هەزاران کورد چیرۆکی جیاوازی لەو جۆرەیان هەیە لەگەڵ نەورۆز لەبەر ئەوەی کە بۆ هەموو کوردێک ئاگری نەورۆز و کاوە بوونەتە دوو سیمبوڵی مەزنی داکۆکی کردن و بەشێکی گرنگی ناسنامەی نەتەوەیی کورد. داگیرکەرانی کوردستانیش دەرکیان بە گرنگی ئەو سیمبوڵانە کردووە لە ناو کورد دا و بەشێوەی جیاواز ویستویانە لەو سیمبوڵانە بدەن. ساڵی پار چەتەکانی تورکیا کاتێک چوونە ناو شاری ئەفرین (عەفرینی)ی ڕۆژئاواوە، دەستبەجێ پەیکەری کاوەیان شکاند وەک ڕەتکردنەوەی ئەو سیمبوڵە کوردیە. ئەوە یەکەم جار نەبوو کە هێزیكی داگیرکەر ئەوە بکات، لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک کە لە شاری سلێمانی پەیکەری کاوە دروستکرا، ئەو ئێوارەیەی کە پەردە لەسەر پەیکەرەکە لابرا، خەڵکی شارەکە بە دەوریدا سروودی ئەیڕەقیبیان ووت. ئەمە وایکرد دەسەڵاتدارانی حیزبی بەعس پاش چەند ڕۆژێک بە شۆڤڵ ئەو پەیکەرەی کە سیمبوڵی بەرخوادنی کوردان بوو، بڕوخێنن. ئەمانە تەنها دوو نموونە بوون، دەنا دڵنیام سەدان حاڵەتی لەو جۆرە لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا و لەبەشەکانی کوردستاندا ڕوویداوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە لەم چەند ساڵەی دواییدا خەریکە کورد خۆی دەبێتە بەشێک لە هەوڵی تێکشکاندنی کاوەی ئاسنگەر و ئێستاکە ساڵ بە ساڵ خەریکە واز لە کاوە دێنین و ئەو گەرموگوڕیەی جارانمان بەرامبەری نەماوە و تاڕادەیەک لە نەورۆزدا خۆمان لە کاوەی ئاسنگەر گێل دەکەین. ئەویش لەژێر کاریگەری بۆچوونی دانانی کاوەیە بە “خائین و جاش و خۆفرۆش” کە لەلایەن خاوەنی دوو جۆر فکری جیاوازەوە بنیات نراوە؛ یەکێکیان ئەوانەن کە نەورۆز و ئاهەنگێڕانەکەی لەگەڵ بۆچوونی ئاینیاندا ناگونجێت و بە ئاهەنگێکی کافرانەی دەبینن ئەوی دووەمیان لە ڕوانگەیەکی تەسکی ناسیۆناڵیستیانەوە، کاوەیان کردووە بە فارس و ئەژدەهاک (هەژدیها) یان کردووە بە کورد. بەو جۆرە لەم چەند ساڵەی دواییدا کاوەی ئاسنگەر و ئەم جەژنە کەوتوونەتە بەردەم هێرشێکی ناڕاوا کە مرۆڤ دڵتەنگ دەکات. ئەوانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن و مەبەستیان بێت، بوونەتە بەشێک لە هەوڵی تێکشاندنی فەرهەنگی کوردی. بۆیە لەم بابەتەدا بەپێی سەرچاوەکان هەوڵی تێگەیشتن لە ئەژدەهاک و کاوە دەدرێت.

ئەوانەی ئەو بۆچوونە نەرێنیەیان لەسەر کاوەی ئاسنگەر دروست کردووە، تەنها لەسەر یەک بنچینە ئەو بۆچوونەیان گەڵاڵە کردووە، ئەویش ناوی دوایەمین پاشای میدە کە (ئەژدەهاک/هەژدیها/ئەستیاگ/زوحاک) بووە. لە ڕاستیدا ناوی ئەو پادشا میدە/کوردە مانای (هەژدیها) ی ئەمڕۆ دەدات هەر چەندە لە مێژوودا بەشێوەی جیاواز و بە زمانی جیاواز تۆمارکراوە. ئەوان تەنها لەسەر ئەو ناوە و بێ هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی و بەپێی دەرئەنجامی ئەو کەسانە، کاوە فارس بووە و ئەژدەهاک پاشایەکی میدی بووە و فارسەکان ئەم چیرۆکەیان دژی کورد دروست کردووە. لەبەر ئەوە زۆر بە ئاسانی بڕیاریان داوە ئەژدەهاک پیاوی چاک و مید/کورد بووە و کاوەش فارس بووە و دوژمنی کورد. بابزانین سەرچاوە مێژووییە دێرینەکان چیمان سەبارەت بە نەورۆز و کاوە پێ دەڵێن.

کۆنترین سەرچاوەی کوردی و تا ڕادەیەک جیهانی کە من ئاگاداری بم و باسی مێژووی نەورۆزی کردبێت، نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەومەبەر بووە لەلایەن زانای مەزنی جیهانی کورد، ئەبو حەنیفەی دینەوەری کە لە دایکبووی شارۆچکەی دینەوەری نزیک کرماشان بووە و یەکەم کەس بووە لە مێژوودا کە مێژووی کوردی نووسیوە. ئەبو حەنیفە لە کتێبی مێژووەکەیدا بە ناوی (کتاب اخبار الطوال) کە مێژووی مرۆڤایەتی بە بۆچوونی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە (کۆپیەکی لای بەندەیە)، ئاماژە بە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو جەژنە دەکات. دینەوەری مێژوو بە ئادەم دەستپێدەکات و باسی چەند بەرەیەکی ئادەم دەکات، دواتر دەگاتە نوح و چیرۆکەکەی دەبەستێتەوە بە ناوچەی جەزیرە و بۆتانەوە. ئەمجا باسی سام- ی کوڕی نوح دەکات. دینەوەری دەڵێت سام کاروباری بەرەکانی ئادەمی گرتبوە دەست، زستان لە خاکی جوخی و هاوین لە موسڵ دەژیا. سام ڕێگەی هاتوچۆی بە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕوباری دیجلەدا بوو، بەهۆی ئەوەوە شاری سامەرا (سامراء) ناونراوە (سام ڕا) واتە (ڕێگەی سام). هەروەها بەردەوام دەبێت و دەڵێت دوای سام، کوڕەکەی کە ناوی شاڵخ بووە، دەسەڵاتی گرتە دەست و ئەمجا دوای مردنی ئەویش دەسەڵات چووە دەست برازاکەی بە ناوی (جەمی کوڕی ویونجهانی کوڕی هەرفەخش)، کە ئەو بناغەی سەرەتای پادشایەتی دانا و ڕۆژی نەورۆزی کرد بە جەژن. هەر لەسەردەمی ئەودا بووە کە زمانەکان لە یەکتر جودا بوونەوە.

لە ڕاستیدا دینەوەری بێ ئەوەی ئاگادار بێت، هەر هەمان چیرۆکی مێسۆپۆتامیای دێرین لەسەر سەرەتای جودابوونەوەی زمانەکان و دەستپێکردنی پادشایەتی و بابەتی نوح، دەگێڕێتەوە. لە مێسۆپۆتامیادا پێیان وابووە کە سەرەتا یەک زمان قسەکراوە و دواتر خوداکان زمانی خەڵکیان جوداکردۆتەوە و دیسان باسی سەرەتای دروستبوونی پادشایەتیان کردووە و لە مێسۆپۆتامیا ناوی زیوسودرایان لەبری نوح بەکارهێناوە. هەر هەمان ئەم چیرۆکەیە تەورات بە گۆڕانێکی کەمەوە لە مێسۆپۆتامیای وەرگرتووە و دیسان ئەویش سەرەتای جودابوونەوەی زمانەکانی وەک ئەوان بە گۆڕانێکی کەمی ناوەکانەوە تۆمارکردووە. واتە هەمان ئاهەنگی نەورۆز لە سەرەتای شارستانیەتەوە بە ناوی جیاوازتر گێردراوە و بەستراوە بە چیرۆکی نەمرود و نوح و ناوچەی موسڵەوە کە ڕابردەوەکەی بە کوردەوە گرێدراوە. وەک سەرچاوەی مێژوویی، سەری ساڵ لە مانگی سێ و چواردا لە سەرەتای شارستانیەتی مێسۆپۆتامیاوە هەبووە بەڵام بەهۆی پەیوەستبوونی ئەو جەژنە بە ژیانەوەی سروشتەوە، دەشێت تەمەنی زیاتر لە دە هەزار ساڵ بێت.

ئەو سەرچاوانەی سەرەوە دێرینی ئەو جەژنەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە. بەڵام سەرچاوەیەکی تری زۆر نایاب نزیکی هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر و زیاتر لە چوار سەد ساڵ پێش دینەوەری، ناسنامەی ئەژدەهاکمان بۆ یەکلایی دەکاتەوە. موسای خۆرێنی (موسای خۆرێناتسی) ( لەدایکبووی ٤١٠ ز) لە کتێبێکی نایابدا بە ناوی (مێژووی ئەرمینیا) کە بەشێکی باشی باسی میدەکانە، مێژووی ئەرمینیای نووسیوە. خورێنی لە بەشێکی کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دوای مردنی ئەژدەهاک/هەژدیهای دوایەمین پاشای مید، نزیکی دە هەزار کەس لە دەستوپێوەند و کەسوکار و ژن و منداڵی لە ئەرمینیا نیشتەجێ کران. ئەو مێژوونوسە بۆ گەورەکردنی ڕۆڵی پادشای ئەرمەنی تیگران، دەڵێت ئەو پادشایە بە دەستی خۆی هەژدیها/ئەژدەهاکی دوایەمین پادشای میدی کوشتووە. تەنانەت ناوی ژنە گەورەکەی ئەژدەهاکی میدی دەنووسێت و هەروەها ناوی ژنە ئەرمەنیەکەی پادشای مید دەنووسێت کە خوشکی پادشای ئەرمەنی تیگران بووە. بە بەپێی موسای خۆرێنی هەتا ئەو کاتەی سەردەمی ئەو مێژوونوسە، بابەتەکە لە ناو خەڵکی ئەرمینیادا ئامەژەی پێکراوە و تەنانەت خۆرێنی دەڵێت، ئەوە وەک گۆرانی لە ناو خەڵکی ئەو ناوچەیەدا دەگێردرێتەوە کە میدەکانی لێبووە و لەسەردەمی ئەویشدا هەر میدەکان لەوێ مابوون. هەروەها دەشڵێت ئەو خەڵکانە خۆیان بە بەرەی هەژدیها دادەنێن لەبەر ئەوەی کە بە زمانی ئێمە (مەبەستی ئەرمەنیە) بە مید دەڵێین (مار). تەنانەت باس لەوە دەکات کە دوای نیشتەجێ بوونیان، دواتر هەندێک لە پادشا گەورەکانی ئەرمینیا لەبەرەی ئەژدەهاکی میدی بوون و لە ئەرمینیادا حوکمڕان بوون.

موسای خۆرێنی سەر بە قوتابخانەی یۆنانی بووە لە مێژوونوسیندا بۆیە ئەفسانەی قبوڵ نەبووە. لەژێر کاریگەری ئەم قوتابخانەیەدا لە بەشێکی تری کتێبەکەدا لە ژێر ناونیشانی “لە ناو ئەفسانەکانی فارسدا” باسی ئەو مێژووە دەکات کە فارسەکان چەند بەشێوەیەکی خەیاڵی ئەفسانەیی نووسیویانە و باسی پادشایەکی ئەفسانەیی بە ناوی ئەژدەهاکی بیورئەسپ دەکات کە مانای ناوەکەی (ئەژدەهاک/هەژدیهای هەزارئەسپ) ە، موسای خورێنی بە تەواوی وەک پاشایەکی جیاواز لە ئەژدەهاکی میدی و سەر بە سەردەمێکی جیاواز باسی دەکات. سەبارەت بە ئەژدەهاکی بیورئەسپی ئەفسانەیی، خورێنی ئاماژە بە بێمانایی ئەو ئەفسانەیەی فارسەکان دەکات و چیرۆکی فەرەیدون و ئەژدەهاک دەگێڕێتەوە کە لە شاخی دەماوەند ئەژدەهاک دەکوژێت، دوای ئەوەی کە گاڵتەیەکی زۆر بە ئەفسانەی فارسەکان دەکات ئەمجا بەپێی سەرچاوەکان ئەو دەڵێت ئەمەیان گونجاوە و دەڵێت “ئەوەی کە فارسەکان پێی دەڵێن ئەژدەهاکی پیورئەسپ ئەوان بە باوباپیری خۆیانی دادەنێن: ئەو پادشایە لەسەردەمی نەمرود دا ژیاوە. ئەو کاتەی کە زمانەکان دابەش بووە لە جیهاندا”. بە ڕوونی دەردەکەوێت کە موسای خورێنی هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر ئەژدەهاکی پادشای میدی وەک پادشایەکی مێژوویی مید و بابەتێکی مێژوویی باسکردووە کە بەرەکانی لە ئەرمینیادا نیشتەجێ بوون، تەنانەت ناوەکانیشیان جیاواز بووە و تەنانەت دەڵێت خەڵکی ئەو ناوچەیە لە لە ڕۆژانی ئەو مێژوونوسەدا هەر میدی بوون و لای ئەو مێژوونوسە ئەژدەهاکی یەکەم پادشایەکی مێژوویی مید بووە و ئەژدەهاکی میدی بووە و ئەوەی دووەم ئەژدەهاکی بیورئەسپ و پادشایەکی ئەفسانەیی بووە کە فارسەکان بە کۆنترین پادشای خۆیان دایانناوە، کە هەرچەندیشە موسای خۆرێن دواتر دەڵێت “ئەو پادشایە بە ناوێکی نزیک لەوە لە کتێبی کلدانەکاندا لەو سەردەمەدا هەبووە”، واتە ئەژدەهاکی نەورۆز، پادشایەک و چیرۆکێکی تەنها فارسی نەبووە و فارسەکان بە شێوەی خۆیان گێڕاویانەتەوە. ئەو دواتر ئەفسانەکە بە شێوەکی جیاواز لەوان دەگێڕێتەوە و ئەفسانەکە هی خەڵکی ناوچەکە بووە نەک فارس. واتە هەرچەندە فارسەکان ئەژدەهاکی بیورئەسپی ئەفسانەیی نەورۆزیان بە باوباپیرانی خۆیان داناوە سەرەڕای ئەوە سەرچاوەی تری کلدانی بە شێوەی تر گێڕاویانەتەوە.

واتە زانیاریەکانی دوو مێژوونوسی دێرین بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەخەنە ڕوو کە ئەژدەهاکی پەیوەست بە نەورۆز بەستراوەتەوە بە سەردەمی نوح و نەمرودەوە و ناوچەی ئەفسانەکەش وڵاتی بەناو ئێران نەبووە، بەڵکو موسڵ/کوردستان بووە. موسای خۆرێنی بە ڕوونی و بە جودا و لە ژێر ناوێکی جیاوازدا ئەژدەهاکی یەکەم دەناسێنێت بە ئەژدەهاکی بیورئەسپ و وەک ئەفسانەیەک سەیری کردووە و بە جودا و بە ناوی ئەژدەهاکی میدی مێژووی پادشایەکی تری گێڕاوەتەوە و وەک بابەتێکی مێژوویی ڕوون مامەڵەی لەگەڵ ئەژدەهاکی میدیدا کردووە و چەندین بەڵگەی لەسەر هێناوەتەوە. بۆ نموونە ئەوەی کە بەرەی ئەو پادشایە لە ئەرمینیا دواتریش هەر پادشا بوون و وەک بەیت ئەو بابەتە لە ناو خەڵکی ئەو ناوچانەدا بە گۆرانی گووتراوە. بەو جۆرە بە دوور و نزیک جگە لە ناوەکەیان کە ئەویش جیاوازی تێدا بووە، ئەو دوو پادشایە هیچ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نەبووە و لە دوو ناوچە و دوو سەردەمی جیاوازدا باسکراون. مێژوونوسی کورد، ئیبن ئەسیر (١١٦٦-١٢٣٣ ز) و تەبەری (٨٣٩- ٩٢٣ ز) و مەسعودی (٨٩٦-٩٥٦ ز) یش بە هەمان شێوە ئەژدەهاک و نەمرود بە هەمان کەس دادەنێن و ئەوانیش بەشێوەیکی تر هەر دووپاتی بەشێک لە قسەکانی ئەو دوو مێژوونوسە دەکەنەوە.

ئەی ئەم جەژنە و کاوە پەیوەندیان بە کوردەوە هەیە؟
زانا و مێژوونوسی کورد ئەبوحەنیفەی دینەوەری، لە بەشێکی کتێبەکەیدا باس لە بنەچەی کورد دەکات. دینەوەری هاتووە چیرۆکی زوحاکی بیورئەسپی ئەفسانەیی دەگێڕێتەوە و ئەویش دەڵێت کە ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە لە دەست کوشتن و زوحاک دەرباز دەکران و ڕوویان دەکردە چیاکان، نەتەوەی کوردیان لێ پێکهات. لە ڕاستیدا ئەم ئەفسانەیە لەسەر کورد، لای مێژوونوس مەسعودیش دووبارە بووەتەوە. لە هۆنراوەی یارسانیشدا دیسان ئەو خۆبەستنەوە بە کاوە و ئەفسانەی زوحاکەوە دەردەکەوێت. شاوەیس قولی کە لە نزیکی ساڵی ١٤٠٧ز لە گوندی دەزرزیانی شاهۆ دایکبووە، واتە نزیکی شەش سەد ساڵ لەمەوبەر، دەبینرێت کورد بوون و گوزارشکردنی لە لەناوبردنی زوحاکدا بە شێوەکی زۆر سەرنج ڕاکێش دەخاتە ڕوو کاتێک کە بە هەورامیەکی شیرین یێژێت:

ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد
بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد
من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد
سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد

واتە “من بنەچەم کوردە و باوباپیرانم کوردە و لە ڕەگەزی کوردم، من ئەو شێرەم کە لەگەڵ کۆمەڵێکدا سوپای زوحاکمان وورد کرد”. لێرەدا شاوەیس قولی نزیکی شەش سەد ساڵ لەمەوبەر زۆر بەڕوونی ناسنامەی کوردبوونی بەستۆتەوە بە کاوەی ئاسنگەرەوە و ئەویش وەک سیمبوڵێکی کوردان ئاماژەی پێکردووە کە بەشێک بووە لەو دەستە کوردەی ئەژدەهاکیان لەناوبردووە. واتە ئەم شیعرەی شاوەیس قولی لەگەڵ قسەی ئەبوحەندیفە و بەستنەوەی کورد بە چیرۆکی کاوە و زوحاكەوە مێژوویەکی دێرینی هەبووە. ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧ ز) یش بە ووردی باسی جەژنی نەورۆز و سەرساڵی لە ناو کورداندا کردووە بێ ئەوەی کە باسی کاوە بکات. ئەحمەدی خانی زیاتر لە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر لە مەم و زیندا باسی نەورۆز و خۆشی و شادی ئەو ڕۆژە لە ناو کورد دا بەم شێوەیە دەکات:

دەورا فەلەکی ژ بەختێ فەیروز
دیسان کو نوما ژ نوڤە نەوروز
مەبنی ل وێ عادەتێ موبارەک
شەهری یو سوپاسی یان ب جارە
.
.
.
سەرسالی و باکیر و روالان
سەد سالی و جوان و پیر و کالان
سەرسال ل رەسم و راهێ مەعهوود
گیرا ل جیه و مەقامێ مەحموود

ئەم جەژنە بە شێوەیەک لە ناو کورد دا ڕەگی داکوتیوە، کە هەتاوەکو نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر شارۆچکەیەک لە شارەزوور ناوی (مێرکاوە) بووە و هەر بە ناوی کاوەی ئاسنگەرەوە ناونرابوو.

یەکێک لە ڕێوڕەسمە هەرە گرنگەکانی نەورۆز لای کورد ئاگرەکەیە. تا ساڵی حەفتاکان لەسەربانی هەموو ماڵێک لە هەندێک ناوچەدا ئاگردەکرایەوە. لە جەژنێکی تریشدا کە لە کۆتایی مانگی هەشت و لە دامێنی چیای دەماوەند/زەماوەند دا (جەژنی کورد) بەڕێوە چووە، لەوێدا هەتاوەکو ساڵی ١٨٢٠ خەڵک لەسەر سەربانی ماڵان هەموو ساڵێک ئاگریان بە بۆنەی ئەو جەژنەوە کردۆتەوە و جەژنەکەش ناوی (جەژنی کورد) بووە. واتە ئەو شوێنەی کە ئەژدەهاکی ئەفسانەیی تێدا کوژراوە، هەر لەوێدا جەژنی کورد بەڕێوە چووە. واتە لە هەموو سەردەمێکدا و تەنانەت بنەچەی دروستبوونی کوردیش بەو ئەفسانەیەوە بەستراوەتەوە و بەشێکی گرنگ بووە لە فەرهەنگی کوردی. هەروەها ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوجەکانی کوردستان، لە کرمشانەوە هەتاوەکو باکوری کوردستان، لە هەندێک شوێندا هێشتا خەڵک بۆ ئەم جەژنە وەک سەردەمی دێرینی مێسۆپۆتامیا هێلکە ڕەنگ دەکەن کە ئەوە دیسان دێرینی ئەو جەژنە لە ناو کورد دا دووپات دەکاتەوە.

ئەنجام
وەک ڕوونکرایەوە ئەژدەهاکی پادشای میدی بابەتێکی مێژووییە و ئەژدەهاکی بیورئەسپ و کاوە، پادشا و پاڵەوانێکی ئەفسانەیین و چەندین سەرچاوەی مێژوویی جیاواز ئاماژەیان بەوە کردووە و گرنگترینیان ئەوەی موسای خۆرێنیە کە میدەکانی ناسیوە و هەتاوەکو سەردەمی ئەویش هەر بە مید ناسراوبوون و بە تەواوی بە جودا ئەو دوو پادشایەی باس کردووە. بەو جۆرە زۆربەی گێڕانەوەکان هەمان ئەو چیرۆکەی مێسۆپۆتامیایە بەشێوەی نوێتر و بنەچەی شوێنی ئەفسانەکە ناوچەی موسڵ و دەروبەری بووە نەک وڵاتی بەناو ئێران، هەرچەندە فارسەکان بە شێوەی جیاوازی خۆیان گێراویانەتەوە. بۆیە دەشێت تەمەنی ئەو جەژنە زیاتر لە دەهەزار ساڵ بێت. وەک لە شیعرەکەی شاوەیس قولیدا دەردەکەوێت، زیاتر لە شەش سەد ساڵ لەمەوبەر کورد کاوەی بە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی کوردی سەیکردووە. بەپێی سەرچاوەکان، ئەو پادشا ئەفسانەییە دێرینە، فارسەکان بە باوباپیرانی خۆیان دایان ناوە سەرەڕای ئەوەی کە سەرچاوەی تر بۆچوونی جیاواز بووە. ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕوودەدات، نەزانی هەندێک لە نووسەری کوردە کە زۆر خەمساردانە پاڵەوان و ئەفسانەیەکی دێرینی کوردی کە هەزاران ساڵە بە شێوەی جیاواز لە ناوباوباپیرانماندا دەگێڕدرێتەوە و بووە بە بەشێکی گرنگ لە فەرهەنگمان، بێ هیچ لێکۆڵینەوە و هەوڵێک بۆ تێگەیشتن، خەریکە مۆرکێکی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی خۆیانی لێ دەدەن و بەوجۆرە فەرهەنگ و مێژوومان تێک دەدەن. هەموو ئەم بۆچوونە بێمانایە تەنها لەسەر لێکچوونی دوو ناو ڕوویداوە، دەنا ئەو دوو پادشایە بە دوور و نزیک پەیوەندیان بەیەکەوە نیە. زۆر جار مرۆڤ شەرم دەیگرێت کە نووسین و ئاخاوتنی هەندێک لەو نووسەرانە دەبینێت بەرامبەر بەو پاڵەوانە ئەفسانەییە کە هیچ بنەمایەکی تێگەیشتن و ڕێزگرتنیان تێدا نیە و زۆربەیان لەوە نەگەیشتوون کە کاوە و ئەژدەهاک ئەفسانەن نەک مێژوو. واتە نە ئەژدەهاکی ئەفسانەیی کورد بووە و نە کاوە فارس و نە پێچەوانەکەشیان. چیرۆکی کاوە و ئەژدەهاک، لە سەرەتای شارستانیەتەوە بەشێوەی جیاواز دەگێردرێتەوە و سەردەمانێک ئەو ئەفسانەیە هەبووە کە فارس هێشتا ناوی لە مێژوودا تۆمار نەکراوە و هەر نەتەوەیەک بە شێوەی خۆی گێڕاویەتیەوە، بەڵام هەرگیز ئەو ئەفسانەیە دژی کورد نەبووە. بە هیچ شێوەیەک لە مێژوودا بابەتی کاوە و زوحاک بابەتێکی کێشەی دوو نەتەوە نەبووە، ئەو لایەنە نەتەوەییە هەڵبەستراوی نووسەری کوردە لەسەردەمی نوێدا. زۆر لە کاردانەوەکانی نووسەری کورد چاوەروانکراون، ئەندامانی نەتەوەی داگیرکراو زۆر جار ڕقیان لە دابوونەریتی خۆیانە و هەمیشە بە دوای ئەوەوەن کە گاڵتەی پێبکەن و بە شێوەی جیاواز ڕەتی بکەنەوە (پێشتر بابەتم لەسەر ئەمە نووسیوە و لە خوارەوەدا لینکەکەی دادەنێم).

هیچ گومانێک نیە لەوەدا کە ئەفسانەی نەورۆز و کاوە بە فەرهەنگ و مێژوومانەوە گرێدراون و ڕەگێکی قوڵیان تێدا داکوتیوە، بۆیە نابێت هەرگیز وازیان لێبهێنین. دەبێت بۆ هەتایی کاوەی ئاسنگەر پاڵەوانی ئەفسانەیی و ئەو ئاگرە پیرۆزەی نەورۆز، سیمبوڵی بەرخودان و یەکگرتوویمان بێت. دەبێت جارێکی تر کاوە لە ئەفرین دروستبکەینەوە و لە هەر شوێنێکی تری کوردستان بێت، بێ دوودڵی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر بۆ هەتایی سیمبوڵی پاڵەوانێکی ئەفسانەییمان بێت لە دژی ناعەدالەتی لە شێوەی خۆماڵی بێت یان بێگانە. ئەوانەی کە لەسەر مێژووی کوردیش دەنووسن، دەبێت ڕێز لە مێژوو و فەرهەنگ بگرن و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

تێبینی:
– پێم ناخۆشە ناونیشانی بابەتەکەم بەوجۆرەیە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە نوسەری کورد ناوی ئەو پاڵەوانە ئەفسانەییە بە “خائینیک” دەهێنن، منیش لە زمانی ئەوانەوە دووبارەی دەکەمەوە دەنا من ڕێ بەخۆم نادەم کە ئەو زمانە بەرامبەر پالەوانێکی ئەفسانەیی کوردی بەکاربهێنم.

– تکایە خوێنەری ئازیز، گەر لە ناوچەکەی تۆدا دابونەریتێکی تایبەت بە نەورۆز هەیە، بە سوپاسەوە لە کۆمێنتدا بۆ ئەوەی منیش و خوێنەرانیش سوودی لێ وەربگرین و بپارێزرێت و تۆماربکرێت.

– شوێنی گرتنی وێنەکەی لای ڕاست نادیارە، بەڵام وەک ئاهەنگێڕانی نەورۆزی گوندێکی ڕۆژهەڵات دەردەکەوێت. وێنەکەی لای چەپ ئەو کاتەیە کە چەتەکانی تورکیا پەیکەری کاوەیان لە شاری ئەفرین شکاندووە.

– لە ڕابردوودا هەژدیها مانایەکی ئەرێنی لە فەرهەنگی کوردیدا هەبووە، دەشێت سیمبوڵی بەهێزی و مەزنی و ژیری بووبێت و ڕۆڵی ئاینی هەبووبێت، هەر بۆیە دوایەمین پاشای مید ناوی هەژدیها/ئەژدەهاک بووە و هەتاوەکو ئەمڕۆش مار ڕۆڵێکی تایبەتی لە فەرهەنگی کوردیدا ماوە. پێشتر بابەتم لەسەر ئەوە نووسیوە هەر وەک لەم لینکەدا دەبینرێت.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=1641931252509202&set=pb.100000770292893.-2207520000.1552070309.&type=3&theater

– بابەتی هۆکاری ڕقی کورد لە فەرهەنگی خۆی لەم لینکەدا دانراوە
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=1101209469914719&set=pb.100000770292893.-2207520000.1552070436.&type=3&theater

– بابەتێکم لەسەر زانا و کەسایەتی کورد ئەبوحەنیفەی دینەوەری نووسیوە هەر وەک لەم لینکەدا دانراوە
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=648991251803212&set=pb.100000770292893.-2207520000.1552131056.&type=3&theater

سەرچاوەکان
– ابن الأثير (٢٠١٠) الكامل في التاريخ، موقع الوراق.
– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.
– الدینوري، ابو حنیفة احمد بن داود (١٨٨٨) الاخبار الطوال، مطبعة بریل، مدینة لیدن.
– المسعودي (٢٠١١) مروج الذهب، الموسوعة الشاملة.
– Dietrich, B. C. (2004) The Origins of Greek Religion, Bristol Phoenix Press, UK.
– Garnier (1909) The Worship of the Dead, Рипол Классик.
– Johnston, S. I. (2004) Religions of the Ancient World: A Guide, Harvard University Press, USA.
– Lundbom, J. R (1999) Jeremiah one-twenty, Doubleday, Indiana University, USA.
– Morier, J. J. (1818) A Second Journey through Persia, Armeia and Asia Minor to Constantinople between the years 1810 and 1816, Longman, Hurst, Rees, Orme and Brown, London




ساسانیەکان فارس نەبوون بەڵکو کورد بوون

د. مهدی کاکەیی

(له کوردستان پۆست)

زۆربەی هەرە زۆری مێژوو نوسانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش ساسانیەکان بە فارس لە قەڵەم دەدەن، لە کاتێکدا سەرچاوە باوەڕپێکراوە مێژوویەکان بەبێ دوودڵـی دەیسەلمێنن کە ساسانیەکان کوردن. دەبێت مێژووی دێرینی گەلی کورد و ڕاستیە مێژوویەکان دەربارەی بە ویژدانەوە و بە بابەتیانە باس بکرێت، بەدور لە ئارەزو خواستی کەسێتی و کێشمەکێشمی ڕەگەزپەرستیانە.


ئەم بەڵگانەی خوارەوە ڕاستی کوردبوونی بنەماڵەی حوكمڕانی ساسانی دەسەلمێنن:
1. نیشتمانی باپیرە گەورەی پادشای ساسانیەکان (ساسان) کوردستان بووە، کە کۆچی کردووە بۆ ویلایەتی فارس، ئەویش لەدوای هەڵهاتنی لە دەست ئەو پێشبینیەی کەوا یەکێك لە وەچەکانی فەرمانڕەوایی وڵاتی ئاریانا دەکات[1][2]. بەم جۆرە دەبینین کە (ساسان) کورد بووە و فارس نەبووە و خەڵکی ویلایەتی فارس نەبووە، و گەڕاندنەوەی ڕەچەڵەکی خۆی بۆ (بەهمەنی کوڕی ئەسفەندیاری کوڕی گوشتاسپ) جێی گومانە. (ساسان) حوشترەوان بووە لەلای یەکێك لە ئاغاکان[1]. هەر وەها (دهخدا) لە ئینسایکلۆپیدیاکەیدا دەڵێت (پاپەگانی کوردی)، كه باوکی پادشای ساسانی (ئەردەشێر)ه، شوان بووە”[3].
مامۆستاى زانکۆی تاران، دکتۆر ڕەشیدی یاسەمی باسی ئەوە دەکات (ساسان) کە باپیرەی (ئەردەشێرە)، سەر بە خێڵی (شوانکارە)ی کورد بووە و دایکی (پاپەگان Papagan) کچی یەکێك لە سەرۆك هۆزەکانی (بازرەنگی) کورد بووە. وڵاتی ئەم خێڵە ناوچەیەکی کوردیە لە هەرێمی فارس. هەروەها مامۆستا یاسەمـی لە درێژەی باسەکەدا دەڵێت: دەتوانین بڵێین کە (ئەردەشێر) کوردە [4].

(پاپەگان) کوڕی (ساسان) سەربە یەکێك لە ماڵەکانی ئاگرى (ئاناهیتا) بوو. (پاپەگان) کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێت (ئەردەشێر Ardashir) کە هەستا بە دامەزراندنی دەوڵەتی ساسانی. (ئەردەشێری یەکەم) لە شاری (پیرسی پۆلیس)ی ولایەتی فارس لە دایك بووە، کە کاتی خۆی باپیرەی (ساسان) بۆ ئەوێ کوچی کرد بوو. (ئەردەشێر) حەزی بە ژیانی سەربازی دەکرد بۆیە دەبێتە فەرماندەیەکی باڵای سەربازی. براکەی ئەردەشێر فەرمانڕەوای ویلایەت دەبێت و ئەردەشێریش لە دژی ڕادەپەڕێت و ناچاری دەکات بە وازهێنان لە فەرمانڕەوایی بۆ ئەردەشێر. پاشان کە ئەردەشێر فەرمانڕەوایی ویلایەتەکەی گرتە دەست، و هەستا بە فراوان کردنی شانشینەکەی و هەریەك لە وڵاتەکانی کەناراو (کەنداوی هورمز) و (ئیلام) و (ئەسفەهان) و (میدیا)ی خستە ژێر ڕکێفی شانشینەکەی.

2. فراوانکردنی شانشینەکەی ئەردەشێر کۆتا پادشای ئەشکانیە فارسەکانی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم)ی ترساند، بۆیە هەستا بە ناردنی پەیامێك بۆ (ئەردەشێر) بە نامەبەرێكدا. (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە نامەکەیدا ڕەچەڵەکی (ئەردەشێر) بە کەم و بێ بایەخ باس دەکات. پاشان نامە پڕ سوکایەتی پێکردنەکەی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە کۆشکی پاشایەتی و لە بەردەم کاربەدەستانی شانشینی ساسانیدا دەخوێنرێتەوە. لە نامەکەدا ئەمەی خوارەوە نوسرابوو:
(هەی بەچکە کورد تۆ سنوری خۆتت بەزاند و مەرگی خۆتت دیاری کرد، تۆ لە ژێر دەواری کوردیدا پەروەردە بوویت، کێ ڕێی پێداوی بە لەسەرکردنی ئەو تاجە؟).

شایەنی باسە کە هەر یەك لە تەبەری[5] و ئیبن ئەسير[6] ئاماژەیان بەو نامەیە داوە. نامەکەی پادشای ئەشکانیە فارسەکان (ئەردەوانی پێنجەم)، بە ڕوونی دوپاتی ئەو ڕاستیە دەکاتەوە کە بنەماڵەی ساسانیەکان کورد بوون.

پادشاکانی ساسانی بەهۆی کوردبوونیان تەنها لەلایەن (ئەردەوانی پێنجەمی ئەشکانیەوە) لۆمەنەکران، بەڵکو دەسەڵاتداری ناوچەی ئەرمینیا و ئازربایجانیش لەسەردەمی دەوڵەتی ساسانیدا، (بەهرامی چویین) کە کوڕی (بەهرامی گوشتاسپ) بوو، لۆمەی پاشای ساسانی (خەسرەوی دووەم ‘خەسرەو پەروێز”) ی کرد لەبەر کورد بوونی کاتێك (بەهرام) هەوڵیدا کە دەسەڵات لە (خەسرەوی دووەم) بستێنێت، کە پێی گووت (هەی کوڕی زینا، تۆ لەژێر دەواری کورداندا پەروەردە بوویت)[7].

3. (ساسان) سەر بە هۆزی (شوانکارە)ی کورد بووە. ئەم هۆزە خەریکی کشتوکاڵ و مەڕداری بوون. ئەوان لە کۆتایی سەردەمی (بوهەویەکان)دا هەستان بە دامەزراندنی زنجیرە فەرمانڕەواییەك بە ناوی (ئەتابکە، پادشاکانی شوانکارەی کورد لە وڵاتی فارس)[8]. هەروەها ڕۆژهەڵاتناسی نەمساوی (ئێدوارد ڤۆن زامباور) لە کتێبی (معجم الأنساب والأسرات الحاكمة في التاريخ الإسلامي)دا ئاماژە بەوە دەکات کە هۆزی (شوانکارە) دەگەڕێتەوە سەر ڕەچەڵەکی دامەزرێنەری دەوڵەتی ساسانی (ئەردەشێری کوڕی پاپەگان) [9].

4. هەروەها (یاقوت ئەلحەموی) لە کتێبی “معجم البلدان” کە لەساڵی 1224 زاینی تا ساڵی 1228 زاینی خەریکی نوسینەوەی بوو، ئاماژە بەوە دەکات کە زنجیرە پادشاکانی ساسانی کاتێك کە شاری “مەدائین”یان بونیات نا، لە ناویدا گەڕەکێکیان بە ناوی {“کوردئاوا” [10]، واتە ئەو گەڕەکەی کە لەلایەن کوردەوە دروستکراوە} دروستکرد، چونکە خۆیان سەر بە نەتەوەی کورد بوون. نوسەر ناوی شەش گەڕەک دەهێنێت، كە پادشاکانی ساسانی دروستیان كردوە لەم شارەدا و یەكێك لە گەڕەكەكان ” کوردئاوا”يه.

جێگای ئاماژە پێکردنە ناوی شاری مەدائین لە “مادیان”ەوە هاتووە، کە ناوێکی کوردیە و لە هەردوو ووشەی “ماد” و پیتەکانی “ان” پێكدێت. “ماد” بە واتای “میدی” دێت و “ان” بۆ “کۆ” لە زمانی کوردیدا بەکاردێت. بەم جۆرە ووشەی “مادیان” دەبێتە “مادەکان یاخود میدیاکان”، کە ئەوانیش باپیرە گەورەی کوردن. لە لایەن عەرەبەکانەوە ناوی “مادیان” دەگۆڕێت بۆ “مەدائین” و فارسەکانیش ناوی “تەیسەفۆن”ی لێ دەنێن. هەروەها ئەردەشێری پادشای ساسانی شارێكی تایبەت بە کورد لە نزیك شاری موسڵی ئێستا دروستکردوه و ناوی ناوه “بوز ئەردەشێر”[11].
هەریەك لە پادشاکانی ساسانی (قوباد) و (ئانەوشیروان) هەستان بە دروستکردنی زیاتر لە سی شار لە دەشتی (ئاران)، و یەکێك لەم شارانە ناوی (مەلازکورد) بووە[12][13]. ناونانی گەڕەکێك لە پایتەختی ساسانیەکان بە ناوی کوردەوە و هەروەها بونیاتنانی چەند شارێكی تایبەت بە کورد لە شوێنە جیاوازەکاندا لە لایەن ساسانیەکانەوە، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ کوردبوونی ساسانیەکان.

5. پادشاکانی ساسانی نازناویان “خاسرەو” بوو، کە ئەم ووشەیە پێکهاتووە لە دوو ووشەی کوردی “خاس” کە بە واتای “باش” دێت لە کوردیدا[14] و ووشەی “رەو” کە ئەویش بە واتای (هەڵسوکەوت) دێت. بەم شێوەیە ووشەی “خەسرەو” بەواتای “کەسی هەڵسوکەوت جوان” دێت واتە کەسێکی بەڕێز و خاوەن پێگەیەکی بەرز. فارسەکان لە کوردیان وەرگرتووه بە شێوازی “خوسرەو” بەكاری دەهێنن. هیچکام لە ووشەکانی “خاس” و “رەو” لە زمانی فارسیدا بوونیان نییە. عەرەبەکان لای خۆیانەوە هەستان بە عەرەباندنی ئەم ووشەیە و کردیان بە “کیسرا /کەسرا”. بەم شێوەیە نازناوی کوردی پادشا ساسانیەکان بەڵگەیە لەسەر کوردبوونی ساسانیەکان.

شایەنی باسکردنە، زۆرێك لە خەڵکی بە هەڵە پێیان وایە کە ناوی ئەو پادشا ساسانیە، “کیسرا” بووە کەوا لە سەردەمی حکومڕانی ئەودا جەنگی قادسیە ڕویداوە، بەڵام نازانرێت کە ووشەی “کیسرا” ناوی هیچ پادشایەکی ساسانی نەبووە، بەڵکو نازناوێك بووە بۆ هەموو پادشایانی ساسانی، کە لە بەرامبەری “خاوەن شکۆ/ڕێزدار” یاخود لە زمانی عەرەبیدا ووشەکانی (جلالة) و (فخامة) و (سمّو) بەکاردێن بۆ ڕێزلێنانی سەرۆك و پادشای وڵاتان. پادشای وڵاتانی دیکە نازناوی تایبەت بە خۆیان هەبووه، بۆ نمونە پادشاکانی ڕۆم نازناوی “قەیسەر”یان هەبوو، و پادشا قوبتیەکانی نازناوی “فیرعەون”یان هەبوو، و پادشا تورکەکان نازناوی “خاقان”یان هەبووە، و پادشاکانی یەمەن نازناوی “توبەع” (بەعەرەبی “تُبّع”)يان هەبووە و نازناوی پادشاکانی حەبەشە “نەجاشی” و نازناوی پادشای میسریەکان “عەزیز” بووە.
6. پادشاکانی ساسانی ناوەکانیان کوردی بووە، کە ئاماژە بۆ کوردبوونیان دەکات.

ا. “یەزدکورد” ناوی سێ پادشاى ساسانی بووە. هەروەها بوونی ووشەی “یەزد” لە ناوی ئەو سێ پادشایەدا دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی ئاینی یەزدانیەتی بنەماڵەی پادشا ساسانیەكان.

ب. دووان لە پادشاى ساسانیەکان ناويان “خەسرەو Xesrew” بووە. هەروەك لەسەرەوە باس کرا، ئەم ووشەیە پێکهاتووە لە دوو ووشەی کوردی “خاس” کە بە واتای “باش” دێت لە کوردیدا و ووشەی “رەو” کە ئەویش بە واتای هەڵسوکەوت دێت، بەم شێوەیە ووشەی “خەسرەو” بەواتای “کەسی هەڵسوکەوت جوان” دێت واتە کەسێکی بەڕێز و خاوەن پێگەیەکی بەرز.

پ. دووان لە پادشاى ساسانیەکان ناويان “ئەردەشێر Erdeşîr” بووە، کە بریتیە لە دوو ووشە؛ (ئەردە) ووشەيەكى میدیە، بەواتای (باش یا زەوی) دێت ووشەی (شێر)، کە هەردووکی پێکەوە دەکاتە (شێرێکی باش یا شێری سەرزەوی).

ت. (فەیروز Feyrûz) یان (پیرۆز Pîroz) ناوی یەکێك لە پادشاکانی ساسانی بووە، كه ناوێكی كوردیە.

ج. چوار پادشای ساسانییەكان ناویان (هورمز Hormizd) بوو. ئەم ناوە ناوێكی ئاریایایە و وەرگیراوە لە ناوی خودای سۆمەرییەكان (هورمیس)وه، كە باپیرانی كوردن. لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا ئەم ناوە لە ناو گەلە ئاریەكاندا گۆڕاوە بۆ (هورامەزدا Huramezda) یان (مەزدا Mezda) و پاشی ئەم گۆڕانە ناوەكە هەر بە واتای (خودا) ماوەتەوە لایان.

چ. ناوی چوار لە پادشاکانی ساسانی (باهرام یان بارام) و دوانیان ناوی (قوباد) بووە. ئەم دوو ناوە کوردین، یەکەمیان بەواتای (زیرەك) دێت و ئەوەی دووەمیش بە واتای (پادشا) دێت.

7. هێندێك ناوی ساسانی هەیە کە تاکو ئێستاش لە کوردستاندا باوە لای کورد، بۆ نمونە ناوى (خەمانی)[14]. ئەم ناوە لای فارسەکان بوونی نییە. بەڵام هەندێك کورد لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ خاوەنی ئەم ناوەن.

8. (حەسەن پیر نیا) باس لەوە دەکات کە ساسانیەکان بە ناوی (مای) میدیەکانیان بانگ دەکرد [15]. ئەم ناوە ناوی كوردى نێرە لەمڕۆماندا هەرچەندە 2500 ساڵ بەسەر دیارنەمانی ئیمپراتۆریەتی میدیدا تێپەڕیوە. بۆ نمونە ناوی (مایخان). کەس بەتەنها بە ناوی (مای)ەوە ناو نانرێت بەڵکو ئاوڵناوی (خان)ی بۆ زیاد دەکرێت کە لەبری (خاوەنشکۆ) یان (ڕێزدار) بەکاردێت بۆ پادشاو سەرۆكی دەوڵەتان لەمڕۆماندا، چونکە میدەکان ڕێزدارەکانی کوردن. شایەنی باسە ناوی میدیەکان (مادا) بەزمانی میدیای بە واتای (مەزن) یان (گەورە) دێت [a].

کاتێك کە سوپای عەرەب کوردستانی داگیرکرد، ناوی (ماهات) لە سەنتەری دەسەڵاتی میدیەکان نرا لە لایەن عەرەبەکانەوە، لەبەر ئەوەی (ماە) ناوی میدیەکان بوو[b] وە (ات) بۆ بە کۆکردنە لە زمانی عەرەبیدا. (ئەلبلازەڕی) باسی دەکات کاتێك کە کوردستان داگیرکرا لەلایەن عەرەبە موسوڵمانەکانەوە، کوردستانیان دابەشکرد بەسەر چەند ناوچەیەکدا. کاتێك کە سەرانە (باج و خەراج) لە هەر ناوچەیەك وەرگیراوە، نێردراوە بۆ ئەو موسوڵمانانەی کە دانیشتوی ناوچەیەکی دیاریکراون [16]، بۆیە عەرەبەکان ناوی (ماه کوفە)یان لە شاری (دەینور)و دەوروبەری نابوو، لەبەر ئەوەی ئەو سەرانە کە لە خەڵکی شاری (دەینور) و دەوروبەری وەردەگیرا دابەش دەکرا بەسەر موسوڵمانە تازەکانی کە لە کوفە نیشتەجێ بوبوون. هەروەها لەبەر هەمان هۆکار ناوی (ماه بەسرا) لە شاری (نەهاوەند) نرا، لەبەر ئەوەی سەرانەی کۆکراوە لە خەڵکی (نەهاوەند) دەدرا بە دانشتوانی شاری (بەسرا)، کە موسوڵمان بوبوون پاش داگیرکردنی لەلایەن عەرەبە موسوڵمانەکانەوە. بەم شیوەیە سەنتەری وڵاتی میدیا دابەشکرا لەلایەن داگیرکەرە عەرەبەکانەوە بۆ (ماه کوفە) و (ماه بەسرا).

9. بنەماڵەی “فەزڵەوی” کە لە ساڵی (1155 – 1432 ز) ئیمارەتی (فەزڵەوی “الفضلوية”)یان دامەزراند، سەر بە هۆزی شوانکارەی کوردی بوون و لە زنجیرە پادشاکانی ساسانی بوون[c]. کەسەکانی ئەم بنەماڵەیە کە فەرمانڕەواکانی ئیمارەتەکەیان دەکرد، کورد بوون، بۆیە باوباپیریشیان کە ساسانیەکان بوون بێگومان هەر کورد بوون. جێی ئاماژە پێکردنە ئەم ئیمارەتە لە باشوری لوڕستان دامەزرا و بۆ ماوەی دووسەد و هەفتا و هەفت ساڵ فەرمانڕەوا بوون. قەڵمڕەویان لە لوڕستانەوە هەتا کەناری شاری ئەسفەهان درێژ دەبوویەوە و لە هەندێك سەردەمیشدا هەرێمی خوزستان و شاری بەسرەشی لە خۆدەگرت.

10. لە کۆتایی سەردەمی بوهەویەکاندا، هۆزی شوانکارە هەستان بە دامەزراندنی ئیمارەتێك بە ناوی (ئەتابکە، پاشاکانی شوانکارەی کورد لە وڵاتی فارس)[8]. هۆزی (شوانکارە) دەگەڕێتەوە سەر ڕەچەڵەکی (ئەردەشێری کوڕی بابەك)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی ساسانی [9]. دامەزراندنی ئیمارەتێكی کوردی لەلایەن هۆزی ساسانیەکانەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کوردبوونی ساسانیەکان.

بۆ ئەوەی درێژەی پێ نەدەین، لەم بەشەدا هەندێك بەڵگەمان خسته ڕوو، کە سەلمێنەری کوردبوونی ساسانیەکانە. لە بەشی داهاتوودا بەڵگەی زیاتر پیشان دەدەین.

11. زاراوەی هەورامی، هەمان زمانی پەهلەویە کە زمانی ساسانیەکان بوو. مامۆستا (مەسعود محەمەد) ئاماژە بە کتێبی (المعجم في معايير اشعار العجم)، دەكات کە (شەمسەدین محەمەدی کوڕی قەیس ئەلڕازی) نوسیویەتی، کە لە فارسیەوە کردوێتی بە عەرەبی. لەم پەرتووكە ئەمەی خوارەوە نوسراوە:

(خەڵکی عێراقم دیت سەرقاڵ بوون بە دانان و گوتنەوەی ئاواز بە فەهلەوی (پەهلەوی)، بەڵام ئاوازى جوان نەبوو لە وتەی عەرەبی و غەزەلی دەری “فارسی” دڵڕفێن بێ وەك ئاوازی ئورەمەن (هەورامان) و هەڵبەستی پەهلەوی[17]. مامۆستا (مەسعود محەمەد) دەڵێت ئاواز و گۆرانی وابەستەیە بە زمانەوە و بۆیە بەیتە هۆنراوەی {ئاوازی ئورەمەن (هەورامان)} و (هەڵبەستی پەهلەوی)، ئەوە دەسەلمێنێت کە زاراوەی هەورامی بریتیە لە زمانی پەهلەوی.

سەبارەت بە فارسەکان، لەگەڵ كۆتاییپێهێنانی فەرمانڕەوایی ئەشکانیەکان لە ساڵی (226)ی پێش زاینى و گرتنەدەستی فەرمانڕەوایی لەلایەن ساسانیەکانەوە، زمانێكی نوێی فارسی دروستكرا. ئەم زمانە ناونرا (زمانی پارسیکی) بۆ جیاكردنەوەی ئەم زمانە نوێیە لە زمانی فارسی كۆن و فارسی نوێ، كە لە كاتی ساسانییەكان بەكاردەهێنرا لەلایەن فارسەكانەوە[18]. دەبینین زمانی پەهلەوی (کوردی) زمانی ساسانیەکان بووه و فارسەکان بە زمانێکی دیکە ئاخاوتنیان دەکرد و ئەویش زمانى (پارسیکی) بووه، و ئەمەش کوردبوونی ساسانیەکان دەسەلمێنێت.

  1. ساسانیەکان شانازیان بە (کاوەی ئاسنگەر)ی کوردەوە دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا ناوی ئاڵای ئەم ئیمبراتۆریەتە بریتیە لە (ئاڵای کاویان). ووشەی (کاویان) لە ناوی (کاوەی ئاسنگەر)ەوە وەرگیراوە کە دەگوترێت پادشایەکی ستەمکاری بەناوی (زوحاك) کوشتوە. کاوە بەرکۆشەی ئاسنگەریەکەی کردوە بە ئاڵا[d]. بەرزی ئاڵاکە 12 باسك و پانیەکەشی 8 باسك بووە و لە پێستی پڵنگ دروست کراوە و بە یاقوت و دوڕ و خشڵ ڕازێنراوەتەوە.

لە جەنگی قادسیەدا، کە لە نێوان عەرەبە موسوڵمانەکان و دەوڵەتی ساسانیدا لە ساڵی (636)ی زاینیدا ڕویدا، عەرەبە موسوڵمانەکان سەرکەوتن بەسەر ساسانیەکاندا و دەستیانگرت بەسەر ئەم ئاڵایەدا و بردیان بۆ خەلیفەی موسوڵمانان (عومەری کوڕی خەتاب) لەگەڵ دوو کچی کۆتا پادشای ساسانی (یەزدکوردی سێیەم)، کە وەك سەبایا بەدیلیان گرتبوون و ناویان (شاربانو) و (شاژنان یاخود کەیبانو) بوو، کە پاشان (شاژنان) دەکرێت بە ژنی محەمەدی کوڕی ئەبوبەکر، یەکەم خەلیفەی ڕاشدین، و (شاربانو)یش دەکرێت بە ژنی حسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب، کە دەکاتە دایکی ئیمامی شیعەکان (ئیمام زەینەلعابدینی کوڕی حسەین). خودانکردنیی ئاڵای کاوە لەلایەن ساسانیەکانەوە بەڵگەیەکی دیکەی کوردبوونی فەرمانڕەوایانی ساسانیە[19].

  1. کتێبی (التاريخ الصغير) لە نووسینی نووسەرێكی سریانی نستۆری نەناسراو (لە پاش ساڵی 680 زاينى لەدایك بووە)، باس لە مێژووی کەنیسەی نستۆری دەکات و هەندێك باسی مێژووی گرنگ دەكات کە لە نێوان سەدەی شەشەم و حەوتەمی زاینیدا ڕویانداوە. کتێبەکە لە لاپەڕەکانی 100-102 دا زانیاری گرنگ باس دەکات سەبارەت بە ڕەچەڵەکی کوردە ساسانیەکان و فەرماندەی ساسانی (هورمزدان Hormazdān) کە فەرماندەیەکی سەربازی ناوچەی خۆراسان بووە. ئەم فەرماندەیە لەلایەن هێزەکانی موسوڵمانی عەرەبی داگیرکەرەوە بە دیل دەگیرێت لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عومەری کوڕی خەتابدا و پاش بەدیل گرتنی بەدەستی موسوڵمانە عەرەبەکان دەکوژرێ. نووسەر دەڵێت: (هورمزدان) ئامۆزای کۆتا پادشای ساسانی (یەزدانکوردی سێهەم) بووە و نەوەی (ئەردەشیری پاپەگان) بووە. نووسەر هەروەها باس لەوە دەکات کە ئەم فەرماندەیە سەر بە ڕەچەڵەکی کورد بووە کە میدیەکانن. هەروەها (Paravaneh Pourshariati ) باس لەوە دەکات کە (هورمزدان) دانیشتوی میدیا بووە [e]، واتە سەر بە میدیەکان بووە. ئەو دوو سەرچاوەی پێشوو بە ڕونی ئاماژە بەوە دەکات کە ساسانیەکان ڕەچەڵەکیان کوردە میدیەکان بووە و ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ کوردبوونی دەسەڵاتدارانی ساسانی.
  2. بەرگریکردنی دانیشتوانی ئیمپراتۆری ساسانی دژ بە داگیرکاری ئیسلامی عەرەبی لە ناوچە کوردیەکانی وەك (شارەزور) و (موسڵ) و (حەلوان) و (نەهاوەند) و (جەلەولا)دا چڕ بووبویەوە کە پارێزگاریان لە فەرمانڕەوایی ساسانیە کوردەکان دەکرد، لەکاتێکدا ئەم بەرگریە هێندە بەهێز نەبوو لەو ناوچانەی کە کوردنشین نەبوون. ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە کە بەرگریکردنی کورد لە دەوڵەتی ساسانی بەرگریکردن بووە لە دەوڵەتی خۆیان و فەرمانڕەوایی خۆیان.
  3. لە هۆنراوەیەکدا کە پێش زياتر له 100 ساڵ شاعیری کورد حاجی قادری کۆیی (1817 – 1897 ز) نووسیویەتی کە ساسانیەکان کورد بوون و ناوی دوو پادشای ساسانی (ئەردەشێر) و(قوباد) دەبات و دەردەدڵ دەکات لە کەمتەرخەمیکردن لە نووسینەوەی مێژووی گەلی کورد بە زمانی کوردی، کە دەڵێت:

ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی – موحەققەق داکی حیزە، بابی زانی
وەرە با بۆت بکەم باسی نیھانی – تەفەننون خۆشە گەر چاکی بزانی
سەلاحەددین و نوورەددینی کوردی – عەزیزانی* جزیر و مووش و وانی
موھەلھەل**، ئەردەشێر و دەیسەمی شێر*** – قوباد و باز و میری ئەردەلانی
ئەمانە پاکیان کوردن، نیھایەت – لەبەر بێدەفتەری ون بوون و فانی
کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز – بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی
مەلا و شێخ و میر و پادشامان – ھەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی
بە زیددی میر و پاشامان بڕاوە – بەسە با بێینە سەر ڕێی میھرەبانی
کە دەیگوت شێخی من: من دەستگیرم – لەلام وا بوو لەبەر جەھل و جوانی
کە پیر بووم تێ گەیشتم دەستی گرتم – لە کەسب و کار و تەحسیلی مەعانی
بەڵێ شێخ قوتبە ئەمما قوتبی ئاشە – بە ئاو و نیعمەتی خەڵقە گەڕانی
لە بۆ ژن دێ لە کۆڵان وەک سەگی ھار – لە ژن ھەڵدێ بە میسلی کەر لە خانی
بڵێ بەو سەرکزۆڵەی کوزپەرستە – بە چاوی کلدراو و ڕیشی پانی
کە نەفعێکت نەبێ بۆ دین و دەوڵەت – بە من چی نەقشبەندی یا نە مانی
کەسێ پیاوە کە دانێ وەک حەماغا – لە بۆ ئەبنایی جینسی نان و خوانی
وە یاخود وەک ئەمین ئاغا بە ھیممەت – بکا بۆ قەسری میللەت پاسەبانی
بڵێ لەم بەحسە ھەر کەس مونکیری تۆن – بفەرموو سەھلە ڕێگەی ئیمتیحانی
بە ئوممێدی دووسێ دانایە حاجی – بە ھەرزانی دەدا دوڕڕی گرانی

* (عەزيزان) باپیرەی (بەدرخانیەکان) بوون، کە فەرمانڕەوای بەشێك لە کوردستانیان دەکرد لە ناوچەکانی (جەزیرە) و (موش) و (وان) لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا.

** (موهەلهەل) بریتیە لە (موهەلهەلی شازنجانى)، کە بەسەر سلجوقیەکاندا سەرکەوت لە شاری کرماشان و پاشان فەرمانڕەوایی کرماشان و خانەقین و کفری و کەرکوك و شارەزور و سیروانی دەکرد.

*** (دەیسەم) فەرمانڕەوایەکی کورد بوو کە فەرمانڕەوایی ئازربایجانی دەکرد لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسیدا.

 

بەم جۆرە، ئەو سەرچاوانەی کە پشتیان پێ دەبەستین، دوپاتی دەکەنەوە کەوا ساسانیەکان کورد بوون وە جەنگی قادسیە کە لەنێوان موسوڵمانە عەرەبەکان بە سەرکردایەتی (سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس) و ساسانیەکان ڕوویدا لە سەردەمی حوکمڕانی کۆتا پادشاکەیان (یەزدکوردی سێیەم)، بریتی بوو لە شەڕی نێوان کورد و عەرەب، چونکە داگیرکەرانی کوردستان دەستیان كردووە بە دزین و شێواندنی مێژووی کورد و ساسانیەکانیان بە فارس لە قەڵەمداوه.

 

ناوی پادشاکانی ساسانی

ئەم ناوانەی لای خوارەوە ناوی هەر 24 پادشا ساسانییەكانن، کە ماوەی فەرمانڕەوایەتیان 426 ساڵ درێژەی کێشا (224 یان 226 تا 651ی زاینی)، کە بەپێی کات و سەردەمی فەرمانڕەوایەتیان ڕیزبەند کراون:

  1. ئەردەشێری یەکەم
  2. شاپوری یەکەم
  3. هرمزی یەکەم
  4. بەهرامی یەکەم
  5. بەهرامی دووەم
  6. بەهرامی سێیەم
  7. نەرسی
  8. هرمزی دووەم
  9. ئەزەر نەرسی
  10. شاپوری دووەم
  11. ئەردەشێری دووەم
  12. بەهرامی چوارەم
  13. یەزدکوردی یەکەم
  14. بەهرامی پێنجەم
  15. یەزدکوردی دووەم
  16. هرمزی سیێەم
  17. فەیروزی یەکەم (پیرۆزی یەکەم)
  18. بەلاش (وەلکاش)
  19. قوبادی یەکەم (کوات)
  20. خەسرەوی یەکەم (ئانەوشیروانی داد پەروەر)
  21. هرمزی چوارەم
  22. خەسرەوی دووەم (خەسرەو پەروێز)
  23. قوبادی دووەم
  24. یەزدکوردی سێیەم

حەمدوڵا مستەوفی لە کتێبی ” نزهة القلوب”دا، کە لە سەدەی چواردەی زاینیدا نووسراوە دەڵێت: پادشا (خاسرەوی یەکەم) هەستا بە ڕێکخستنی باچ و سوپا و دەفتەرداری دەوڵەت. لە سەردەمی فەرمانڕەوای ئەودا کتێبی بەناوبانگی “کەلیلە و دیمنە” لە هندستانەوە هێنرا بۆ شانشینی ساسانی، و هەروەها قوتابخانەی ئەدەب و فەلسەفە گەیشتە ترۆپـكی[20].
گەلی کورد لەبەر نەبوونی قەوارەیەکی سیاسی، کە گوزارشت لە ناسنامەى بکات و هەستێت بە نووسینەوەی مێژووی خۆی و هەروەها پارێزگاری لە كولتور و زمان و کەلەپوری بکات و پەرەی پێبدات، بۆیە مێژووەکەی توشی دزین و شێواندن و فەوتاندن و سڕینەوە بووە، چونکە داگیرکەرانی کوردستان بەبەردەوامی هەوڵیان داوه بۆ لەناوبردنی زمان و كولتورى كوردى و سڕینەوەی ناسنامەى گەلی کوردیان داوە، هەروەك چۆن هەردەم هەوڵیانداوە مێژووە دێرینەکەی به ساخته دروستبكەن و خۆیان بکەن بە خاوەنی، بۆ ئەوەی پیرۆزی بدەن بە داگیرکاریەکانیان و گەلی کورد بتوێننەوە و بیسڕنەوە لەسەر نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێی بە توركکردن و بەفارسکردن و بەعەرەبکردنەوە.

گەلی کورد خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەریە و یەکێکە لە گەلە دیرینەکانی ناوچەکە، کە شارستانیەتەکانی سۆمەری و ئیلامی و خوری و میتانی و هیتی و میدی و ساسانی، گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن کە چەندە گەلی کورد دێرینە و جەندە بەشدار بووە لە بونیاتنانی شارستانیەت و پەرەپێدانیدا.

بەدەرخستنی ڕۆڵی ڕاستەقینەی کورد لە بونیاتنانی شارستانێتی مرۆڤدا و ناسینی كولتور و مێژووەکەی، پێویستی بە دامەزراندنی سەنتەری کوردی پێشکەوتوو هەیە بۆ زیندوکردنەوە و ڕاستکردنەوەیان. لەسەر کورد پێویستە لە نێو کتێبەکان و دوکیومێنتەکان و هۆڵی مۆزەخانەکان و شوێنە مێژووییەکاندا، لەڕێی کنە و پشکنینەوە بگەڕێن بۆ پاشماوەی موڵکە دیرینەکانی کورد، و هەروەها گەڕان لە ناو نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان بەرپرس و حکومەتەکان لە ڕێی توێژیینەوەى زانستیانە و بابەتیانە بۆ مێژووی کورد بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان.

لەبەر ئەوەی کە کورد و مێژووەکەی توشی تێکدان و دزین و شێواندن بۆتەوە، چونکە کورد خاوەن قەوارەیەکی سیاسی نەبوونە تاکو مێژووەکەیان لەسایەیدا بنووسنەوە، و بۆیە داگیرکەران هەستاون بە نووسینەوەی مێژووەکەی، و ئەوانیش هەستاون بە تێکدان و شێواندن و دزینی. لە نێو ئەم شیواندن و تێکدان و دزینەدا، لەسەر کورد پێویستە بگەڕێن و لێکۆڵینەوە بکەن و تا ڕاستی مێژووەكەیان دەربخەن و بیخەنە بەردەستی منداڵەکانیان هەتا جیهان مێژووە ڕاستەقینەکەی کورد بزانێت.

من داوای شێواندنی مێژوو ناکەم و ناخوازم بە ساختە دروست بكرێت وەك ئەوەی کە گۆڕبەگۆڕ سەدام حسێن کردی لە هەڵمەتی “سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژوو”، بەڵام من پێشنیازی دامەزراندنی چەند ناوەندێكی زانستی دەکەم بۆ کۆکردنەوەی بابەتە مێژووییەکان دەربارەی کورد، و پاشان ڕیزبەندکردنیان و پارستنیان و بەراوردکردنیان لەگەڵ یەکتر و لە پوختە کردنیان تا ئامادەبێت بۆ نووسینەوەی بە شێوازێکی زانستی و بابەتیانە.

 

 

سەرچاوەکان
1. شاعیری پایە بەرزی ئێرانی (ئەبو قاسم ی فیردەوسي)، کتێبی شانامە. شاهنامه ملحمة الفرس الكبرى. ترجمة سمير المالطي، لاپەڕەکانی 133، 134.
2. ابن البلخي. فارسنامه، فصل احوال شبانكاره و كُرد و فارس. چاپی ئەوروپا، ل 146.
3. دهخدا، على اكبر. لغتنامه. جلد سوم، چاب دانشگاه تهران، سال 1345 ﻫ ق، صفحه 3843.
4. غلامرضا رشيد ياسمي. كُرد و پیوستگی نژادى وتاريخى. سال 1369 هـ ق، صفحه 171.
5. ابو جعفر محمد بن جرير الطبري. تأريخ الرسل والملوك. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر، 1336 هـ، صفحة 57.
6. إبن الأثير. الكامل في التاريخ، المجلد الأول، صفحة 133.
7. ابو جعفر محمد بن جرير الطبري. تأريخ الرسل والملوك. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر، 1336 هـ، صفحة 138.
8. ابن البلخي. فارسنامه، فصل احوال شبانكاره و كُرد و فارس. طبع اوروپا، صفحة 150 – 153.
9. زامباور. معجم الأنساب والأسرات الحاكمة في التاريخ الإسلامي. إخراج: الدكتور زكي محمد حسن بك و حسن أحمد محمود. ترجمة قسم من فصول الكتاب: الدكتورة سيدة إسماعيل كاشف و حافظ أحمد حمدي و أحمد محمود حمدي، دار الرائد العربي، بيروت، 1980 م، صفحة 351 – 352.
10. ياقوت الحموي. معجم البلدان. المجلد السابع، صفحة 413.
11. لي سترنج، ك. بلدان الخلافة الشرقية. ترجمة بشير فرنسيس وكوركيس عواد، مطبوعات المجمع العلمي العراقي، مطبعة الرابطة، بغداد، 1954.
12. الشيخ شمس الدين أبي عبدالله محمّد أبي طالب الأنصاري الصوفي الدمشقي. نخبة الدهر في عجائب البر والبحر. طبع مدينة بطربورغ، سنة 1865، صفحة 190.
13. دهخدا، على اكبر. لغتنامه. جلد دوم، چاب دانشگاه تهران، سال 1345 ﻫ ق، صفحه 1631.
14. دهخدا، على اكبر. لغتنامه. جلد هفتم، چاب دانشگاه تهران، سال 1345 ﻫ ق، صفحه 9953.
15. حسن پیرنیا. تاریخ ایران باستان یا تاریخ مفصل ایران قدیم. جلد اول، با مقدمه و شرح: محمدابراهیم باستانی پاریزی، تهران، دنیای کتاب، 1362 ﻫ ق، صفحه 48.
16. البلاذري (2010). فتوح البلدان، صفحة 375.

a. Tavernier, Jan. Iranica in the Achaimenid period (ca. 550 – 330 B.C.): Lexicon of Old Iranian. Peeters Publishers, Louvian, Belgium, 2007, p. 558.

b. Browne, Edward G. (1919). A literary history of Persia: A literary history of Persia from the earliest times until Firdawsi. T. Fisher Unwin Ltd, London, page 19.

c. http://neyrizema.ir/texts.php?portal=tarikh&id=2978

  1. مسعود محمد. لسان الكرد. 1984، صفحة 60 – 61.
  2. هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە 39.
  3. ولي فولادى منصورى. تاريخ سياسى اجتماعى بزرگ ايل کلهر. بەرگی یەكەم، لاپەڕە 169.
  4. المستوفي حمد الله القزويني. نزهة القلوب في المسالك و الممالك. ليدن، 1915.
  5. https://donya-e-eqtesad.com/%D8%A8%D8%AE%D8%B4-%D8%B3%D8%A7%DB%8C%D8%AA-%D8%AE%D9%88%D8%A7%D9%86-62/3084203-%D9%BE%D8%B1%DA%86%D9%85-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D8%B2-%D8%A2%D8%BA%D8%A7%D8%B2-%D8%AA%D8%A7%DA%A9%D9%86%D9%88%D9%86-%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D9%88%DB%8C%D8%B1
  6. Paravaneh Pourshariati. The Parthians and the Production of the Canonical Shāhnamas : Of Pahlavi, Pahlavānī and the Pahlav. In: Henning Börn and Josef Wiesehöfer (eds.). Commutatio et Contentio Studies in the Late Roman, Sasanian, and Early Islamic Near East.  2008, p. 240.



دینى كاكەیی (یارسان) پاشماوەی دینە كۆنەكانی كوردە

د. مهدی کاکەیی
د. مهدی کاکەیی
كاكەیی و ئێزدی و عەلەوی و درووز، هەموویان لە مێژدا یەك دین بوونە، ئەویش دینی یەزدان بووە. ئەم چوار دینە پاشماوەی دینی میترایی و یەزدانین. میترایی دینی هەموو ئارییەكان بووە و زیاتر لە 4500 ساڵ پێش ئێستا دەركەوتووە. میترایی دینی میتانییەكان بووە، كه باوباپیرانی كوردن. تا ئێستایش ئەم چوار دینە زۆر نێزیكن لەیەكتر و جیاوازییەكی زۆر كەم هەیە لە نێوانیاندا. ئەم جیاوازییەش پەیدابووە بەهۆی دابڕینیان لە یەكتر. پاشماوەی دینی میترایی بەڕوونی لە ناو ئەم دینانە دەردەكەوێ، وەك باوەڕكردن بە دوو هێزی دژبەیەك، ئەویش خێر و شەڕن و دۆناودۆن و پیرۆزی ئاگر و خۆر و پێشكەشكردنی قوربانی (نیازكردن، جەماتكردن) بە خەڵكی زندوو و مردوو و ماچكردنی زەوی، كە ڕێوڕەسمنواندنێكی دینیە بۆ دەربڕینی خۆشەویستیی و سوپاسمەندێتیی ئەو زەویە كه مروڤ لەسەری دەژێت و ژیانی وابەستەیەتی. مامۆستا جەمال نەبەز لە كتێبەكەیدا “المستچعفون الکورد و إخوانهم المسلمون” كە ساڵی 1994 دەرچووە، دەڵێت ناوی عەلەوێكان لە وشەی “هەڵاو” وە هاتووە كە پێوەندیدارە بە پیرۆزبوونی ئاگر لە دینە كۆنەكانی كورددا. توركەكان ئەم ناوەیان گۆڕی بۆ “ئەلەڤی” و ئیترئەم ناوە بووە ناویان و عەرەبەكانیش كردیان بە “عەلەوی”. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ كە ناوی عەلەوێكان هیچ پێوەندییەكی نیە بە ئیمامی عەلییەوە.
دەڵێن میترا لە 25 سیپتەمبەر لە دایكبووە و لەم بەروارە شەو درێژترین شەوە لە ساڵدا. پاش ئەم ڕۆژە، ڕۆژگار دەستدەكات بە درێژبوونەوە و شەویش كورتدەبێتەوە. كاتێك میترا لە ئەشكەوتێكی تاریك لەدایكبوو لەم بەروارە، كە شەوەكەی درێژترین شەوە، میترا بە لەدایكبوونی دونیای ڕووناككردەوە. میتانییەكان، كە باوباپیرانی كۆنی كوردن بڕوایان بەوە بوو كە بە لەدایكبوونی میترا هەتاو ڕزگاریبوو لەدەست خوای تاریكیی و بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و دونیا و ژیانی ڕۆشنكرد. خۆرەكەی ناو ئاڵای كوردستان بە 21 تیشكەكانیەوە، سیمبوڵی میترایە و سیمبوڵی خودایە لە دینی یەزدانیی (هیوادارم بە بیستنی ئەم زانیارییە، ئیسلامییە توندڕەوەكان داوای لابردنی ڕۆژەكەی ناو ئاڵای كوردستان نەكەن). ڕۆژووگرتنی كاكەییەكان لە ناوەڕاستی زستاندا، كە ڕۆژی لەدایكبوونی میترایە، بەڕوونی ئەوە دەردەخا كە ڕووژووگرتنەكەیان بەپیرەوەچوون و پێشوازیكردنە لە لەدایكبوونی میترا. ئەمە بەڵگەیەكیترە بۆ ئەوە كە دینی كاكەیی پاشماوەی دینی میتراییە.
دەبینین لەدایكبوونی پەیامبەر عیسا دەكەوێتە هەمان ڕۆژی لەدایكبوونی میترا. ئارییەكان میترایی بوون. پاش بڵاوبوونەوەی دینی مەسیحی لە ئەوروپا، بەتایبەت لە ڕۆما، مەسیحییەكان هەڵسان ڕۆژی لەدایكبوونی میترایان كرد بە ڕۆژی لەدایكبوونی عیسا (سەرچاوە 1). لە ئینجیل نووسراوە ئەو شەوە كه عیسا لەدایكبووە، شوان لە ناوچەكە مەڕی لەوەڕاندووە {(لوقا 2:8 (Luke 2:8)}. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ كە عیسا لە وەرزی بەهار لە دایكبووە، كە مەڕ لەو كاتە زاییوە (سەرچاوە 2). توێژەران دەبێژن لەوانەیە عیسا لە 28 مارس لەدایكبووە (سەرچاوە 3).
بێجگە لە ناڕاستی ڕۆژی لەدایكبوونی عیسا، ساڵی لەدایكبوونیشی هەر هەڵەیە. لە یەكێك لە كتێبەكانی كە لە ساڵی 2012 دەرچووە، پاپای ڤاتیكان (بیبیدكت 16) دەڵێ عیسا چەندین ساڵ پێش ئەو ساڵە لەدایكبووە كە ئێستا بۆتە ساڵی لەدایكبوونی. (سەرچاوە 4).
كاكەییەكان سەر بە دینێكی زۆر كۆنى كوردیه. كاكەیی و ئێزدی و گەلانی هیندۆئەوروپاییەكانیترن دێو پەرەستن (خودا خۆی دەكاتە مرۆڤێك و دەبێتە كەسایەتییەكی دینی دەسەڵاتدار و كارتێكەر و دەژێت لە ناو خەڵكدا بۆ چاككردنەوەی مرۆڤایەتیی). وشەی (دێو) گۆڕدراوە بۆ (دێوا) و ئەوجا بووە بە (دییوس) و لای كاكەییەكان بۆتە (داوو) و لای ئێزدییەكانیش بۆتە (تاووس). بۆ نموونە، كاكەییەكان دەڵێن عەلی بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە و لەگەڵ خۆردا تێكەڵبووە و بوونە بە یەك. ئەمە نوێكردنەوەی دینە كۆنە كوردییەكانە كە تا ئێستا ماوە لە ناو دینی كاكەییدا. سوڵتان سەهاكی كاكەییەكان هەر (ئیستیاك)ه كە دوا پاشای میدییەكان بووه. ناوی كاكەیی كۆنە، (مەسعوودی) خاوەنی كتێبی (مروج الژهب) كە ژیاوە لە نێوان ساڵانى 898 و 957 زایینى، لە كتێبەكەیدا ناوی هۆزە كوردە شاخاوێكان بە (كاهكاهی) دەبات.
هاوبەشییەكی زۆر هەیە لە نێوان دینی كاكەیی و زەردەشتیدا، چوونكە هەردووكیان پاشماوەی یەك دینن و دەتوانین بێژین ئەم هاوبەشییە لە نێوانیاندا نیشانەی كارتێكردنی دینی كاكەییە لەسەر دینی زەردەشتی، چوونكە دینی كاكەیی كۆنترە لە دینی زەردەشتی و لێرە ماوە نیە بۆ باسكردنی ئەم پرسە، كه پێویستیی بە نووسینی بابەتێكی سەربەخۆیە. هیوادارم لە ئایندەدا بتوانم بگەڕێمەوە بۆ باسكردنی ئەم بابەتە بەوردی. كتێبی پیرۆزی دینی كاكەیی (سەرنجام) بە پێرۆزانە باسی موعجیزەكانی زەردەشت دەكات. لە ڕواڵەی ڕاستیی، لەلای كاكەییەكان زەردەشت بە پاكترین و بێگەردترین وێنە باس دەكرێت. كاكەییەكان و زەردەشتییەكان بۆن و گڕی ئاگر و كڵپەی گڕ لە ماڵ و جەمخانە و جیهاندا، بە پیرۆز دەزانن چوونكە ئاگر و كڵپەی و سووتاندنی لایان بە پێویست دەزانرێن بۆ ڕۆشنكردنەوەی هەموو شتێك و ئەمانەیش تیشكی خودان. دروشمی دینی زەردەشت و كاكەیی لە یەك سەرچاوە هەڵقوڵاون، كە لە سێ ڕوواڵەت دەردەكەوێت كە ئەمانەن: ڕاستگۆیی، بەرچاوفراوانی و دەهێنداریی، ئازار و زیان نەگەیاندن بە ئاگر و ئاو و گیاندار و دارودرەخت و ڕێگاوبان. هەروەها كاكەییەكان و زەردەشتییەكان نیاز (جەمات) دەكەن و دۆعای دەدەن. ئاگر لای كاكەییەكان و زەردەشتییەكان پیرۆزە. كاكەییەكان ناوبەناو لە جەمخانەدا بە هۆی دڵگەرمییەوە دەكەونە حاڵەوە و دەچنە ناو ئاگرەوە و یاریی پێی دەكەن بەبێ ئەوەی بسوتێن. لە دینی زەردەشتیشدا، لە ماڵی مردوودا بۆ ماوەی سێ ئێوارە ئاگر لەو جێگایە دەكرێتەوە كە مردوو تیایدا شۆرراوە و بۆ ماوەی هەفت ڕۆژیش لەسەر گۆڕیش ئاگر دەكرێتەوە. كاكەییەكان سێ ڕۆژ ڕۆژوودەگرن كە دەكەوێتە چلەی زستان. هەروەها زەردەشتییەكانیش سێ ڕۆژ ڕۆژوودەگرن.
له دینی زەردەشتیی و كاكەییدا وشەی گا پیرۆزە. زەردەشتییەكان ڕێزدەگرن لە گا چوونكە كاتێ زەردەشت بە منداڵی دزرا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لە ناو خۆڵەمێشی ئاگردا ماوەوە و بە شیری مانگایەك پارێزگاریی كرا. هەر وەها لە دینی كاكەییش گا پیرۆزە و بەلایانەوە دونیا بەسەر گایەكەوە وەستاوە. گا لە دینی هندۆسیشدا پیرۆزە و ئەمە ئەوە دەگەیەنێ كە گەلانی ڕۆژئاوای ئاسیا هاوبەشبوونە لە باوەڕ و دین و كولتووردا.
لە هەرێمی باشووری كوردستان، ناموسڵمانەكان لە دۆخێكی زۆر دژوار و ترسناكدا دەژێن. دینەكانیان تووشی هەڕەشەی نەمان بوونەتەوە و خۆیانیش تووشی كوشتن و تاڵانكردن و زەوتكردنی ژن و كچەكانیان بوونەتەوە. بۆیە، تەنیا دوو ڕێگە هەیە لە بەردەم كاكەییەكاندا، یان دەبێت واز لە دینی كاكەیی بهێنن و بوونە موسڵمان و یان بەرگریبكەن له دین و باوەڕ و ناسنامە و كولتوورەكەیان و خەباتبكەن بۆ پاراستنیان. ئەوە بەس نیە كابرایەكى كاكەیی بڵێ كاكەییەكان موسڵمانن و بەو قسە موسڵمانەكان ناخەڵەتێن. ئەو كاكەییە خۆی بە موسڵمان دادەنات، دەبێت بسەڵمێنێت كە ئەو موسڵمانە بە شایەتئیمانهێنان و نوێژكردن و ڕۆژووگرتنی ڕەمەزان و زەكاتدان و حەجكردن بۆ مەككە، دەنا هیچ لە ڕاستییەكە ناگۆڕێت ئەگەر فەرمانەكانی دینی ئیسلامی جێبەجێنەكرێت. كارەكە بە ئەوەیشەوە ڕاناوەستێت، دەبێ ئەم كاكەییە كە خۆی بە موسڵمان دەزانێت، وازیش بهێنێت لە باوەڕ و ڕێوڕەسمی كاكەیی، وەك جەمات و ڕۆژووی سێڕۆژە و سمێڵ هێشتنەوە و حەج بۆ سوڵتان سەهاك و منداڵ بەدەستبردن (كردنى منداڵ بە كاكەیی) هتد.
نەمانی دینی كاكەیی، فەوتاندنی بەشێكی زۆر گرینگە لە مێژوو و كولتوور و ناسنامەی كوردی. بۆ پاراستنی باوەڕ و كولتوور و مێژووی كاكەیی، كە بەشێكن لە باوەڕ و كولتوور و مێژووی كۆنی كوردی، دەبێ كاكەییەكان تا دوا هەناسەیان ئەم كولتوورە ڕەسەنەی كوردە بپارێزن وەكو پاراستوویانە له ماوەی زیاتر له 1400 ساڵى ڕابردوودا و قوربانیەكی زۆریان داوە بە دڕێژایی مێژوویاندا لە پێناوی بەرگریكردن لە كولتوورى ڕەسەنی نەتەوەی كۆڵنەدەری كورد. ئەمە چارەنووسی ئێزدی و عەلەوی و كاكەییەكانە، دەبێ بەردەوامبن لە تێكۆشان و خەبات و پێشكەشكردنی قوربانیی تا بەتەواوەتی ناسنامە و كولتوور و مێزووی گەلی قارەمانی كورد زندوودەكەنەوە.
سەرچاوە:

1. http://www.iranchamber.com/religions/articles/mithraism_influence_on_christianity.php
2. http://www.biblicalarchaeology.org/daily/biblical-topics/new-testament/how-december-25-became-christmas/
3. Sheler, Joseph L. placed Jesus’s birth on March 28. U.S. News & World Report. In: Search of Christmas, Dec. 23, 1996, p. 58).
4. Pop Benedict XVI (2012). Jesus of Nazareth: The infancy Narratives.




كوردستان سەرچاوەی زمانە هیندۆئەوروپاییەكانە

13 توێژەری جیهانی لێكۆڵینەوەیەكیان ئەنجام داوە لەبارەی سەرچاوەی زمانە هیندۆئەورووپاییەكانەوه. هاووڵاتێتی توێژەرەكان و ژمارەیان ئەمانەن: 3 نیوزیلەندی، 1 بەلژیكی، 2 هۆڵەندی، 2 ئوسترالی، 4 ئەمریكايی، 1 بەریتانی، كە كاردەكەن لە ناوەندى  توێژیین و بەشی زانستى ئەم بابەتانە: {كۆمپیوتەر، مایكرۆبایۆلۆژی و بەرگریی جەستەیی، زانستی زمانی سایكۆلۆژیی، مێشك (زانستی ناسینی مێشكیى و ڕەفتار)، سایكۆلۆژی، كولتور و مێژوو و زمان و زانست لەبارەی ئاسیا و ئۆقیانۆسی ئارام، زانستی زانیاریی تەندروستیی و زانیاریی بایۆلۆژی، ژینگەی مۆلیكیۆل و پێشكەوتن، فەلسەفە، زانستی بیركاریی بایۆلۆژی، زانستی ستاتستیكی بایۆلۆژی، زانستی ژێنێتیكی مرۆڤی، زانستی تێگەيشتن و پێشكەوتنی مرۆڤ}.
لەم توێژیینە، ئەم ناوەندە زانستانە و زانكۆیانە بەشداریان كردووە: زانكۆی ئۆكلاندی نیوزیلەندی، ناوەندی زانستى ڕێگای بەلژیكی، ناوەندی زانستى ماكس پلانكی هۆڵەندی بۆ زمانی سایكۆلۆژی، زانكۆی ڕادبۆدی هۆڵەندی، زانكۆی نەتەوایی ئوسترالی، كۆڵیژی پزیشكیی زانكۆی نیویۆركی ئەمریكايی، زانكۆی كالیفۆرنیای ئەمریكايی، زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی. توێژیینەكە بڵاوكراوەتەوە لە گۆڤاری زانستیی بەناوبانگی ئەمریكايی (Science)[1] لە ساڵی 2012 زایینی. ئەم گۆڤارە و گۆڤاری بەریتانی (Nature) بەناوبانگترین گۆڤاری زانستن لە جیهاندا. تەنیا توێژیینی ڕەسەن بڵاودەكەنەوە، واتا تەنیا بڵاوكردنەوەی دۆزینەوە بۆ یەكەم جار و داهێنانی نوێ.
لەم توێژیینە دوو بۆچوون تاقیكراونەوە وەك سەرچاوەی خێزانی زمانە هیندۆئەوروپاییەكان: بۆچوونی ئاسایی، كە دەڵێت ڕاسایەكانی پۆنتیك (كۆماری ئۆكرانیا) شوێنی پەیدابوونی زمانە هیندۆئەورووپاییەكان بووە پێش 6000 ساڵ. بۆچوونی دوەم دەڵێت زمانە هیندۆئەوروپاییەكان بڵاوبوونەتەوە لە ناوچەی ئەنادۆڵ (باكوری كوردستان) بۆ وڵاتانی ئەو گەلانە، كە ئێستا زمانیان هیندۆئەورووپاییە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كشتووكاڵ پێش 8000 تا 9500 ساڵ.
توێژەرەكان لە لێكۆڵینەوەكەیان، شێوازی لێكۆڵینەوەی پرۆسەی مێژووییان بەكارهێناوه، كە لەوانەیە بەرپرس بێت لە بەشكردنی جوگرافی ئێستای مرۆڤ. توێژيينەكه ئەنجام دراوه بە تەماشاكردنی بەشبوونی جوگرافی مرۆڤ بەپێی زانستی ژێنێتیكیى، بەتایبەت زانستی ژێنێتیكی خەڵكی، شان بە شان وشەی سەرەكی 103 زمانی هیندۆئەورووپايی كۆن و نوێ، بۆ دروستكردنی فۆرمێكی ڕوون بۆ بڵاوبوونەوەی خێزانى ئەم زمانانه و هەڵبژاردنی دوو بۆچوونە ناوبراوەكان.
لە ئەنجامدا، توێژەرەكان بەڕوونی بۆیان دەركەوت كه زمانە هیدوئەوروپاییەكان بڵاوبوونەتەوە لە باكوری كوردستانەوە (ئەنادۆڵ)، نەك لە ئۆكرانیای ئێستاوە. كاتی بڵاوبوونەوەكە و شوێنی ڕەگی زمانە هیدوئەوروپاییەكان زۆر ڕێكن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كشتوكاڵ لە باكوری كوردستانەوە، كە دەستیبێكردووە لە نێوان ساڵانی 6000 تا 7500 پێش زایین. ئەم ئەنجامە تیشك دەخاتە سەر ڕۆڵی مەزنی سەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی جوگرافی بۆ بەشبوونی مرۆڤ بە ژێنێتیكیانە بۆ چارەسەركردنی ئەو ململانێیانە كە دەكرێن لەبارەی چەرخی پێش مێژووی مرۆڤایەتیی.
دۆزینەوەكانی شوێنەوارناسی ئەمریكایی پرۆفیسۆر (ڕۆبەرت جۆن بریدوود Robert John Braidwood) و ئەنجامی توێژیینە ناوبراوەكه، یەكدەگرنەوە. پرۆفیسۆر (بریدوود) دەبێژێت گواستنەوەی ژیانی ڕاوكردن بۆ ژیانی كشتوكاڵ لە سەر خاكی كوردستان  لە نزیكەی ساڵی 6000 تا 10000 پێش زایین، ڕوویداوە. هەروەها ئەم زانایە درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت گەلی كورد لە پێش گەلەكانی ترەوە بووە لە پێشخستنی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و لە پێش هەموو گەلانی دونیا ژیانی ناو ئەشكەوتی بەجێهێشتووە و خانوبەرە و پێداویستی ناوماڵی پێشكەوتوو دروستكردووە، و كشتوكاڵ و پێشخستنی بەروبووم (بەرهەمی دانەوێڵە) دۆزراونەتەوە لە كوردستان پێش نزیكەی (12) هەزار ساڵ، كە له كوردستانەوە ڕۆیشتوونه بۆ باشوری میزۆپۆتامیا و پاشان گەیشتوونەتە ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ و لەوێوە بۆ پەهناڤی ئاریایی، و ئەوە هەشتهەزار ساڵ دەبێت بڵاوبوونەتەوە لە باكوری ئەفریقیا و پاشان لە ئەورووپا و هیند. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ كە كشتووكاڵی كوردستان پاش چوارهەزار ساڵ گەیشتۆتە ئەورووپا، واتا پێش نزيكەی هەشتهەزار ساڵ لەمەوبەر و ئەم كاتەیشە لەگەڵ ئەنجامی توێژیینەكە ڕێكە، واتا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەى كشتوكاڵ، زمانە هیندۆئەورووپایەكان بڵاوبوونەتەوە بۆ ئەو گەلانە كە ئێستا بەم زمانانە دەدوێن. شوێنەوارناس (بریدوود) درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت: زۆر لەم بەرهەمە دانەوێڵانە كە دەیان بینین ئەمڕۆ، وەك گەنم و جۆ و گەنمەشامی، هەموویان لە كوردستان دۆزراونەتەوە. لە بارەی پێشەسازییەوە، ئەم زانا ئەمریكاییە دەڵێت: دەتوانین بڵێین شوێنەواری “چيانۆ” كە دەكەوێتە باكوری كوردستان، كۆنترین شاری پیشەسازییە لە جیهاندا، لەم شوێنە تا ئێستا مس تیایدا دەردەكرێت، هەروەها خشتی قوڕین تیایدا دۆزراوەتە، كە نووسینی لە سەر بووە لەبارەی گۆڕینەوەى بازرگانی. هەر لە شوێنەواری “چيانۆ”، پرۆفیسۆر (بریدوود) و تیمە ئەركیۆلۆژییەكەی، پارچە پەڕۆیەكیان دۆزێتەوە، كە كۆنترین پەڕۆیە لە جیهاندا، و دروستكراوە لە ساڵى 7000 پێش زایین.
ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوە ڕوونی هۆی ئەوە دەكاتەوە كە زیاتر لە (50%)ی وشەكانی زمانی ئینگلیزی وەرگیراوە لە زمانی باوباپیرانی كورد، واتا سۆمەرییەكان[2]، وەك زمانناسی بەریتانی پرۆفیسۆر (وادڵ Wadell) لە پێشەكی فەرهەنگەكەیدا ئاماژەی بۆ دەكات. ئەم فەرهەنگە دەیان ساڵ پێش ئەنجامدانی توێژیینەكە بڵاوكراوەتەوە. دەبینین، ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوە بەڕوونی پشتگیری دەكات لە سەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی (وادڵ) لەبارەی وەرگرتنی زمانی ئینگلیزی زیاتر لە نیوەی وشەكانی لە زمانی سۆمەری.
دەركەوتنی ئەوە كە كوردستان، نیشتمانی زمانە هیندۆئەورووپایەكانه، شۆرشێكی مەزنە لە مێژووی كوردا و دەركەوتنی یەكەم شارستانیەتی مرۆڤایەتی كوردستان دەردەخات، و پیشانی دێڕینیەتیی گەلی كورد دەدات، و كه ڕۆڵ و تێكاركردنێكی سەرەكیی هەبووە لەسەر زمان و كولتووری گەلانی جیهان و یەكەم گەل بووە كە ئاگر و كشتوكاڵ و بەخیۆكردنی ئاژەڵ و پیشەسازیی و نووسینى، دۆزێتەوە و شارستانێتیی دروستكردووه.
كۆنترین ئاماژەی زانراو بۆ ناوی (ئەنادۆڵ) لەسەر تاڤلەی قوڕینی بزماری وڵاتی میزۆپۆتامیا كراوە، كە دەگەڕێنەوە بۆ چەرخی بابلى (2350 – 2150 پێش زاینیی) و ناوی ناسرابو بە (وڵاتی هیتییەكان) كە ئەوانیش لە باوباپیرانی كوردن. یەكەم ناوی تۆماركراو بۆ نیوەدوورگەی (ئەنادۆڵ)، كراوە لەلایەن یۆنانییەكانەوە بە ناوی (ئاسیا Ἀσία)[3] كە لەوانەیە ئەم ناویشە وەرگیرابێت لە ناوی (ئاسوا Assuwa) كە دەوڵەتێكی كۆنفیدرالی بووە، پێكهاتووە لە 22 وڵاتی كۆن لە ڕۆژئاوای ئەنادۆ ڵ پێش ساڵى 1400 پێش زاينيى.
تێبینی:
ئەم باسە لەلایەن نووسەرەوە  بە زمانی عەرەبیش نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە.

http://www.m.ahewar.org/s.asp?aid=626214

سەرچاوە:
1. SCIENCE, VOL 337, 24 AUGUST 2012. pp. 957 – 960.
2. Wadell, L. Austin. Sumer – Aryan Dictionary, London, 1927.
3. Henry George Liddell, Robert Scott, Ἀσία, A Greek-English Lexicon, on Perseus.



بابانەکان سلێمانیان دروستکرد یان سلێمانی ئەوانی دروستکرد؟

نووسینی سۆران حەمەڕەش

هەموو ساڵێک یادی دروستکردنی شاری سلێمانی دەکرێتەوە و هەندێک کەسیش پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن و تۆزێک مشتومڕیش لەسەر ڕۆژی یادکردنەوەی شاری سلێمانی دروست دەبێت، بەڵام هەرگیز گفتووگۆیەکی قوڵ لەسەر ناسنامەی سلێمانی و مێژووی زۆر دێرینی ئەو ناسنامەیە نایەتە کایەوە. وەک زۆر لە بۆنەکانی ترمان ئێمە لایەنی ڕووکەشی سلێمانیمان بۆ گرنگە وەک لە تێگەیشتنێکی قوڵ و وورد. ناسنامەی سەرەکی سلێمانی لە دووخاڵی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەویش یاخی بوون/هەڵمەت و قوربانی و ڕۆشنبیری بوونیەتی و ئەمڕۆ بنەچەی بەشێکی ئەو ناسنامەیە بە تەواوی بە بابانەکانەوە گرێ دەدرێت و زۆر جار ئاماژە بە سێ کوچکەی بابان دەکرێت کە شاعیران نالی و سالم و کوردین. وا ئەمساڵیش یادی دامەزراندنی سلێمانی دێتە پێشەوە و پرسیارێک گرنگە کە بیکەین ئەوەیە کە ناسنامەی ڕۆشنبیری و ملنەدانی ئەم شارە، بابانەکان دایانڕشتووە و لەوانەوە دەستیپێکردووە یان بنەچەیکی دێرنتری هەیە؟

ناوچەی شاری سلێمانی بەهۆی ئەو زنجیرە شاخانەی کە دەوری داوە، جۆرێک لە پاراستنی سروشتی هەبووە و سوپای بێگانە بە ئاسانی نەیتوانیوە دەستی بە ناوچەکە بگات. نزیکی چوار هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر پادشای ئەکەدی لەوپەڕی دەسەڵاتیدا ئەمجا توانیویەتی دەستی بە ناوچەکە بگات و لۆلۆییەکان کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە بوون، بۆ ماوەیەک لەو ناوچانەدا بشکێنێت. شکاندنی سوپای ئەو دەڤەرە هێندە بۆ نارام سینی ئەکەدی گرنگ بووە، لە پەیکەرێکی مێژووییدا ئەو ڕوداوەی نەخشاندووە و ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی لۆڤەر پارێزراوە. لە ڕاستیدا تێکستی زۆر دێرین و وورد لەسەر ناوچەی سلێمانی هەیە. هەندێک لەم تێکستانە پێش دروستکردنی بەنداوی دوکان دۆزراونەتەوە و ئەوانی تری لە ئەرشیفی ئەکەدی و ئاشوریدا دۆزراونەتەوە و هەندێکی تریش لەم دواییەدا لە ناوچەی سلێمانی دۆزراونەتەوە کە هێشتا نەخوێنراونەتەوە.

یەکێک لەو تێکستە گرنگانە هی پادشای ئاشوریە کە نزیکی دوو هەزار و نۆ سەد سەد ساڵ لەمەوبەر دێتە ناوچەکە. ئەوەی مایەی سەرنجە هەندێک لە ناوچەکان ناویان وەک خۆی ماون. بۆ نموونە چەمی ڕەزان کە پێش گەیشتنی بە ناوچەی سلێمانی پێیدا ڕۆیشتووە، بە (ڕەدان) ناوی دەبات. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە لە زمانی ئاشوری و ئارامیدا زۆربەی جار پیتی (ز) دەکرێتە (د)، بۆ نموونە (هەزەبان) یان لە ئارامیدا کردۆتە (ئەدیاب/ئەدیابین). بەو جۆرە ناوەکە ئەوساش بۆ باوباپیرانمان هەر (ڕەزان) بووە لەبەر ئەوەی کە لە تێکستەکانی هەورامانیشدا کە تەمەنیان زیاتر لە دوو هەزار ساڵە، وشەی (ڕەز) وەک خۆی بەکارهاتووە. دواتر دێتە ناو شاری سلێمانی کۆن، ئەو کات هەرچەندە شارەکە وەک ئەمڕۆ دروست نەکرابوو، بەڵام گوندەکان کە دواتر لە سەردەمی بابانیدا بوونەتە بناغەی شارەکە هەبوون. پادشای ئاشوری لە شوێنی شاری سلێمانی ئەمڕۆدا ناوی (ئیماڵی) دەهێنێت. لە ڕاستیدا بەپێی ئەوەی کە زۆربەی لێکۆلەران ئەو شوێنە بە شوێنی شاری سلێمانی ئەمڕۆ دەستنیشان دەکەن، لەوە دەچێت (ئیماڵی) هەر گوندی (مەڵکەندی) بێت کە دواتر بووەتە گەڕەکێکی سەرەکی سلێمانی. پێدەچێت کە ناوی گوندەکە لای کوردەکان لەو سەردەمەدا بریتی بوو بێت لە (ئیماڵکەندی) ئیماڵ/کەند، لەبەر ئەوەی کە ناوەکە لێکدراوە و لای کوردەکان (کەندی ئیماڵ) بووە، بۆیە ئاشوریەکان ناوی (کەند) یان نەهێناوە کە مانای هەیە و هەر بەشی یەکەمیان ناوهێناوە. ئەوە لەگەڵ ناوی تری کوردی دێریندا لە زمانی ئارامیشدا کراوە. بۆ نموونە لە ناوی(هەزەبان) دا ئەوان تەنها بەشی (هەزەب) یان نووسیوە و کردوویانەتە (ئەدیاب) لە کاتێکدا پاشگری (ان) پاشگرێکی کوردی دێرینە بە مانای (دەڤەر، شوێن) دێت، ناویان نەهێناوە. ئەوە دێرینی گەڕەکی مەڵکەندی نیشان دەدات و لە ڕاستیدا مەڵکەندی یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سلێمانی. دەبێت ئەوە بزانرێت لەکاتی هەڵکەندنی هەندێک بازاڕی سلێمانیدا شوێنەواری دێرین دۆزراوەتەوە، واتە شوێنی شارەکەی ئەمڕۆ شوێنەواری کۆنی تێدا بووە و ئەوەش دێرینی شارەکە دڵنیادەکاتەوە. بەڵام بەداخەوە سەرەڕای ئەوە لێکۆڵینەوەی وورد و کاری باشی تێدا نەکراوە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە دواتر لەبەر خاتری بازاڕەکان زوو داپۆشراون.

پادشای ئاشوری دێتە شارێک لەکن چیای (ئەزمڕ) و بە (زەمڕو) ناوی دەهێنێت. لەوێدا لەگەڵ سوپای ناوچەکە جەنگێکی گەورە دەکات و دواتر ڕوودەکاتە (بەرزنجە) و ئەو بە (پەرسندو) ناوی دەهێنێت. بەو جۆرە (ئەزمڕ) بە (زمڕو) و (بەرزنجە) بە (پەرسندو) ناوی هاتووە. پێش ئەوەی بگاتە ئەزمڕ، پادشای ئاشوری کە دەگاتە شاخی پیرەمەگرون، ئەو دەیبەستێتەوە بە چیرۆکەکەی نوحەوە، کە ئەو سەردەمەش داستانی خەڵکی ناوچەی کوردستان بووە پێش ئەوەی کە دواتر بچێتە ئاینەکانەوە. بەستنەوەی ناوچەکە بە داستانی نوحەوە، گرنگی ناوچەکە لە داستانەکانی مێسۆپۆتامیا دەخاتە ڕوو.

لەو سەردەمەدا ناوچەی دۆڵی سلێمانی بە گشتی بە زاموا ناسراو بووە و شوێنێکی گرنگ بووە. پادشای ئاشوری کە دەیگرێت، دەڵێت قەڵای کاسیەکان لەو ناوچەیە کۆن بوو بوو و نۆژەندم کردەوە و ناوم نا (دێر ئاشور). کە لەوە دەچێت هەر ئەو ناوە بێت کە کوردەکان دواتر (دێر) ی ئاشوریان کردبێتەوە بە (شار) و ناوەکەیان کردووە بە (شار ئاسور) و دواتر لەسەر زمان گۆڕاوە بۆ (شاراسور/شارەزوور). لە ڕاستیدا ئەو قەڵایەی کە پادشای ئاشوری ئاماژەی پێدەکات، لەوە دەچێت نزیک شارۆچکەی عەربەتی ئەمڕۆ بووبێت و بە درێژایی مێژوو لەوێدا ئەو قەڵا گرنگە هەبووە کە دواتریش لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا ناوی هاتووە و بە قەڵایەکی گرنگ ناوی هێنراوە و باس دەکرێت کە دیوارەکەی هێندە پان بووە ئەسپسوار بە ئاسانی لەسەری ڕۆیشتووە. سەرچاوە ئیسلامیەکان تۆزێک زیادڕەوی دەکەن لە وەسفی قەڵاکەدا کە گوایە ئەسکەندەری مەقدونیش بۆی نەگیراوە و پێغەمبەر داود خۆی دوعای پاراستنی بۆ قەڵاکە و خەڵکەکەی کردووە. هەروەها سەرچاوە ئیسلامیەکان دەڵێن خەڵکەکەی هێندە یاخی و کەلە ڕەقبون، نەچوونە ئاینی ئیسلامەوە هەتاوەکو ئیسلام لێیان بێ هیوا بووە. هەندێک ئەفسانە لە ناوچەکەدا دەگێردرێتەوە کە پشتگیری لە بنەچەی ئەو ڕاستیە مێژووییە دەکەن (دواتر بابەتیان لەسەر دەنووسم).

ناوچەکە زۆر لەو سەردەمەش دێرینترە و لە سەردەمی پێش مێژوودا ئەو ڕۆڵەی دەردەکەوێت. گوندێکی وەکو بێستان سور کە نزیک شاری سلێمانیە، تەمەنی نزیکی یانزە هەزار ساڵە و یەکێکە لەو گوندانەی کە سەرەتای نیشتەجێبوونی مرۆڤی تێدا ڕوو داوە. ئا لەوێدا یەکێک لە کۆنترین تۆڕی ماسی لە جیهاندا دۆزراوەتەوە کە تەمەنی بە نزیکی هەشت هەزار و پێنج سەد ساڵ دەخەمڵێنرێت (پێشتر بابەتم لەسەر نووسیوە). تێکستەکان لەسەر ناوچەی دۆڵی سلێمانی ئەوە نیشان دەدەن کە ناوچەکە زۆر ئاوەدان بووە و یەکێک لە ناوەندەکانی دەستپێکردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بووە. پێش هاتنی ئەکەدیەکان، واتە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر، دەوڵەتە شارێکی زۆر گرنگی تێدا بووە کە ناوەندی دەسەڵاتی لۆلۆییەکان بووە بە ناوی سومیروم و پادشای ئەو دەوڵەتە تێکستی مێژوویی و پەیکەری لێ بەجێماوە. بەداخەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ ئەو شارە نەدۆزراوەتەوە، کە دەشێت لەو شارەدا هەزاران پارچە تێکست بدۆزرێتەوە و دەرگایەک لەسەر چۆنێتی ژیان و لایەنی فەرهەنگیی ناوچەکە لەو سەردەمەدا بخاتە ڕوو.

پێش هاتنی ئیسلام چەندین کەسایەتی گرنگی کریستیان لەو دۆڵەوە هاتوون. وەک جبرائیل شارەزووری و برایم شارەزووری و چەندین کەسایەتی تر کە خەڵکی ئەم دەڤەرە بوون. دواتر لە سەردەمی ئیسلامدا ڕۆڵی شارەزوور یان دۆڵی سلێمانی بە ڕوونی دەرکەوتووە. یاقوتی حەمەوی (١١٧٩-١٢٢٩ز) کاتێک کە باسی شارەزوور دەکات و زۆربەی زانیاریەکانی لە ئیبن مهەلهەل (سەدەی دەیەم ژیاوە) ەوە وەرگرتووە، بە ڕوونی دوو ناسنامە سەرەکیەکەی ئەو سەردەمەی سلێمانی ئاماژە پێدەکات کە بریتین لە یاخی بوون و ڕۆشنبیریی. سەرەتا یاقوت دەڵێت کە خەڵکی ئەو ناوچەیە هەمووی کوردن و یاخین لە دەسەڵات و خەلیفەکان و هەردەم میرەکانیان لە خۆیانن، واتە کوردن. یاقوت ئاماژە بە زانایی خەڵکی ناوچەکە زۆر بە ووردی دەکات و دەڵێت:

(ئەوە بوو لەو دەڤەرەوە خەڵكانێكی ڕێزدار ومەزن وپێشەنگ وزانا وناودارانی دادوەر ولێكۆڵەرانی وەھا ھاتنە پێشەوە كە بەدەر بوون لەدیارییكردن و دەروون دەرەقەتی ژماردن ودرێژلەسەرچوونیان نەدەھات، لەو دادوەرانە ئەوەندە بەسە باسی نەوەكانی شارەزوورییت بۆ بكەم لە پایەبڵندیی قەدر وڕێز و مەزنیی خانەوادە ونشینگە وگەورەیی كردار وناوبانگیان، كە من نەمزانییوە ونەمبیستووە لە ھەموو ئیسلامدا ھێندەی ژمارەی ئەوان دادوەر لەیەك خانەوادە ونشینگەوە دادوەریی گرتبێتە دەست، ھەروەھا نەوەكانی عەسروونیش كە دادوەرن لەشام وپێشەنگن، و لەنێویاندا سەرمەشقی لێكجوداكردنەوەی حەڵال وحەرامن وزۆری تر وخەڵكانی تری زۆریش جگە لەوان، لە لێكۆڵەرانی شافیعی مەزھەب، كە خۆێندنگەكان لەوان پڕە وجمەی دێت). دکتۆر عەبدوڵا حەیانی عەرەب لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١١ پێی هەستاوە و تایبەتی کردووە بە کەسایەتیەکانی شارەزوور و ئاماژە بە ڕۆڵی ڕۆشنبیریی شارەزووریەکان دەکات دەڵێت (زۆربەی ئەوانەی کە قازی بوون لە بەغدا، شام، موسڵ و حەلەب، شارەزووری بوون). ئەویش هاوشێووەی یاقوتی حەمەوەی هەمان سەرسوڕمانی خۆی لە ژمارەی زاناکانی ئەو دەڤەرە لە مێژوودا دەخاتە ڕوو و لەو لێکۆڵینەوەیدا ناوی دەیان کەسایەتی شارەزووری دەهێنێت کە لە بواری جیاجیادا پسپۆڕ بوون.

لە ڕاستیدا سەدان کەسایەتی و زانای شارەزووری گرنگی دۆڵی سلێمانی لە سەردەمی ئیسلامدا هەبوون، کە هێشتا دەزگا کوردیەکان ئاشنای زۆرینەیان نین. یەکێک لەو کەسایەتیە جیهانیانە شەمسەدینی شارەزووریە. لە ڕاستیدا گەر شەمسەدین فەیلەسوفێکی ئینگلیز یان فەرەنسی بوایە ئەمڕۆ جیهان و کوردیش ئاشنا دەبوو بە فیکری ئەو پیرمەندە. مرۆڤ کاتێک کتێبەکانی شەمشەدین دەخوێنێتەوە، شەرم لە هەلومەرجی ڕۆشنبیری ئەمڕۆ دەکات کە ئەو زانایە نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر لە چ ئاستێکی فکریدا بووە. دەرکەوتنی ئەم کەسایەتیانە لە ناوچەکەدا بەردەوام بووە و لەم پێنج بۆ شەش سەد ساڵەی دواییش بەردەوام کەسایەتی گەورەی جیهانی هێناوەتە کایەوە. لەوانە برایم کوردی گۆرانی شارەزووری (١٦١٤-١٦٩٠ز)، مەولانا خالیدی نەقشبەندی (١٧٧٣-١٨٠٤ز) و سوڵتان سەهاک-ی بەرزنجیی کەسایەتی و پیرمەندی مەزنی یارسانەکان کە خەڵکی ئەم دەڤەرە بووە و نزیکی حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر سەبارەت بە کەعبەکردنی بەرزنجە بۆ کورد دەفەرموێ:

عیسا باوەما، عیسا باوەما داود تۆ بزا عیسا باوەما
شێخو بەرزنجە و حاجی و کاوەما چێگا ئاخر مۆر فەرەن لاوەما

سوڵتان سەهاک ێژێت (داود، شێخ عیسا باوکمە و بەرزنجە لە جیاتی حەج و کەعبەی منە و ئەمانە فەرز و پیرۆزن بۆ من).

بەو جۆرە دەڤەرەکە هەمیشە ئەو هەڵکەوتە جوگرافیەی وایلێکردووە کە تەنانەت خەڵکەکەی هەوڵ بدەن حەج و کەعبەش لە ناوچەکەی خۆیاندا دابنێن و تا ساڵی سیەکانیش ئاماژە بە بەردە ڕەشەکەی مزگەوتی بەرزنجە کراوە و پێم وابێت ئەمڕۆش بەردە ڕەشەکە هێشتا لە دیواری مزگەوتەکەی بەرزنجەدا مابێت کە چیرۆکێکی دوور و درێژی لەسەرە.
دۆڵی سلێمانی بە درێژایی مێژوو ناوەندێکی کوردی بووە و هەڵکەوتە جوگرافیەکەی وایلكردووە کە هەمیشە ملی بە دەسەڵاتدارانی بێگانە نەدابێت جا ئەو دەسەڵاتدارە خەلیفەی بەغدا بووبێت یان هەر دەسەڵاتدارێکی تر. هەرچەندە ناوچەکە لەلایەن بێگانەوە چەندین جار داگیرکراوە، بەڵام هەمیشە ڕۆحێکی بەرەنگاربوونەوەی تێدا زیندوو بووە و دەسەلآتی وەرگرتۆتەوە. جا کاتێک کە بابانیەکان لە ساڵی ١٧٨٤ ز دا شاری سلـێمانی نوێیان دروستکردووە و لە قەڵاچوالانەوە پایتەختی ئیمارەتەکەیان هێناوەتە ئەوێ، سەدان ساڵ پێش بوونی بابانەکان ئەو ناوچەیە مەڵبەندی پیرمەند و کەسایەتی جیهانی بووە. بۆیە ڕاستە سلێمانی نوێ وەک شار لەلایەن بابانەکانەوە دروستکراوە بەڵام سلێمانیی وەک فەرهەنگ و مێژوو و ناسنامەکەی، زۆر لە بابان دێرنترە و سەدان ساڵ پێش هاتنی بابانەکان ئەو دۆڵە دوو کاراکتەرە تایبەتەکەی خۆی هەبووە، مل نەدان بە دەسەڵات و بێگانە و ڕۆشنبیری.

بەداخەوە ئەمڕۆ بۆچوونێکی هەڵەی بێ بنەما لە ناو خەڵکدا وەک ڕاستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە دەڵێت لایەنی ڕۆشنبیری سلێمانی لەگەڵ دامەزراندنی شاری سلێمانی لەلایەن بابانەکانەوە دەستیپێکردووە و زۆر جار سێ کوچکەکەی بابان، واتە سێ شاعیرەکە کراون بە پێشەنگی ئەو لایەنە. بەڵام خوێندنەوەی چەند پەڕەیەکی کتێبە تەمەن هەشت سەد ساڵەکانی پیرمەند و فەیلەسوفی جیهانیی شەمسەدینی شارەزووری و ناسینی دەیان کەسایەتی مەزنی مێژوویی ئەو دەڤەرە بە تەواوی بۆمان دەردەخات کە چەند بە هەڵە لە ڕەگی فەرهەنگیی ئەو ناوچەیە گەیشتووین و لە ڕابردوودا و پێش دەرکەوتنی بابانیەکان ئاستی خوێنەواری کەسایەتیەکان لە کوێدا بووە. ئەم دۆڵە لە سەردەمی نوێشدا کەسایەتی وەک مەحوی، بێکەس، شێرکۆ بێکەس، تۆفیق وەهبی، پیرەمێرد، موستافا پادشای یاموڵکی، حەپسەخانی نەقیب، ئەمین زەکی و سەدان کەسایەتی تری هێناوەتە کایەوە. دیارە بابان دەوڵەتێکی گرنگی کوردی بووە و ڕۆڵێکی گەورەی لە مێژووی ناوچەکەدا هەبووە، بەڵام ئەوە ئەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە پێش هاتنی بابانەکان بۆ ناوچەی دۆڵی سلێمانی، ئەو شارە ناوەندێکی فەرهەنگیی و یاخی بوون بووە لە دەسەڵات.

وەک زۆر لە ناوچەکانی تری کوردستان، ئێمە هێشتا ئاگاداری زۆر ڕووی مێژوویی سلێمانی نین و یادێکی زیاتر ڕووکەشیی بۆ دەکەین. بۆ نموونە هەتاوەکو پێش جەنگی جیهانی یەکەم سلێمانی ناوەندی چەک دروستکردن بووە و نزیکی ١٥٠ شوێنی چەکسازی تێدا بووە کە بەشی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تفەنگیان دروستکردووە. مارک سایکس دەڵێت کە کۆپیەکی زۆر باشی تفەنگی (مارتینی پیبۆدی) لە سلێمانی دروستکراوە (بڕوانە وێنەکەی ناوەڕاست). هەتاوەکو سەد ساڵێک لەمەوبەر هێشتا ئەو دەرگایەی کە ئەوڕەحمان پادشای بابان لە دەربەندی بازنیان دروستیکردبوو بۆ بەرگریکردن لە سلـێمانی بەرامبەر بە سوپای تورکی داگیرکەر، هێشتا پاشماوەکەی دەبینرا. زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەریش باوباپیرانمان لەوێدا بەرامبەر سوپای ئاشوری و لەوێدا داکۆکیان لە دۆڵی سلێمانی کردبوو. کێ دەڵێت ئەوڕەحمان پادشا هەر لەسەر ئەو شوێنەواری دەرگا دێرینەکە ئەوەی دروستنەکردبێت؟

جا ئەمڕۆ دانانی شاری سلێمانی وەک شارێکی داهێنەر لە بواری ئەدەبدا لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی یۆنسکۆوە ڕێکەوت نیە و بەستنی سلێمانی بە ئەدەبەوە بنەچەیەکی مێژوویی دێرینی هەیە. وا دیسان ١٤ ی مانگی یانزە، ڕۆژی دامەزراندنی شاری سلێمانی نزیک دەبێتەوە، بە بڕوای من بەستنەوەی هەموو لایەنی فەرهەنگیی سلێمانی بە بابانەوە، زوڵمە لە مێژووی دۆڵی سلێمانی و لە هەمان کاتدا تەڵخکردنی تێگەیشتنمانە لە مێژووی ئەو دەڤەرە، لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا و لە ڕووی فەرهەنگیەوە سلێمانی بابانی دروستکردووە نەک پێچەوانەکەی.

نووسینی سۆران حەمەڕەش

تێبینی:
-ئەم بابەتە هەوڵی نووسینەوەی مێژووی سلێمانی نیە زیاتر ئاوڕدانەیەکە لە ناسنامەی ئەو دەڤەرە و بەهەند وەرگرتنی ڕابردووی دێرینیەتی کە ئەمڕۆ بە هەڵە تەنها بەستراوەتەوە بە بابانەوە. دیارە بابانەکان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە بەڵام ناسنامەی فەرهەنگیی دەڤەری سلێمانی زۆر لە بابانەکان و سێ کوچکەکەی دێرینترە.
– لەم بابەتەدا مەبەست لە دۆڵی سلێمانی، ئەو ناوچەیەیە کە بە درێژایی مێژوو بە شارەزوور لە قەڵەم دراوە. لە ڕابردوودا شارەزوور هەم ناوچەیەک بووە و هەم شارێک ناوەندی ئەو ناوچەیە بووە کە پێدەچێت لە شوێنی شاری عەربەتی ئەمڕۆدا بووبێت.
– کوردی هیچ ناوچەیەک لە کوردی ناوچەیەکی تر جیاواز نیە، کۆمەڵێک هەلومەرج و فاکتەری جیاواز ناسنامەی ناوچەیەک لە ناوچەیەکی تر جودا دەکاتەوە.
– وێنەکانی چەپ و ڕاست لە سەدەی ڕابردوودا لە سلێمانی گیراون و ئەوەی ناوەڕاست وێنەی ئەو چەکەیە کە کۆپیەکەی لە سلێمانی دروستدەکرا و بە (مارتینی پیبۆدی) ناسراوبووە.




مەغوولان و کۆمەڵکوژی کورد و ئەرمەنی

رەحیم لوقمانی

مەنگۆلان(مەغولان) لەبەر برسیەتی و خووی چەتەگەری و تاڵان و کوشتن، چەند جار لە مەغولستانەوە هێرشیان کردە سەر وڵاتانی دراوسێیان، سەدەی ١٣ زایینی هێرشیان هێنا بۆ سەر ئێران و عێراق و کوردستان و ناوچەیەکی زۆریان داگیرکرد. کار و ژیانی ئەوان هەر تاڵان و دزی و داگیرکاری و کوشتن بوو. باکووری کوردستان و ئەنەدۆڵ نیشتمانی سەرەکی کورد و ئەرمەن و یوونانی بوو. ڕەوەی مەنگولانی تاڵانکەر هاتن، کوشتیان، تاڵانیان کرد، خواردیان، وێران و داگیریان کرد. ئێستا ئەوانی داگیرکەر و دز و مرۆڤ‌کوژ خاوەن ماڵ و مسوڵمانن! کوردیش لە سەر خاکی خۆیان بێگانە و کافرن! هەموو گەلی ئەرمەنیش پاکتاو کران.
یەکەمین کومەڵـکوژی ئەرمەنییەکان، بە دەستی سوپای دڕندەی دەوڵەتی رەگەزپەرست و ئەمپریالیزمی عوسمانی لە نێوان (١٨٩٤ـ ١٨٩٦) بە فەرمانی سوڵتانی خوێنڕێژ، عەبدولحەمیدی دووەم ئەنجام درا، کە بە هەزاران ئەرمەنییان کوشت، تەنیا لەبەر ئەوەی کە تورک نەبوون و ئایینیان مەسیحی بوو. جینۆسایدی دووەمی ئەرمەنی لە سەدەی بیستەمدا، لە نێوان ساڵانی ( ١٩١٥ ـ ١٩١٨) لە لایەن سپای عوسمانییەوە، دژی گەلی ئەرمەنی بێتاوان ئەنجام درا، کە زیاتر لە (یەک‌ ملیۆن‌ونیو) ئەرمەنی بە دڕندانەترین شێوە شەهیدکران. ژمارەی ئەرمەنییەکان لە تورکیای ئەوسەردمەدا، دوو ملیۆن دووسەد هەزار کەس و خەڵکی ڕەسەن و خۆجێی ئەوێ بوون. کەچی ئێستا تەنیا شەست هەزار ئەرمەنی تێدا ماونەتەوە! بەڵام ژینۆسایدی کورد لەسەر خاکی باب و باپیری خۆی مێژینەی گەلێک زۆرە و ئێستاش بەردەوامە:
١ــ کوشتاری خەڵکی “دەرسیم” کە تورکان ناویان گۆڕیوە بۆ تونجەلی! ساڵی (١٩٣٨ــ١٩٣٧) هێزی هەوایی و لەشکری داگیرکەری تورک، ٦٥ تا ٧٠ هەزار کوردی بێ تاوانی عەلەوییان شەهید کرد، تەنیا بە هۆی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی! ڕێبەری کورد سەید ڕەزا دەرسیمی و ٤٧ خەباتکاری دیکە ساڵی ١٩٢٥ دەست بەسەر کران و برانە ئامەد و لەوێ ئێعدام کران. دوای ئەوە کوشتار و ڕاگواستن و نیشتەجێ کردن دەستی پێ کرد. لەشکری جینایەتکاری تورکان دەوری ناوچەکەیان دا و بە هەزاران کوشتار و دەستدرێژی و تاڵانی ماڵانی کوردان ڕووی دا و تورکیان هێنا و لەوێ نیشتەجێیان کردن. هەر بۆیە کوردان گوتوویانە “لەجێی شابازان کۆرکۆرە وازان”. ساڵی ١٩٣٦ ناوی دەرسیمیان گۆڕی بۆ تونجەلی و تورکاندیان! بەڵام کورد هەرمایەوە و سەرلەنوێ هەستایەوە و دەرسیم هەر بە خەباتی نەتەوەیی بووژایەوە.
٢ــ تورکان لەوەتی لە سەر خاکی کوردان نیشتەجێ بوونە، هەمیشە ترسیان لە هەستانەوەی خاوەن ماڵ بووە لە سەر خاک و ماڵی داگیرکراوی خۆیان. ساڵی ١٥١٤ی میلادی ٢٠٠ هەزار سەربازی تورک بە فەرمانی سوڵتان سەلیمی یەکەم وەک نوێنەر و رێبەری ئیسلامی سوننی هێرشیان هێنایە سەر ئێران و لەگەڵ سپای شا ئیسماعیلی سەفەوی لە چاڵدێران، نزیک شاری خۆی، کەوتنە شەڕ و خوێن‌ڕشتن و وێرانکاری وڵاتی کوردان. لەو شەڕەدا نزیکەی ٣٥ هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکە و سەربازی سەفەوی کوژران و ئێران شکستی هێنا. نەتیجەش ئەوە بوو کە بەشێکی زۆری کوردستان دابەش کرا و کەوتە بن دەستی تورکانی عوسمانی، وەک: باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. تورکانی فاشیستی داگیرکەر ناوی زۆربەی گوندەکانی کوردستانیان بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی گۆڕیوە بۆ تورکی. ئێستاش ناوی زۆربەی گوندەکانی ڕۆژهەڵات، باشوور، بەتایبەت شار و گوندەکانی باکوور هەمووی کراون بە تورکی. سوڵتانی تورکان بەهەموو شێوەیەک هەوڵیان داوە زمانی کوردی و ناوی کوردی و کوردستانیش بسڕنەو. ئەمە پیلان و بەرنامەی وەچەی تاڵانچییانی تورکستان بووە سەبارەت بە کورد و خەڵکی کوردستان. بەلام کوردستان هەر کوردستان مایەوە و ئاکامی خەڵیفە و پاشاکانی ئەوانیش گۆڕستان…
٣ــ یەکەمین فەرمانی قڕکردنی کوردانی ئێزیدی لەلایەن خەلیفەی موعتەسەمی عەباسی ساڵی ٢٢٤ ک،فەرمانی خەلیفەکانی عوسمانی، ١٧١٥، فەرمانی نادر شای فارسی ١٧٣٢، پاشان فەرمانی ئەمیرانی مووسڵ و دەوروبەر بۆ سەر گیان و ماڵی ئێزیدیان. بەڵام لە هەموو فەرمانێک دڕندانەتر فەرمانی تورکانی عوسمانی بووە کە بە ناوی ڕێبەری جیهانی ئیسلامییەوە، هەمیشە بەردەوام بوون لە هێرش و پیلان بۆ سەر کوردانی ئێزیدی. سەرەتای سەدەی ١٥ی میلادی،فەرمانی عوسمانی بۆ پاکتاوی ئێزیدی دەست پێ دەکات. دەوڵەتانی عوسمانی یەک بە یەک بە ناوی دینەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک پیلانیان بۆ سڕینەوەی کوردانی ئێزیدی داڕشت، بە بیانووی کافر بوون و کورد بوونیان. لە تورکیای ئاتاتورکیشدا ئەمە هەمان بیانووی مستەفا کەماڵ بوو بۆ کوشتاری کوردان. (ئێستاش بیژووەکانی مەنگولان وەک “ئەردۆغان” بە هەمان دروشمی ئیسلامی هێرش دەکەنە سەر کوردان و لەگەڵ دەوڵەتانی ئیسلامی ناوچەکە، وەک قەتەر و عەرەبستان و… جۆرەکانی داعشیان دروست کردووە بۆ جێبەجێ کردنی هەمان ئایدۆلۆژی دڕندانە و پیسی خۆیان، یان بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، وەچەکانی مەغوولان مەرگ بۆ هەموو کوردان دەخوازن).
٤ــ کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی ١٧ و ١٨ و ١٩ی زایینی لەسەر خەڵکی شنگال و هەموو ئێزیدییەکان ئەوەندە دڕندانە و ترسناک بووە، ئێستاش موچوڕک بە لەشدا دێنن. هێرشەکانی والی بەغدا و سلێمان پاشا، هێندە دڵڕەقانە و (داعشیانە) بوون کە تەنانەت یەک کەسی ئێزیدی لەودیو چیای شنگالدا نەمابوون.
ساڵی ١٨٠٢ی زایینی والی بەغدا بە فەرمانی شاخەلیفەی تورکان هێرشیان کردە سەر شنگالی پیرۆز و ژمارەیەکی زۆریان لە خەڵکی بێ تاوان و بێ دیفاعی ئێزیدی شەهید کردن.
٥ــ ساڵی ١٨٠٩ی سلێمان پاشا بە هەمان شێوە و ساڵی ١٨٣٧ ڕەشید پاشا لەگەڵ لەشکری مسوڵمانانی دەمارگرژی ناوچەکە هێرشیان کردەوە سەر شنگال و خەڵکی ئێزیدی، وەک چووبێتنە غەزای کافران، ئەوەندەیان لەو خەڵکە هەژارە سەربڕین، لە سەر ڕێگە و ناو گوندەکاندا خوێن چۆڕاوەی کردبوو.
لە کوشتارەکانی سەدەی ١٩دا لە کۆی ٢٥٠ هەزار ئێزیدی، تەنیا ٥٠ هەزار کەسیان مابوونەوە.
٦ــ لە سەدەی ١٩دا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە ناو مسوڵماناندا بانگەشەی کردبوو کە هەرکەس ئێزیدییەک بکوژێت، لەو جیهان بەهەشتی بۆ خۆی کڕیوە! وەک سوڵتان گوتبووی، چونکە ئێزیدی ئایینی بێ کتێبە و دژی ئیسلامەتییە. (ئەو بیانووەی کە داعشەکانی سەدەی ٢١یش بە هەمان دروشمی کوێرانەی ئایینی هێرشیان کردە سەر کوردانی ئێزیدی).
(لە ڕاستیدا ئایینی ئێزدی، کۆنترین ئایینی مێژوویی ناوچەی مێزۆپۆتامیایە و بنەمای دەچێتەوە سەر ئایینی میترایی لە کوردستاندا. “جیلوە و مەسحەفا ڕەش” دوو کتێبی پیرۆزی ئێزیدین و لە هەردوو کتێبەکەدا هەر باسی ڕاستی و خۆشەویستی بۆ سروشت مرۆڤایەتی و ستایشی یەزدانی مەزنە. هەرگیز ستایشی شەڕ و شاڵاوی دینی و شمشێرکێشان بۆ ئایینەکانی‌تر نەکراوە. ئایینەکانی دیکە تەنیا لە ناو ئێزیدیەکاندا ئازاد بوون و ئازادانە ژیانی ئایینی و فەرهەنگی خۆیان پاراستووە).
٧ــ ساڵی ١٨٩٢ عومەر پاشا لەسەر داوای سوڵتانی عوسمانی بە ناو ڕیفۆرمی ناوچەی مووسڵ هێرش دەکاتە سەر ئێزیدییەکان و دوای کوشتارێکی زۆر ١٥ هەزار کەسیان لێ بە دیل دەگرن. بە وتەی ڕۆجەر لیسکۆ ئێزیدیەکان لە نێوان ١٦٤٠ بۆ ١٩١٠ بیست جار کۆمەڵکوژی و کوشتاری دڵتەزێنیان لێ کراوە. بەڵام یەکەمین فەرمان و هێرشی قڕکردنی کوردانی ئێزیدی لەلایەن خەلیفەی موعتەسەمی عەباسییەوە ٢٢٤ ک، فەرمانی خەلیفەکانی عوسمانی، ١٧١٥، فەرمانی نادر شای فارسی ١٧٣٢، پاشان فەرمانی ئەمیرانی مووسڵ و دەوروبەر بۆ سەر گیان و ماڵی ئێزیدیان کە خۆیان بە فەرمانی ٧٤ ئەژماریان کردوون و هەرگیز لەبیریان ناچێتەوە.
٨ــ ڕۆژی ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٤ پاش چرای سەوزی پارتی و کشانەوەی هێزەکانیان لە شنگال، داعش بە هەمان ئایدۆلۆژی و هەمان دروشم و هەمان شێوازی دڕندانەی تورکانی عوسمانی باوکیان، هێرشیان هێنایە سەر شنگال و زێدی ئێزێدیان و دیسانەوە کارەسات و کارەسات…! لەم هێرشەدا زیاتر لە ٥ هەزار کوردی ئێزیدی شەهید کران، دەیان هەزار کەسیان ئاوارە و دەربەدەر کران، ماڵ و کێڵگە و سامانی خەڵک تاڵان و وێران کران. نزیکەی ٦ هەزار کچ و ژنی ئێزیدی بە دیل گیران و داعش کردنی بە کۆیلەی جنسی و بازرگانییان پێوە کردن. ئێستاش نیوەی ئەو ژنە بێ تاوانانە کەس نازانێ چییان بەسەر هاتووە و لەکوێن…؟
٩ــ هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاوا، دەوڵەتی فاشیستی تورک بە تیرۆریست و کافر ناوی بردن و بەردەوام هەڕەشەی هێرشی سەربازی لێ دەکردن. یەکەم بەرنامەی ئەردۆغان داگیرکردنی کۆبانی بوو بە ناردنی بەغدادی و شاڵاوی ڕەوەی داعشی هاومەرامی خۆیان. ئەوە بوو کچان و کوڕانی ڕۆژئاوا بە سەدان شەهید لەمۆزی ئەردۆغان و داعشیان لە زەوی دا و سەری کۆبانییان لە هەموو جیهان بەرز کردەوە. هەڕەشەی داعش و ئەردۆغان لەسەر کوردان هەر بەردەوام بوو. تورکیا بۆ ئەم مەبەستە چەندین گرووپی دینی ــ تیرۆریستی عەرەبی پڕ چەک کرد و بە هەماهەنگی ڕووسی ڕووسیا، شاڵاویان کردە سەر شاری عەفرین. بە بەرچاوی جیهانی مودێرن و مافی گەلانەوە! خەڵکی عەفرین لە ماڵ و زیدی خۆیان دەرکران و دیسانەوە بە کوشتن و تاڵان و داگیرکردنی خاکی کوردان، چەتەی عەرەب و تورکیان لەوێ نیشتەجێ کردن!
دەوڵەتی تورک بە هەمان خووی چەتەگەری مەنگۆلان، بە هەمان ئایدۆلۆژی عوسمانییەوە، کوردانی ڕۆژئاوا بە کافر و مەجووسی (زەردەشتی) دەزانێ و لەگەڵ گرووپە تیرۆریستەکانی هاوفکریان دەیانەوێ دیسان بەشێکی دیکەی خاکی کوردستان داگیر بکەن و کورد پاکتاو بکەن و وەک پیشەی باپیرانیان دەست بکەنەوە بە تاڵان و دزی و کوشتار و گۆڕینی دیمۆگرافیای وڵاتی پارچە کراوی کوردان…
١٠ــ بەڵام جیهانی بە ناو مودێڕن! و خێڵی قژزەردی نەوتخۆران! زۆر جێگەی داخن کە وا ئێمەی کوردیان کردە بەرپەڵ بۆ تێکشکاندنی داعشەکان(کە تەیار و پۆشتەی چەکی خۆیان بوون)! کەچی لە ناکاودا بە عیشقی نەوتی خاکی کوردانەوە پشتی کوردیان بەردا. هەزاران ڕەوەی تیرۆریست و لەشکری مەغوولەکانیان لە ئاسمان و عەردەوە تێبەرداین…
بۆ ئاگاداری زلهێزانی جیهانی مودێرن! و دیموکراسی! کە ئاشقی نەوتن، ئێمەی کورد ئاشقی ئازادی و مرۆڤایەتین و چیاکانمان هەمیشە پشتیوانی وەفادارمانن. دەبا بیژووانی ئاتاتورک و چڵکاوخۆر و چڵکنانی هاوبیریان باش بزانن، ئێستا ئیتر دەورەی داگیرکردن و چەتەگەری سەدەکانی پێشوو نەماوە و جیهان زۆر گۆڕاوە. باوەڕی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستی کوردان و خووی تاڵان و دڕندەیی و داگیرکاری ئەوان، لە هەموو جیهاندا دەنگیان داوەتەوە. باش بزانن کە هەرگیز ئایینی بەرزی چیای شنگال بە شاڵاوی هیچ هێزێک ناتوێتەوە. دواڕۆژی لالشی نوورانی هەر ڕووناکە و مەلەک تاووس بە ئازادی باڵ دەگرێتەوە بەسەر شنگالدا و لە سەر گۆڕی شەهیدانا هەزاران مۆمی ئازادی هەڵدەگرسێنێت. ڕۆژی ئازادی لە ڕۆژئاوا هەر ئاوا نابێ و زناری سەختی چیاکانی گشت کوردستان، گەرووی پیسی داگیرکەران دەتاسێنێ. با دیکتاتۆر و خەڵیفەکان بزانن، کوردستان هەر کوردستانە و ئاکامی ئەوانیش گۆڕستان…




مێژووی کورد و کوردستان له توێژینەوەی زانایانی روسدا

نووسینی: د.ئەسعەد رەشیدی
وەرگێڕانی: شەهرام عەبدوڵڵا

مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لە توێژینەوەی توێژەرانی سەدەی نۆزدەیەمی روسیادا، تا دەگاتە قۆناغی بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧دا و تا دوای یەکێتی سۆڤیەتیش، یارمەتیدەرێکی گرنگ و پڕبایەخە بۆ ناسین و تێگەیشتنی زانستییانە لە کێشەی کورد. توێژینەوە قووڵە مێژوویی، رەچەڵەکناسی، سیاسی – ئابووریی، زمانیی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، لە نووسینی مێژووزانانی روسدا چ لە سەردەمی روسیای قەیسەری و چ لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت، بە شێوەیەکی گشتی دەنگدانەوەی فراوانیان هەبووە.

 

بە هۆی ئەوەی توێژەرانی روس هەوڵیان داوە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی (مێژوویی، ریوایی، بەراوردکاری) رەگ و بنیاتەکانی کێشەی کورد و کوردستان شیکار بکەن و هاندەرەکان، پێکهاتەکان، ئاراستە جیاوازەکان و هەندێجار نەگونجاوەکان لە کێشەی کورددا تاوتوێ بکەن و شارەزایانە و بە وردی لێیان بکۆڵنەوە.

توێژینەوە زانستییەکانی مێژووی کورد و کوردستان لە ئەدەبی روسدا، لە دوو رووی جیاوازەوە شیاوی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنن. یەکەم: نووسراوەکانی بەرپرسانی ئیداریی و سەربازیی حکومەتی قەیسەری کە رەهەندی ئیداریی و بەڕێوەبەرایەتی وایان هەیە، هەندێجار تێکەڵ بە بیرەوەری و رابردووی مانەوەیان لە کوردستان دەبن و لەگەڵ روانینی جیۆپۆلەتیکی ئیمپراتۆرییەتی روسیا هاوتەریب دەبن و دەخوێننەوە. دووەم: نووسینە زانستییانەکانی توێژەرانی روس کە لە رێڕەوی پێشکەوتن و پەرەسەندنی زانستی مێژوویی، لەوانەش کۆردولۆژیدا رێک خراون لە چوارچێوەی توێژینەوە زانستییە مێژووییەکاندا پۆلێن دەکرێن و هەڵدەسەنگێنرێن.

بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە خەباتیدا بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس، سەرنجی ئەنجومەنە بیانییەکان لەوانەش وڵاتانی ئەورووپی بۆ لای خۆی راکێشا و بوو بە بەشێکی جیانەکراوە لە پرسە دژوارە ناوچەیی و نێوان ناوچەییەکان.

روسیای قەیسەر و کورد
توێژینەوە لە بارەی دەستپێک و مێژوو و کەلتووری کورد، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم و لە کاتێکدا لە لایەن داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی روسیای قەیسەری بە شیوەیەکی بەردەوام دەستیپێکرد کە ناوچەی قەوقاس لە ئەنجامی جەنگەکانی روسیا – عوسمانیی و روسیا – ئێراندا، کەوتبووە ناوەندی سەرنجی سیاسەتی پەرەسەندنخوازانەی ئیمپراتۆرییەتی روسیا بەرەو باشوور.

لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێتدا توێنەوە لە بواری کوردۆلۆژیدا لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە پەرەسەندنی زیاتری بە خۆوە بینی، بەڵام بە هۆی بیرکردنەوەی بەرتەسک و سنوورە ئایدۆلۆژییەکان، نەتوانرا بۆ ئاستێکی زانستی تۆکمە گەشە بکات.

لەگەڵ هەموو ئەوانەش هەوڵی توێژەرانی روس لە پانتایی (ئەدەب، شیعر، کەلتووری چینایەتی) و هەروەها زانستی خەڵکناسیدا، یارمەتیدەرێکی گرنگ و پڕبەهایە بۆ پەرەپێدانی ئاستی تێگەشتن لە مێژووی کورد و کوردستان.

سێ هەنگاو
دەکرێ زانستی کوردناسی لە روسیای کۆن و نوێدا بە سێ هەنگاو دابەش بکرێت.

هەنگاوی یەکەم
هەنگاوی یەکەم بە روانین و ئاراستەی جیۆپۆلەتیکییانەی روسیای قەیسەری بۆ کوردستان دەناسرێتەوە، کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە دەست پێدەکات و تا قۆناغی بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان بەردەوام دەبێ. لەو قۆناغەدا نووسین و توێژینەوەی زانایانی وەکو: ی.ئا.ئاربیلی (И. А. Орбели)، پ.ی لیرخ (П.И.Лерх)، ن.یا.مار (Марр Н. Я) و بە تایبەت نیکیتین (В.П.Никитин) و مینۆرسکی (В. Ф. Минорский) وەکو دوو کەسایەتی زانستی و کەلتووری، دەوری بەرچاویان لە ناسین و لێکۆڵینەوەی مێژووی کورد و کوردستاندا هەیە.

لەنێوان بەرداشی ئیمپراتۆرەکاندا
جەنگە بێپایانەکانی هەر دوو ئیمپراتۆرییەتی روسیا و عوسمانیی لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا. کاریگەری شوێنی سەرنجیان لە سەر کێشەی کورد دانا. روسیا هەوڵی ئەوەی دەدا جیاوازییە ناوخۆییەکانی حکومەتی عوسمانیی لەوانەش پرسی کورد لەو وڵاتەدا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی و لە ناوچەی قەوقاسدا کە گرنگییەکی ستراتیژیی هەبوو لە بەرچاو بگرێت و بەکاریان بێنێ. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان مەحمودی دووەمدا، میرنشینەکانی بابان، سۆران، بادینان و هەکاری، خودموختاری ناوخۆییان هەبوو. لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان روسیا و عوسمانییدا، حکومەتی عوسمانیی بڕیاری دا کۆتایی بە خودموختاری ناوچەکانی کوردستان بهێنێ، چونکە پێویستییەکی زۆری بە سەرچاوەی دارایی و مرۆیی هەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی روسیا لە بەرەکانی جەنگدا.

هەروەها هەبوونی پێکهاتە خودموختارەکانی کوردستانی لە بەردەم ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆیدا بە کۆسپ دەزانی. راپەڕینە بێژمارەکانی کورد وەکو: راپەڕینی عەبدولڕەحمان پاشا (١٨٠٦/١٨٠٨) لە موسڵ، بابانزادە ئەحمەد پاشا (١٨١٢) راپەڕینی زازاکان لە ناوچەی دێرسیم (١٨١٨/١٨٢٠) راپەڕینی ئێزدییەکان (١٨٣٠/١٨٣٣) راپەڕینی ئیدریسییەکان لە هەکاری (١٨٣٠/١٨٣٣) شەرەفخان لە بەدلیس (١٨٣١) محەمەد پاشای کۆرە لە موسڵ (١٨٣٠/١٨٣٣)، قارزان لە دیاربەکر (١٨٣٣/١٨٣٧) بەدرخان (١٨٤٣/١٨٤٧) یەزدانشێر(١٨٥٥) لە بەدلیس، هەمووان ناڕەزایەتی بەرفراوانی کۆمەڵگەی کوردییان لە ئاست فشارەکانی حکومەتی عوسمانیی پیشان دەدا.

روسیا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا و لە دوای پتەوکردنی پێگەی سیاسی خۆی لە قەفقاس، بە مەبەستی دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی هەوڵی زۆری خستە گەڕ.

ئاراستەی سیاسی روسیای قەیسەری بەرامبەر کورد لە سەر بنەمای تێکدانی هاوسەنگی هێز لە قەفقاس و ئاسیای ناوەڕاست دروستبوو. لەو چوارچێوەیەشدا دەبێ دەوری گرنگی ژەنەراڵ ساکۆڤیچ (И. Ф. Паске́вич) لە بەرچاو بگیرێت کە لە کاتی شەڕ لەگەڵ عوسمانییدا (١٨٢٨ ـ ١٨٢٩) لە ناو کورداندا دەستیکرد بە بانگەشەکردن و رایکێشان بە لای ئیمپراتۆرییەتی روسدا. لە ناو کورداندا خێڵەکانی رواندوز شانبەشانی سوپای روسیای قەیسەری دژ بە سوپای عوسمانیی دەجەنگان. (١)

لەو بارەیەوە دەکرێت ئامانجی دیکەی ئاراستەی سیاسەتی روسیا لە ئاست قەفقاس و بە تایبەت کوردستان باس بکرێن، وەکو ئامانجە ئابووریی و بازرگانییەکان کە روسیا لە رێگەی کوردستانەوە دەیتوانی پێان بگات، چونکە کوردستان روسیای دەبەستەوە بە رێڕەوی سەرەکی بازرگانی کافاکاس تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گرنگی جیۆئیکۆنۆمی کوردستان بۆ روسیا، بە تایبەت لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا بە خێرایی رووی لە گەشەکردن بوو.

لەگەڵ پەرەسەندنی سەرمایەداری لە روسیا بازنەی دەستوەردانی ئەو وڵاتە لە قەفقاس زیاتر پەرەی دەسەند و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا، کوردستانی باکوور لەگەڵ ئەرمینیای رۆژئاوا و ئازەربایجانی باشوور بوون بە نیمچە کۆلۆنی روسیا. لە لایەکی دیکەوە سەرکوتکردنی سیستماتیکی کورد لە لایەن دەوڵەتی عوسمانیییەوە کە خۆی لە کۆتاییهێنان بە خودموختارییەکان، سەپاندنی باج، ناردنیان بۆ شەڕ لەگەڵ روسیا (تێکەڵکردنی خێڵە کوردەکان لەگەڵ سوپای حەمیدییە) دەبینییەوە. رێخۆشکەر بوو بۆ ناڕەزایەتی و بێزاری کوردانی باکوور. لە سەر بنەمای ئەو واقیعە ئاراستە و روانینی سیاسی روسیای قەیسەری بۆ کورد دروستبوو و کورد کەوتە ناوەندی سەرنجی پیترسبۆرگەوە.

بە شێوەیەکی گشتی دۆکترینی سیاسی روسیای قەیسەری بەرامبەر کورد، لە دوای کۆتاییهاتن بە شەڕی ئێران و روسیا (١٨٠٤ ـ ١٨١٢) و شکستی ئێران لە شەڕەکەدا لە ساڵی ١٨٢٨ کە بە پەیماننامەی تورکمەنچای کۆتایی هات، دەستیپێکرد و تا کاتی بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧ بەردەوام بوو.

شەرەفنامە لە کتێبخانەکانی روسیا
لە چوارچێوەی ئەو ئاراستەیەدا سەرنج و روانینی پیترسبۆرگ بۆ زانستی رۆژهەڵاتناسی و توێژینەوە پێوەندیدارەکانی وەک کوردۆلۆژی پەرەیان سەند.

ژەنەراڵ سوختلین (П. К. Сухтелен) لە ساڵی ١٨٢٨دا لە میانەی شەڕی نێوان ئێران و روسیا، کتێبخانەی شاری ئەردەبیلی وەک دەستکەوتی شەڕ گواستەوە بۆ روسیا. لەو کتێبخانەیەدا، کتێبی شەرەفنامە (١٥٩٩) هەبوو، کە لە لایەن نووسەری کتێبەکە واتە شەرەفخانی بەدلیسییەوە واژۆ و پێشکەشی کتێبخانەکە کرابوو. ئەو کتێبە لەلایەن ژەنەراڵ سوختلینەوە نێردرا بۆ پیترسبۆرگی پایتەختی روسیا. زانایانی روس دەستبەجێ وەک کتێبێکی دەستنووس جەختیان لە گرنگبوونی کردەوە (٢) و پرۆفیسۆر ڤیلیامینۆف زرنۆف (В.В.Вельяминов-Зерноф) نوسخەی ئەسڵی کتێبەکەی کە بە زمانی فارسی نووسرابوو چاپ و بلاو کردەوە. پاشان پرۆفیسۆر شارمووا (Ф.Шармуа)، وەرگێڕدراوی شەرەفنامەی بە چوار بەرگ و بە زمانی فەڕەنسی لە ساڵانی ١٨٦٨ ـ ١٨٧٥ بڵاو کردەوە.
بە وتەی نیکیتین (В. Никитин)، لە شەڕی قریمەدا کاتێک ژمارەیەک کورد لە لایەن سوپای روسەوە بە دیل گیراون. ئەکادیمیای زانستەکانی روسیا، پ.ئەی. لێرخ (П. И Лерх ) دەنێرێت بۆ لایان و لەو رێگەیەوە یەکەم تێکستی کوردی شەرەفنامە لە ساڵی (١٨٥٦ـ ١٨٥٨) لە سەر دەستی پ.ئەی.لێرخ و بە ژێرنووس و چەندین تایبەتمەندی دیکە بڵاو دەکرێتەوە. هەروەها دوو زانای دیکە بە ناوەکانی بریزین (И. Н. Березин) و دیتێل (В. Ф Диттель) لە لایەن ئەکادیمیای زانستەکانی روسیاوە بۆ فێربوونی زمانی کوردی راسپێردراون.(٣) هەر لەو سەروبەندەدا دوو دیپلۆماتکار بە ناوەکانی خۆداکۆ (А. Я. Ходько) و ژابەی (А. Д. Жабой) رۆڵی کاریگەریان هەبووە لە توێژینەوە مێژووی کورددا. خۆداکۆ لە ساڵی ١٨٧٥ لە پاریس توانی گۆڤاری (ئاسیاییەکان) بە زمانی فەڕەنسی بڵاو بکاتەوە کە وەک کوردانی سۆرانی سلێمانی دەڵێن؛ تایبەت کرابوو بە کوردستانی باشوور. ژابەی کە کۆنسوڵی روسیا بوو لە ئەرزەڕوم (١٨٤٨/١٨٦٦) دوای فێربوونی زمانی کوردی بە هاوکاری ژمارەیەک کورد توانی فەرهەنگی وشەی کوردی- فەڕەنسی و فەرهەنگێکی ئاخافتن بە زمانەکانی فەڕەنسی- روسی- کوردی بڵاو بکاتەوە. (٤)

پرۆفیسۆر و.ف.مینۆرسکی (В. Ф. Минорский ١٨٧٧ ـ ١٩٦٦) کە خوێندنی لە زانکۆکانی ماف و رۆژهەڵاتناسی مۆسکۆ تەواو کردبوو. لە ساڵی ١٩٠٣ وەک دیپلۆماتکاری حکومەتی روسیای قەیسەری لە ئێران و تورکیا کاری کردووە. دوای بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧، ئەو نەگەڕایەوە بۆ روسیا و لە ساڵی ١٩٦٦ لە پاریس کۆچی دواییکرد. هۆگری مینۆرسکی بۆ مێژووی کورد و کوردستان لەو ساڵانەی لە ئێران و تورکیا بوو زیاتر بوو. هەروەها گرنگی دا بە توێژینەوە لە بارەی مێژووی ئێران، قەفقاس، تورکیا، لەگەڵ مێژووی ئیسلام. لەو بوارانەشدا نووسینی پڕبەهای ئامادە کرد، وەکو کتێبی کوردەکان(١٩١٥) یاداشتەکانی گەشت (١٩١٦) یاداشتەکانی پترۆگراد (١٩١٥) شوێنەوارە دێرینەکانی گۆلی ورمێ، کە سەرەتا و سەرچاوەی مێژوویین بۆ کورد.

مینۆرسکی رابردوو و ژینگەی کورد بۆ سەرەتای سەدەی حەوتەمی پێش زایین دەگەڕێنێتەوە، نووسیویەتی:” زێدی کوردان و یا (زمانەکەیان) بە ئەگەری زۆر دەگەڕێتەوە سەر رۆژهەڵات. لەگەڵ دەرکەوتنی ئاریاییەکان لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی پێش زاییندا، گریمان دەکرێ مادەکان و هاوپەیمانانیان لە ساڵەکانی ٦٠٧ی پێش زاییندا، کۆتاییان بە حکومەتی ئاشوورییەکان هێنابێ و لەو کاتەدا بەشێکی گەورەی کوردان بەرەو رۆژئاوا کۆچیان کردووە. پێویستە هاوکات ئەوەشمان لە بیربێ کە ئەرمەنەکان وەکو دراوسێی دێرینی کوردان (کە بنەچەیان لە گەلێکی دیکەیە) لە (فرجیا) دەرکەوتن و دوای زاڵبوونیان بە سەر ئوراتوودا لە کەنارەکانی گۆلی وان نیشتەجێ بوون. بەمپێیە ئەگەر زێدی نەژادی ئەرمەنییەکان لە باکووری رۆژئاوا هەڵکەوتبێ، شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەتایی کورد دەبێتە رۆژهەڵاتی ئەو ناوچەیە. بەو شێوەیە ئەم دوو شەپۆلی کۆچکردنە نایەکسانە، چیاکانی توروسیان بە سەر دوو بەشی جیاجیادا دابەش کرد”. (٥)

مینۆرسکی کە فێری زمانی کوردی ببوو، ئاشکرای کرد بە روانین بۆ چییەتی ئەم زمانە (وەک سیستەمێکی بنیاتی بۆ ناسینی سەرەتایی نەتەوەکان) دەکرێ تێگەیشتنێکی دروست لە رەگ و سەرچاوەی نەتەوەی کورد دەستەبەر بکرێت.

نووسیویەتی:” زمانی کوردی لە ریزی زمانە ئێرانییەکاندا دانراوە کە فارسی، ئەفغانی، بەلوچی ئاستینەکانی قەفقاس دەگرێتەوە. زمانی کوردی (فارسییەکی تێکدراو) نییە، بەڵکو زمانێکە کە بە تەواوەتی جیاواز و گرێنەدراوە بە میتۆدەکانی فۆنۆلۆژی و رێزمانی تایبەت. هەروەها پێوەندی بە زمانی فارسییەوە وەکو پێوەندی زمانی روسی لەگەڵ سربیایی، یا زمانی لادینی سویسرییەکانی چیا لەگەڵ زمانی ئیتاڵی وایە “. (٦)

هەنگاوی دووەم
هەنگاوی دووەم، دوای بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧ تا کۆتایی نیوەی دووەمی دەیەی ٥٠ بەردەوام دەبێ و لە تێکستی نووسەرانی سۆڤیەتدا دەردەکەوێت. وەکو؛ گ. ئەستاخۆف (Г.Астахов)، م.پوگاریۆلف (М.Погорелов) و چەند کەسێکی دیکە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغەی زانستی مێژوویی روسیای سۆڤیەت و پاشان یەکێتی سۆڤیەت، روانین و ئاراستەی ئایدۆلۆژییە، کە لە سەر بنەمای ئامانج و ئارمانەکانی وەک شۆڕشی جیهانی، سەرکەوتنی سۆسیالیزمی زانستی و دروشمە پێوەندیدارەکانی ئەو قۆناغە مێژووییە راگیرابوو و زیاتر شوێنکەوتووی رەهەندە بەهێزە هەستیار و پۆپۆلیستییەکان بوو تاوەکو توێژینەوە بنیاتی و زانستییەکان. لەو سەردەمەدا تاوتوێکردنی بنیاتی و لێکدانەوەی پێکهاتەکان و ئاراستەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، لە لایەن توێژەرانی وەک ئەستاخۆف (Г.Астахов)، م. پوگاریۆلف (М.Погорелов)، خاڵفین (Н.А.Халфин)وە دانپێدانراو نەبوون و بە شێوەیەکی یەکلایەنە و بە دوور لە خستنەڕووی بەڵگە و دۆکیۆمێنتی مێژوویی و بڕوا پێکراو (هۆکاری راستەقینەی راپەڕینەکانی کوردیان بە پیلانی دەرەکی و پلانی ئیمپریالیزمی بەریتانیا) دەبەستەوە.

ئەو روانینە نەک هەر لە تێکست و توێژینەوەی نووسەرانی روسدا بانگەشەی بۆ دەکرا، بگرە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتیشدا بە شێوەیەکی بەربڵاو رەنگی دابووەوە.

خاڵفین (Н.А.Халфин) لە کتێبی خەبات لە رێگەی کوردستاندا، بە هێنانە ئارای کۆمەڵێک پرسیار لە بارەی چییەتی و چۆنییەتی کۆمەڵایەتی، دەستپێک و بنەڕەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سەدەی نۆزدەیەمدا و کاریگەری و ئاراستەی سیاسی ئەو حکومەتە بەهێزانەی پەیوەستی پرسی کورد بوون. قۆناغێکی نوێی بە زانستی کوردۆلۆژی زیاد کرد. خاڵفین بە ئاماژەدان بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی – ئابووری کوردستان و رۆڵی سەرۆک خێڵەکانی کورد لە مێژووی گۆڕانکارییەکانی کوردستاندا، نووسیویەتی:” خێڵە کوردەکان رۆڵێکی بەرچاویان لە رەوتی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستاندا هەبووە”. (٨) لە لایەکی دیکەوە خەباتی کوردان “بە دوور لە هەر چەشنە ئامانجێکی تایبەت دەبینێ کە لە رێکی بەرژەوەندی شێخ و فیۆدالەکاندا بە گەڕ کەوتووە”.(٩) خاڵفین بە ئاماژەدان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە رابەرایەتی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری لە ساڵی ١٨٨٠دا، راپەڕینی کورد لەو قۆناغەدا دەبەستێتەوە بە ئیرادەی سوڵتانی عوسمانیی و سیاسەتی بەریتانیا و نووسیویەتی:” ئاپۆرای بەرینی خەڵکی کورد وەک کۆمەڵێک کارت بە دەستی کۆڕ و کۆمەڵی فیۆدالی ئێران، عوسمانیی و بەریتانیاوە، بە مەبەستی لاوازکردنی روسیا گەمەیان پێ دەکرا”. (١٠)

ئەم هەڵسەنگاندنەی خاڵفین بێجگە لەوەی پشتی بە بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نەبەستووە، لە بەڵگاندنی لۆژیکیش بە دوورە. سەرەتا دەبێ بڵێین سنووردارکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە چوارچێوەی بەرژەوەندی شێخ و فیۆدالەکان، لەبەرچاو نەگرتنی ناوەرۆکی خەباتی مێژووویی کوردە بۆ رزگاربوون لە ستەمی نەتەوەیی. هەروەها ئاوڕنەدانەوەی نووسەر پێشان دەدات لە گرنگی پێکهاتە سیاسی – ئابووری، کۆمەڵایەتی – کەلتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمەش واتە بێ هیچ گرنگیپێدانێک و بە ئاسانی بە تەنیشت دنیایەک رووداوی مێژووییدا تێدەپەڕێت. پێویستە ئەوەشمان لەبیربێ هێزە کۆلۆنیالیستەکان، بە تایبەت بەریتانیا هیچ هۆگرییەکیان بۆ ئامانجەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد پێشان نەدەدا، لەوانەش جودابوونەوەیان لە ئێران و تورکیا. بە پێچەوانەوە لەو قۆناغە دیارەی مێژوودا هێزە کۆلۆنیالیستەکان بە شێوەیەکی بنیاتی هۆگری ئەوە بوون کاریگەری سیاسەتی دەرەوەی خۆیان لە سەر هەر دوو وڵاتی تورکیا و ئێران زیاتر پەرە پێ بدەن و بە هیوابوون لە رەوتی گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا ئەو دوو وڵاتە و سەرزەمینی کوردستانیش بکەن بە کۆلۆنی خۆیان.

هەنگاوی سێیەم
هەنگاوی سێیەم لە دەیەی شەستی سەدەی بیستەم و داڕمانی سیستەمی کۆلۆنیالیستییەوە دەست پێدەکات و تائیستا بەردەوام دەبێ. لەم قۆناغەدا نووسین و توێژینەوەی گرنگ و پڕبەها لە لایەن توێژەران و مێژووزانانی روس لە بارەی کورد و کوردستان بڵاو دەبنەوە.

هەندێک لەوانە بریتین لە: لازاریف (М.С.Лазарев 1930-2010 )، ژیگالینا (О. И. Жигалина)، حەسرەتیان (Гасратян М.А)، مگۆی (Ш. Х. Мгои)، ج جەلیلی (Джалил. Д ) ش ئەشیری. ئەمانە کاریگەری بەرچاویان هەبووە لە سەر دەوڵەمەندکردن و پەرەسەندنی زانستی کوردۆلۆژی. بە تایبەت کە سنوورە ئایدۆلۆژی و حزبیی و حکومییەکانی یەکێتی سۆڤیەتیان لە سەر نامێنێ.

بزووتنەوەوەی کورد لە یەکە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا) و کاریگەرییەکەی لە سەر جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە وەک پرۆسەیەکی بەربڵاو، زانایانی روسی هان دا لە رەهەندە جیاجیاکانی ژیانی نەتەوەی کورددا توێژینەوەی قوڵ بکەن.
پرۆسەی کوردۆلۆژی لە روسیا بە شێوەیەکی تەقلیدی لە بەشی رۆژهەڵاتناسی ئەکادیمیای زانستی روسیا لە شارەکانی سان پیترسبۆرگ، یەریڤان، تەفلیس و مۆسکۆ بە گەڕ خرا.

لە دەیەکانی ٨٠ و ٩٠ی سەدەی بیستەمدا، کوردناسانی سۆڤیەت پلانێکیان جێبەجێکرد کە بەپێی ئەو پلانە توێژینەوە پراتیکی و بنیاتییەکان لە بارەی پرسی کورد و تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەکەی، لە بەشە لە یەکدابڕاوەکانی سەرزەمینی کوردستان، هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەلایەنەیان دەکرد.

بەشە لەیەکدابڕاوەکانی کوردستان
پرۆفیسۆر ئۆ.ژیگالینا (О. И. Жигалина)، مێژووزان و توێژەری مێژووی کورد لە پەرتووکی (بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ئێران)دا، لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کورد دەکۆڵێتەوە. ئەوە دەخاتە روو کە سیستەمەکانی لێکەوتەی ئەو پێکهاتەیە لە سەربنەمایەکی پێوەندی تەقلیدی بنیات نراون کە لە قۆناغە مێژووییە دیارەکاندا لە هەناوی کۆمەڵگەدا کەڵەکە بوون. لە روانگەی سیاسییەوە ژیگالینا بە ئاماژەدان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد نووسیویەتی:” کێشەی کورد لە ئێران، کێشەیەکی دژوار و پڕ تەنگ و چەڵەمەی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە کە وەک خواستی کورد بۆ بە دەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس ناسراوە. بەو هۆیەش بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی گروپە دەسەڵاتدارەکانی ئێران وەستاوە و بووەتە گرێیەکی ئاڵۆزی پێکهاتوو لە تێکگیران و بەرەوڕووبوونەوەی نێوان ویلایەتەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. (١١)

پرۆفیسۆر م.حەسرەتیان (Гасратян М.А)، مێژووزانێکی دیکەی سۆڤیەتە و شارەزای مێژووی مودێرنی تورکیایە. لە بارەی پرسی کورد لە تورکیا لە کتێبی (کوردەکانی تورکیا لە مێژووی هاوچەرخی یەریڤان ١٩٩٠)دا نووسیویەتی:” نەریتی خەباتکارانەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کورد لە تورکیا وێنا دەکات کە خۆی وێنایەکە لە خەبات بە دژی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی”.(١٢)

حەسرەتیان کێشەکانی نێوان کورد و حکومەتی تورکیا دەستنیشان دەکات و بە ئاماژەدان بۆ کێشەی دەستووری بنەڕەتی نووسیویەتی:” دەستووری بنەڕەتی ١٩٨٢ی تورکیا وەک دەستوورەکانی پێشوو، مافی کورد پشتگوێ دەخات و لەڕووی مافەوە جەخت لە سەر یەکپارچەیی و تێکەڵکردنی کورد و کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە دەکات”.(١٣)

بە بۆچوونی حەسرەتیان بەکارهێنانی واتا سیاسییەکان لە تورکیا یارمەتیدەر دەبێ بۆ دەرچوون لە کێشەی هەنووکەیی.

ش. مگۆی (Ш. Х. Мгои) شارەزا لە مێژووی کورد، هەوڵ دەدات لایەنە گرنگەکان و بەربڵاویی خەباتی نەتەوەیی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمە دیکتاتۆری و هەژمونخوازەکان لە وڵاتانی عێراق و سوریا لە (کتێبی پرسی کورد لە عێراقی ئێستادا) بخاتە روو، بە تایبەت دوای کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ کە پێکهاتنی دوو وڵاتی عێراق و سوریای لێکەوتەوە. مگۆی نووسیویەتی:” بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە کوردستان لە راستیدا هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس لەو وڵاتانەدا”. (١٤)

کارێکی گرنگی دیکە لە بارەی کێشەی کورد و کوردستان، توێژینەوەیەکی هەمە لایەنەیە کە گروپێکی کوردناسانی روس کردوویانە. ئەو گروپە بریتین لە : م.لازاریف، (М.С.Лазарев 1930-2010 )، ئۆ.ژیگالینا ،(О. И. Жигалина)، ش. مگۆی (Ш. Х. Мгои)، م. حەسرەتیان (Гасратян М.А). کتێبەکەیان لە ساڵی ١٩٩٥ لەژێر ناوی (کوردستانی هاوچەرخ) بڵاوکردووەتەوە. لە پێشەکی کتێبەکەدا بە ئاماژەدان بۆ نیگەرانی کۆمەڵگەی جیهانی لە چارەنووسی کوردان نووسراوە:” چارەنووسی نزیک لە ٣٠ ملیۆن کورد کە بە درێژایی ٢٥٠٠ ساڵە لە سەرزەمینی باو و باپیرانی خۆیاندا دەژیێن و پشکی گرنگیان لە بەرەوپێشچوونی کەلتوور و پێگەیشتنی مێژووی نەتەوەکان و وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا هەبووە، نەک هەر مایەی زیادبوونی نیگەرانی روسیا، بگرە سەرتاسەری جیهانیشە، چونکە لەگەڵ ئەوەی بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی خەبات دەکەن، هێشتا بۆ بەرپاکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی رێگرییان لێ دەکرێت”.(١٥)

نووسەرانی کتێبی (کوردستانی هاوچەرخ) هەوڵ دەدەن هەڵسەنگاندنێکی واقعیانەی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بکەن. دیارە لە ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا. هەروەها وێنەیەکی روون لە کاریگەری کەشی سیاسەتی جیهانی لە سەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بخەنە روو.

کێشەی کورد لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا
یەکێک لە دیارترین توێژەرانی مێژووی کورد و کوردستان،م.س.لازاریف(М.С.Лазарев١٩٣٠ـ٢٠١٠) کە کۆمەڵە توێژینەوەیەکی زانستی خۆی لە سێ کتێبدا بڵاوکردووەتەوە و بریتین لە: (کوردستان و پرسی کورد، دەیەی ٩٠ی سەدەی نۆزدەیەم تا ساڵی ١٩١٧) (ئیمپریالیزم و پرسی کورد، ١٩١٧-١٩٢٣) (کوردستان و پرسی کورد، ١٩٢٣-١٩٤٥)

ئەم کتێبانە توێژینەوەی بەربڵاو و فراوانن لە بارەی مێژووی کوردستان و ئاخێزگەی ئەتنی و نەتەوەیی، گرنگی جیۆپۆلەتیک و جیۆستراتیجی لە خۆ دەگرن، هەروەها ئاراستەی سیاسی ئیمپراتۆرییەتەکانی عوسمانیی، روسیای قەیسەری و رۆڵی وڵاتانی ئیمپریالستی لە دابەشکردنی سەرزەمینی کوردستان تاوتوێ دەکەن.

لازاریف لە کتێبی (کوردستان و پرسی کورد، دەیەی ٩٠ی سەدەی نۆزدەیەم تا ساڵی ١٩١٧)دا، سەرهەڵدانی شۆڕشی مەشروتە (١٩٠٥-١٩١١) لە ئێران، رۆڵی کوردان و پێوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا تاوتوێ دەکات. هەروەها بە شێوەیەکی ورد و زانستی دەستوەردانی زلهێزەکانی وەک روسیا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە پرسە پێوەندیدارەکان بە کێشەی کورد باس دەکات و هەڵسەنگاندیان بۆ دەکات. لازاریف بە وردی و بە شێوەیەکی بنیاتی و گشتگیر پێوەندییەکان و رکابەرییەکانی هێزە کۆلۆنیالیستەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانەش پێوەندییان بە کێشەی کوردەوە هەڵدەسەنگێنێت، دیارە تا ئەو قۆناغەی بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧ دەسەڵاتی دەوڵەت دەگرنە دەست. لەو پێناوەشدا پشت بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی وەزارەتی دەرەوەی روسیای قەیسەری و نامەکانی دیپلۆماتکارانی روس لە شارەکانی؛ ئیستەنبول، وان، ئەرزڕووم، تبلیس، ورمێ و کرماشان دەبەستێ و بەو شێوەیە لایەنە ناڕوون و شاراوەکانی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی روسیای قەیسەری لە کوردستان ئاشکرا دەکات.

لازاریف لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیویەتی:” لە هەناوی کێشەی کورددا، خەباتی ئازادیخوزانەی نەتەوەی کورد هەڵگیراوە کە پرۆسەیەکە بەرەو گەیشتن بە سەربەخۆیی نەتەوەیی. لەو رووەوە کە کورد وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرییەتەکانی عوسمانیی و ئێراندا دەرکەوتووە و لە لایەکی دیکەوە ئەو وڵاتانە خۆیان وەک ئامرازێک بۆ هێنانەدی سیاسەتی زلهێزەکان دەردەکەون”. (١٦) توێژینەوەکە نەک هەر خوێندنەوە بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی کورد دەکات، بگرە زۆر رووداوی بنیاتی مێژووی هەر دوو وڵاتی ئێران و عوسمانیی لە پێوەند بە سیاسەتی جیهانیش هەڵدەسەنگێنێت.

لە روانگەی لازاریفەوە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە بوو بە یەکێک لە دژوارییە نەتەوەییەکان و بە گرێیەک لە پێوەندییە نێوەدەوڵەتییەکاندا. هەروەها سەرکوتکردنی کورد لە لایەن پێکهاتە سیاسییە دیکتاتۆرییەکانەوە، بووە هۆی تێکگیرانی خوێناوی و درێژخایەن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەمپێیە خوێندنەوەی کێشەی کورد بە تەواوەتی و لە روانگەی زانستییەوە بێئەندازە گرنگە و یەکێکە لە گرنگترین و خێراترین پێویستییە سیاسییەکانی سەردەم”.(١٧)

لازاریف لەگەڵ ئەوەی باس لە داڕمانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و پرۆسەی روو لە گەشەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان لە ناو ئێران و عوسمانییدا دەکات، نووسیویەتی:” لە دەیەی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانیی و دەوڵەتی قاجار لە ئێران، پرسی کورد گرنگی زۆری لە ژیانی سیاسی (چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوە)ی ئەو دوو وڵاتە پەیدا کرد. خەباتی کوردان بۆ بە دەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان، پانتاییەکی فراوانی وەرگرت و گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی گشتگیر کە لە داڕمان و کۆتاییپێهاتنی مێژووی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی و دەوڵەتی قاجار لە ئێران رۆڵی گرنگی گێڕا”.(١٨)

لە ساڵی ١٩٨٩ پرۆفیسۆر لازاریف بە بڵاوکردنەوەی کتێبی (ئیمپریالیزم و پرسی کورد ١٩١٧-١٩٢٣) هەنگاوێکی دیکە لە بواری لێکدانەوە و توێژینەوەی سیستماتیک و مێژووی کوردۆلۆژی لە روسیا بەرەو پێش چوو. لەم کتێبە گرنگەدا لازاریف چۆنیەتی سیاسەت لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و بە تایبەت پارچە پارچەکردنی سەرزەمینی کوردستان باس دەکات (دیارە لە ئەنجامی کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣)، ئەوەیش بە ئاماژەدان بە رۆڵی چارەنووسسازی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان، وەکو مانۆڕە دیپلۆماسییەکانی بەریتانیا.

هەروەها نووسیویەتی”: کێشەی کورد تەنیا کێشەی ناوخۆیی دەوڵەتەکانی عوسمانیی و ئێران نەبوو، چونکە کاری کردبووە سەر پێوەندی سیاسی نێوان ئەو دوو وڵاتە و لە چوارچێوەی لۆژیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر دەرچووبوو و لەگەڵ بەرژەوەندیی ئیمپریالیستییەکان و دەوڵەتە بەهێزەکانی ئەو سەردەمە، وەکو بەریتانیا، ئەڵمانیا، روسیا و تا رادەیەک بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا و ئەمریکا بەر یەک دەکەوتن”. (١٩)

لازاریف بە روانین بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە بارودۆخی نوێی جیۆپۆلەتیکی ئەو سەردەمەدا، رۆڵ و کاریگەری هەر یەک لە ئەکتەرە بەهێزەکانی سیاسەتی جیهانی وێنا دەکات. بە بۆچوونی لازاریف بە کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم سیستەمی تەقلیدی کۆلۆنیالیزم گۆڕانی بەرچاوی بە سەردا هاتووە. سیستەمی سەرپەرشتیکردنی (Mandate – زۆرە ملێ) لە وڵاتانی عەرەبی؛ لوبنان، عێراق، سوریا و فەلەستین سروشتی سیاسی و ئابوری وەرگرتووە.

کۆنفرانسی لۆزان
بە پێی رێککەوتنی کۆنفرانسی لۆزان لە ٢٤ی ژوئییەی ١٩٢٣دا، باشوور و باشووری رۆژئاوای کوردستان لکێندران بە پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق و سوریاوە. لەو کۆنفرانسەدا دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی فەڕەنسا و بە تایبەت بریتانیا لەژێر بەندەکانی ٦٤ و ٦٣ی پەیماننامەی سیڤەر کە بە روونی باسی خودموختاری کوردستانیان تیادا کرابوو، دەرچوون.

(مادەی ٦٣؛ کۆمسیۆنێک کە لە کۆنستانتین کۆ دەبێتەوە و پێکدێت لە نوێنەرانی سێ دەوڵەتی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و لە ماوەی شەش مانگدا – لە کاتی جێبەجێکردنی پەیمانەکەوە- پلانێک بۆ خودموختاری ناوچە کوردنشینەکان ئامادە دەکەن. ئەو ناوچانە بریتی دەبن لە رۆژهەڵاتی فورات، باشووری سنووری باشووری ئەرمینیا کە دواتر دەستنیشان دەکرێت، هەروەها باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا و، بەینولنەهرەین، بەو جۆرەی کە لە مادەکانی ٢٧ و ٢ و ٣ دا دەستنیشانکراوە).

بە دەستنیشانکردنی سنوورە نوێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جارێکی تر و دوای زیاتر لە چوار سەدە* کوردستان بە سەر چوار بەشدا دابەشکرا. لە روانگەی لازاریفەوە:” هەلومەرجی ئەو سەردەمە کە لە سەر بنەمای پێوەندییە نوێ ئابووری – سیاسییەکان پێکهاتبوو، کوردی لە دانانی ژێرخانێک بۆ کوردستانی سەربەخۆ تووشی شکست کرد”. (٢١)

لە ساڵی ٢٠٠٥دا کتێبی (کوردستان و کورد ١٩٢٣-١٩٤٥)ی لازاریف بڵاو کرایەوە کە تەواوکەری دوو کتێبەکەی دیکەی نووسەرە. لەم توێژینەوەیەدا نووسەر نەک هەر باس لە دژوارییە ناوخۆییەکانی کوردستان دەکات، بگرە گۆڕانکارییە قوڵەکان لە پێوەندی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی سیستەمی دوو جەمسەری جیهان و کاریگەرییان لە سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش کوردستان هەڵدەسەنگێنێ.

لازاریف بە پشتبەستن بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان کە لە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە دەستی هێناون، رەهەندە جیاوازەکانی گۆڕانکارییەکانی کوردستان، وەکو؛ ناسیۆنالیزمی کورد، ئەنجامەکانی رێککەوتنی لۆزان، کێشەی موسڵ، رۆڵی یەکە سیاسییەکانی؛ ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا، سیاسەتی دەرەوەی هێزە کۆلۆنیالیستییەکان، بە تایبەت بەریتانیا، رۆڵی سۆڤیەتی پێشوو لە هەورازونشێوی کۆماری کوردستان لە ساڵانی ١٩٤٥-١٩٤٦دا، بە وردی و زانستییانە هەڵدەسەنگێنێ.

لازاریف لە بارەی پەیماننامەی لۆزانەوە نووسیویەتی:” لە درێژەی رێککەوتنی نێوان بەریتانیا و تورکیا، پەیماننامەی نێوان بەریتانیا – تورکیا – عێراق لە رۆژی ٥ی ژوئییەی ١٩٢٦دا واژۆ کرا کە بە شێوەیەکی یاسایی کوردستانی دابەشکرد. ئەو رٶژە، رۆژێکی رەشە لە مێژووی نەتەوەی کورددا. بەو شێوەیە دابڕان لە ناو نەتەوەی کورددا نەک هەر دژوارتر و قوڵتر بوو، بگرە لە رووی پێگەی یاساییەوە شێوەیەکی نێودەوڵەتی وەرگرت و جارێکی تر کورد لە مێژووی خۆیدا بوو بە قوربانی هێزە سەپێندراوەکان”.(٢٢)

کێشەی موسڵ (نەینەوا) بوو بە یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی نێوان بەریتانیا و تورکیا و گرنگی جیۆپۆلەتیکی کوردستانی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێشان دا. موسڵ لەڕووی دابینکردنی گەنم و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی دیکەوە، بۆ بەغدا گرنگییەکی زۆری هەبوو، بەڵام ئەوەی لە پێوەندی نێوان عێراق و تورکیادا گرنگی زیاتری هەبوو، نەوتی کەرکوک بوو کە ئەو کات بەشێک بوو لە ویلایەتی موسڵ. ئەو بابەتە یەکێک لە کۆڵەکە بنیاتییەکانی پرۆسەی دانوستانی نێوان تورکیا و عێراق بوو.

پەرەسەندنی گرژییە سیاسییەکانی نێوان بەریتانیا و تورکیا لەسەر سەرچاوە ژێرزەمینییەکانی کوردستان، وەکو نەوتی کەرکوک، سەرنجی کارەکتەرە بەهێزەکانی سیاسەتی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشا.

فەڕەنسا بە پێڕەوکردنی سیاسەتی سەرپەرشتیکردن بەسەر سوریا و لوبناندا زاڵ بوو. پێکهێنانی وڵاتانی سعودیە و ئۆردون، تیۆری سیستەمی پێشووی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی گۆڕانکاری کرد.

لکاندنی بەشی باشووری کوردستان (ویلایەتی موسڵ) بە عێراقەوە، خەباتی کوردی بۆ گرتنە دەستی چارەنووسی خۆی دژوارتر کرد و بووە هۆی توندبوونی رووداوە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ناوچەکەدا، کە بە دەستوەردانی هێزە کۆلۆنیالیستەکان لە کاروباری کوردستان روونتر دەرکەوت.

دۆزینەوەی سەرچاوەکانی نەوت لە کەرکوک و دەستپێکی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی ١٩٣٠دا گرنگی جوگرافیای ئابووری کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی زیاتر کرد.

لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا ویلایەتی موسڵ (نەینەوا) لە لایەن هێزە سەربازییەکانی بەریتانیاوە داگیرکرا. بەریتانیا بە داگیرکردنی موسڵ و پێڕەوکردنی سیستەمی سەرپەرشتی لە سەر عێراق، وەک هێزێکی بێ رکابەر ئامادە نەبوو سەرچاوە ژێرزەمینییەکانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ هیچ هێزێکی کۆلۆنیالیستی دیکە و لەگەڵ سوریاش بەش بکات.

کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٥دا ویلایەتی موسڵی وەک بەشێک لە دەوڵەتی تازە پێکهاتووی عێراق بە فەرمی ناسی و عێراقی بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لەژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا دانا. بێجگە لەوە بە واژۆ کردنی پەیماننامەی لۆزان لە ٢٤ی ژوئییەی ١٩٢٣دا و کۆمەڵێک رێککەوتنی دیکە لە نێوان تورکیا و بەریتانیادا، لەوانەش “پێدانی ١٠%ی داهاتی نەوتی کەرکوک بە دەوڵەتی تورکیا، مستەفا کەمال ئەتاتورک چاوپۆشی لە داواکارییەکانی لە کوردستانی عێراق کرد و وازی لە کەرکووک هێنا”. (٢٣)

لازاریف نووسیویەتی:” کەواتە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا لە رێکی چارەسەرکردنی کێشەی کورددا نەبوو، کە خۆی بەشێکی بنیاتی بوو لە کێشەی موسڵ. لەوەش خراپتر هەم بەریتانیا وهەم تورکیا، لە پێناو بەرژەوەندی سیاسەتی دەرەوەی خۆیاندا، کوردیان وەک کارتی فشار لە سەر یەکتر بەکار دەهێنا”.(٢٤)

کۆماری کوردستان و رۆڵی یەکێتی سۆڤیەت
لازاریف بەشێکی تایبەت کردووە بە رووداوەکانی جەنگی جیهانی دووەم، دەستپێکی جەنگی سارد، رۆڵی هەر یەک لە ئەکتەرەکانی سیاسەتی جیهانی، وەکو؛ ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەمریکا و سۆڤیەت و بە شێوەیەکی بەربڵاو لێیکۆڵیونەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ کردوون. هەروەها بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی لە ساڵانی ١٩٤١-١٩٤٥ و پرۆسەی پڕ هەوراز و نشێوی کۆماری کوردستانی لە پێوەند بە بارودۆخی ناوخۆیی کوردان و بەرژەوەندییەکان و ئاراستە سیاسییەکانی هەر یەک لە وڵاتانی گیرۆدەی کێشەی کورد و کوردستانی بە شێوەیەکی سیستەماتیک باس کردووە، بە تایبەت روانین و ئاراستەی سۆڤیەت لە ئاست کێشەی کورد لە ئێران.

پشتی کورد ناگرین بۆ سەربەخۆیی
لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا، سیاسەتی دەوڵەتی سۆڤیەت لە کوردستانی ئێران (رۆژهەڵات) ئاشکرا دەکات، ئەویش بە پشتبەستن بە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی سۆڤیەت و سودوەرگرتن لە بەڵگەنامەکان و قسەی دیپلۆماتکارانی سۆڤیەت بە تایبەت مۆڵۆتۆف (В.М.молотов ١٩٨ ـ ١٨٩٠)، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی سۆڤیەت. بە خستنەڕووی ئەمانە چەند دیوێکی سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی ستالین لە ئاست کوردستان ئاشکرا دەکات.

لازاریف لە ناو بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی سۆڤیەتدا، دەقی نامەی مۆڵۆتۆفی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی سۆڤیەتی دەست دەکەوێت کە لە ساڵی ١٩٤٢ لە بارەی کوردەوە بۆ سەمیرنۆف (Смирнов . А. А ١٩٠٥ـ ١٩٨٢)ی باڵیۆزی سۆڤیەت لە ئێرانی نووسیوە. دەقی نامەکەی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا نووسراوە:

” نوێنەرانی ئێمە لەوە تێنەگەیشتوون کە ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی خەباتی کوردەکانی ئێران بۆ خودموختاری و سەربەخۆیی، لە راستیدا ئامانج لێی بەرگریکردن لە خێڵەکان و فیۆدالەکانە و بە مەبەستی جیابوونەوەی کورد و بەرەوڕووبوونەوەی ناوەندێتی سیاسی لە وڵاتدا دەکرێت. کورد کە دابەش بووە بە سەر خێڵی جیاجیادا، بە زۆری لە حاڵی دژایەتیکردن و شەڕکردنن لەگەڵ یەکتردا و وێنایەک لە یەکگرتوویی نیشتمانی پێشان نادەن”.(٢٥) لەم نامەیەدا مۆڵۆتۆف بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیەوێ لە ئێران جیا بێتەوە و نووسیویەتی:” جوداییخوازانی کورد لە ئێران بەردەوام وەک ئامرازێکی سیاسی لە لایەن بەریتانیا و تورکیاوە بەکار هێنراون و یەکگرتوویی ئەوان بۆ جیابوونەوە لە ئێران … و بە ئیلهام وەرگرتن لە هەندێک کۆڕ و کۆمەڵی دیاری بەریتانی و تورکی بۆ دەستدرێژیکردن و وەرگرتنی ئیمتیازی سیاسی و ئابووری لە ئێرانە. سەرکردەکانی کورد کە خەڵکی ئاسایی بە تەواوەتی گوێڕایەڵیانن، خزمەتکاری دەوڵەتە جۆراوجۆرە ئیمپریالیستییەکانن و لە زۆربەی قۆناغەکاندا کارەکەری دەوڵەتە فاشیستەکانن”.(٢٦)
مۆڵۆتۆف لە درێژەی نامەکەیدا باڵیۆزی وڵاتەکەی لە سیاسەتی سۆڤیەت بەمشێوەیە ئاگادار دەکاتەوە:” پێویستە ئەوە روونبێ کە پشتیوانی و پشتگیری ئێمە لە هەوڵەکانی کورد بۆ گەیشتن بە خودموختاری و سەربەخۆیی کوردستان نییە و لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، خواستی کوردەکان بێ بنەما و دواکەوتووانەیە”.(٢٧)

ئەم بەڵگەنامەیە سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئاست کورد پێشان دەدات. لە لایەکی دیکەوە سیاسەتێکی پراکتیکی پێشان دەدات لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆویستانە و روانینی بەرتەسکی سۆڤیەتدا. هاوکات تێگەیشتنی دۆگما و بیرتەسکانەی سیاسەتمەدارانی سۆڤیەتی سەردەمی ستالین لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەخاتە روو.

ئەنجام
ئەو توێژینەوانەی لە بارەی مێژووی کورد و کوردستان و لە لایەن مێژووزانانی روس – کورد*ەوە کراون. لە دوو رووی جیاوازەوە شایەنی هەڵسەنگاندنن. یەکەم؛ چۆنیەتی داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئیمپراتۆرییەتی روسیای قەیسەری کە لەگەڵ ئاراستەی جیۆپۆلەتیکی ئەو وڵاتە لە ئاسیای ناوەڕاست دەخوێنێتەوە و ئامانج لێی پەرەپێدانی سنوورەکانی روسیا بوو بە تایبەت دوای پەیماننامەی ڤییەننا لە ساڵی ١٨١٥ کە لە چوارچێوەی هاوسەنگکردنی هێزدا کرا. زاڵبوون بە سەر ئاسیای ناوەڕاستدا و دەستبەسەرداگرتنی چەند بەشێک لە ئێران، تورکیا و سەرزەمینی کوردستان، لە لایەکەوە سیاسەتی فرەخوزانەی ئیمپراتۆرییەتی روسیا پێشان دەدات لە لایەکی دیکەوە رکابەریکردنی لەگەڵ هێزە گەورەکانی وەک بەریتانیا و فەڕەنسا دەخاتە روو. توێژینەوە کردن لە مێژووی کوردستان و راپۆرتەکان و چالاکییەکانی دیپلۆماتکارانی روسدا مەبەست لێی تێگەیشتن و ناسینی هەرچی زیاتر بوو کە لە پێناو راگرتن و بەردەوامیدان بە سیاسەتی دەرەوەی روسیادا دەکرا. دووەم؛ توێژینەوە بەربڵاو و گشتگیرەکانی زانایانی روس لە بارەی مێژووی کوردستان، وەکو ئەوانەی لەلایەن مینۆرسکی، نیکیتین، مار، کوردیۆف و کەسانی دیکەوە نووسراون، روڵی گەورەیان لە ناساندنی قوڵایی مێژووی کوردستان هەبووە و یارمەتییەکی مایەی سەرنج و گرنگیان بە زانستی کوردۆلۆژی داوە.

لەگەڵ بەدەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا، بە تایبەت لە دەیەی یەکەمی دەوڵەتی روسیای سۆڤیەت و دواتر لە یەکێتی سۆڤیەتدا، زانستی مێژوو کەوتە ژێر فشاری قورسی سیستەمی ئایدۆلۆژیا و نووسینی توێژەرانی وەک؛ خاڵفین، ئەستاخۆف، پوگاریۆف و کەسانی دیکە زیاتر لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا هاوئاهەنگ بوون و بە تەواوەتی لە رێکی سیاسەتی دەرەوەی سۆڤیەتدا بوون، زۆر بە کەمی میتۆدەکانی توێژینەوەی مێژووییان تیادا بەکار دەهات.

لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دوای قۆناغی داپڵۆساندنی ستالینی، زانایانی دیاری سۆڤیەت، وەکو؛ حەسرەتیان، جەلیلی، مگۆی، ئەشیری، ژگالینا، لازاریف و کەسانی دیکە، بە شێوەیەکی روو لە گەشە زانستی کوردۆلۆژییان لە سۆڤیەت و پۆست سۆڤیەتدا پەرە پێ دا و هەوڵیان دا زانستی مێژوو لە کۆت و بەندەکانی ئایدۆلۆژیا رزگار بکەن و وەک پرۆسەیەکی ئازاد و دوور لە سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا مێژوو بنووسن. چونکە پێشتر لەژێر کاریگەری وێرانکەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤێتدا بوو و لێکەوتەی ئاراستەی جیۆپۆلەتیکی ئەو وڵاتە بوو. لەو پێناوەدا پرۆفیسۆر لازاریف بە وردبینییەکی زانستییانە و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکان و دۆکیۆمێنتەکانی ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی سۆڤیەت هەوڵی دا کە کوردۆلۆژی لە وڵاتەکەیدا بکاتە زانستێکی تەواو. هەر بۆیە نووسینەکانی لازاریف پێگە و گرنگی تایبەتیان لە توێژینەوەکانی مێژووی کورد و کوردستاندا هەیە و شایانی پێزانینی زۆرن.

سەرچاوەکان:
Никитин, В. Курды / В. Никитин. М. : Прогресс, 1964.c.400.ا
٢. هەمان سەرچاوە. ل. ٤٠١
٣. هەمان سەرچاوە. ل. ٤٠١
٤. هەمان سەرچاوە. ل. ٤٠٢
В.Ф. Минорский. Курды. Петроград, 1915.с.5.٥
В.Ф. Минорский. Курды. Петроград, 1915.с.34.٦
٧ .Астахов Г. От султаната к демократической Турции. Очерки из истории кемализма / Г. Астахов. – М.-Л.: Госуд. Изд-во, тип. “Красный Пролетарий”, 1926. – 152 с.; Гурко-Кряжин В. А. Ближний Восток и державы / В. А. Гурко-Кряжин. – М.: Научная ассоциация востоковедов при ЦИК СССР, 1924. – 244 с.; Погорелов М. Контрреволюционное движение в Курдистане / М. Погорелов // Военный вестник. – 1925. – №11. – С.37–4
.٨ .Борьба за Курдистан: курдский вопрос в международных отношениях XIX век.1963.c.20-19
9. هەمان سەرچاوە ل. ٨٧
10. هەمان سەرچاوە. ل. ٩
.١١Жигалина О. И. Национальное движение курдов в Иране, 1918-1947 гг Изд-во “Наука. , 1988
.١٢Гасратян М.А. Курдская проблема в Турции (1986- 1995). -М., 2001
١٣. هەمان سەرچاوە
.١٤Ш. Х. Мгои. Курдский национальный вопрос в Ираке в новейшее время / Ш. И. Мгои. – М.: Наука, 1991. C.3
.١٥Современный Курдистан: проблемы национального движения 1995 – c.3
١٦.М.С. Лазарев .Курдский Вопрос (1891-1917 (c.14
١٧. هەمان سەرچاوە. ل. ١٣
١٨. هەمان سەرچاوە . ل. ٧٦
١٩. Лазарев М. С. Империализм и курдский вопрос (1917–1923).c.98.
* ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە لەگەڵ ناکۆکی نێوان سوڵتانی عوسمانیی و شا ئیسماعیلی سەفەوی قەیرانی جدی لە پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لێ کەوتەوە. لە جەنگی چاڵدێراندا لە ساڵی ١٥١٤ کوردستان بە سەر دوو بەشدا دابەش کرا. دابەشبوونی سەرزەمینی کوردستان لە ساڵی ١٦٣٩ لە رێککەوتنی قەسری شیریندا بنەمای یاسایی پێ بەخشرا و دوای کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٣٢دا درێژەی پێ درا.
٢٠. دەیڤد مەک داوڵ، مێژووی هاوچەرخی کورد، وەرگێڕانی ئیبراهیم یونسی، ل.٧٠٣
.٢١Лазарев М. С. Империализм и курдский вопрос (1917–1923) М.1989.с.281
.٢٢Лазарев М. С. Курдистан и курдский вопрос(1923 – 1945).c,102
٢٣. دەیڤد مەک داوڵ، مێژووی هاوچەرخی کورد، وەرگێڕانی ئیبراهیم یونسی، ل.٧٠٣
٢٤. Лазарев М. С. Курдистан и курдский вопрос(1923 – 1945).c.9w9,.
٢٥. هەمان سەرچاوە. ل. ٢٢١
٢٦. هەمان سەرچاوە. ل. ٢٢٢
٢٧. هەمان سەرچاوە . ل. ٢٢٢
* مەبەست لە هەندێک لە توێژەرانی مێژووی کوردە، وەکو؛ پرۆفیسۆر جەلیل جەلیلی. پرۆفیسۆر مگۆی ( Ш. Х. Мгои ). پرۆفیسۆر ئەشرەف ئەشیری ( Ашири. Ш ) کە بە رەگەز کوردن.




ژیانی خەڵکی خۆمان هەڵدەبژێرین

مه‌زڵوم كۆبانێ(عەبدی)

 

“دەزانین کە دەبێت سازشی بەئازار بۆ مۆسکۆ و تاران و بەشار ئەسەد بکەین، ئەگەر لەگەڵ ئەوان کاربکەین. بەڵام ئەگەر لەنێوان سازش و جینۆسایدی خەڵکی خۆماندا یەکێکیان هەڵبژێرین، ئەوا بەدڵنیاییەوە ژیانی خەڵکی خۆمان هەڵدەبژێرین”

و:محەمەد ڕەحمان

 

بۆ یەکەمجار لەنێو پەشێوی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەمان جیهان ناوی ئێمەی بیست، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). من وەکو سەرکردەیەکی باڵا لە ڕیزەکانیدا خزمەت دەکەم. هەسەدە ٧٠٠٠٠ شەڕڤانی هەیە کە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٥ وە دژی جیهادیە توندڕەوەکان و نەیارانی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی ژنان جەنگاوە. هەسەدە بووەتە هێزێکی خەباتکاری ڕێکخراو و پڕۆفیشناڵ. هەرگیز تاکە فیشەکێکیان بە ئاراستەی تورکیا نەتەقاندووە. سەرباز و ئەفسەرە ئەمریکیەکان ئێستا بەباشی دەمانناسن و ستایشی چالاکی و لێهاتووییمان دەکەن.

هەمیشە بە هێزەکانمانم ووتوە ئەو جەنگە هی ئێمەیە! تیرۆریستە جیهادیەکانی داعش لە سەرانسەری جیھانەوە بۆ سووریا هاتبوون. ئێمە ئەو کەسانەین کە دەبێت شەڕیان لەگەڵ بکەین، چونکە ئەوان خاکەکەمانیان داگیرکردووە، گووندەکانمانیان تاڵانکردووە، منداڵەکانمانیان کووشتووە و ژنەکانمانیان کردووەتە کۆیلە.

بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان لەو مەترسیە گەورە ڕزگار بکەین، ١١٠٠٠ سەربازمان لەدەستدا کە هەندێکیان لە ئازاترین سەرباز و فەرماندەکان بوون. هەمیشە بە هێزەکانمانم ووتوە کە ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی دیکە هاوبەشی ئێمەن، بۆیه پێویستە هەموو کاتێک گەرەنتی ئەوە بکەین کە زیانیان پێنەگات.

لەنێو پاشاگەردانی جەنگدا، هەمیشە، بەپێچەوانەی نوێنەرە ناحکومیەکانەوە پابەندی ئەتەکێت و ڕەوشتەکانمانەوە بووین. ڕێکخراوی (القاعدە)مان تێکشکاند و داعشمان بنبڕكرد، لەهەمان کاتدا سیستەمێکی بەڕێوەبردنی گونجاومان لەسەر بنەمای حکومەتی بچووک و فرەڕەنگی و جیاوازی بنیاتنا. لەڕێگەی دەسەڵاتە خۆجێیەکانەوە

خزمەتگوزاریمان بۆ هاوڵاتیانی کورد و عەرەب و سریانی و کریستیانەکان دابینکرد و بانگەشەی ئەوەمان کرد کە ناسنامەی نەتەوەیی سووریای فرەڕەنگ هەموو پێکهاتەکان بگرێتەوە. تێڕوانینی ئێمە بۆ داهاتووی سیاسی سووریا بریتییە لە لامەرکەزی فیدراڵی بە ئازادی ئاینی و ڕێزگرتن لە جیاوازیە هاوبەشەکانە.

ئەو هێزانەی کە فەرماندەییان دەکەم لە ئێستادا تەرخانکراون بۆ پاراستنی یەک لەسەر سێی خاکی سووریا دژ بە دەستدرێژیێک لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوە جیهادیەکانی. ئەو ناوچەیەی کە بەرگری لێدەکەین لەماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ئەو خەڵکانەی کە ڕزگاریان بوو لە جینۆساید و پاکتاوی نەژادی کە لەلایەن تورکیاوە لەدژی کورد و سریانی و ئاشووری و ئەرمەنیەکان ئەنجام دراوە.
ئێمە پارێزگای لە زیاتر لە ١٢٠٠٠ تیرۆریستی زیندانی داعش دەکەین و خێزان و منداڵە توندڕەو پەروەردەکراوەکانیان لەخۆ دەگرین. هەروەها ئەو پارچەی سووریاش لە میلیشیا ئێرانیەکان دەپارێزین.

کاتێک هەموو جیهان پشتی تێکردین، ئەمریکا دەستی هاوکاری درێژ کرد. لەسەر داوای ئەمریکا ڕەزامەندیمان دەربڕی چەکە قوڕسەکانمان لە ناوچەی سنووریی لەگەڵ تورکیا بکێشینەوە, پێگەکانی بەرگریمان چۆڵ بکەین و پاشەکشە بە ئەزمووندارترین چەکدارەکانمان بکەین. تا ئەوکاتەی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی بووایە لەگەڵمان، تورکیا هێرشی نەدەکردە سەرمان.

ئێستا وەستاوین و سینگمان بەڕووی هێرشی تورکیا واڵا کردوە.
سەرۆک دۆناڵد تڕەمپ لە زووەوە بەڵێنی کشانەوەی یەکە سەربازیەکانی ئەمریکای دابوو. ئێمە لەوە تێدەگەین و هاوسۆزی دەردەبڕین. باوکان دەیانەوێت منداڵەکانیان ببینن لەسەر کۆچیان پێدەکەنن، خۆشەویستان دەیانەوێت گوێیان لە دەنگی چرپەی هاوژینەکانیان بێت، هەمووان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

هەرچۆنێک بێت ئێمە داوا لە سەربازە ئەمریکییەکان ناکەین کە لە گۆڕەپانی جەنگدا لەگەڵمان بن. ئێمە ئەوە دەزانین کە ئەمریکا پارێزەری جیهان نییە. بەڵام دەمانەوێ کە ئەمریکا ڕۆڵی گرنگی خۆی بگێڕێت لە هێنانەدی چارەسەرێکی سیاسی بۆ سووریا چونکە ئێمە دڵنیاین کە ئەمریکا توانای تەواوی هەیە لە نێوەندگیری لەنێوان خۆی و تورکیا بۆ هێنانەدی ئاشتیێکی هەمیشەیی.

ئێمە وەک چەمکێکی بنەڕەت باوەڕمان بە دیموکراسی هەیە، بەڵام لەژێر ڕۆشنایی هێرشەکەی تورکیا و ئەو هەڕەشە وجوودیەی کە بەهۆیەوە ڕووبەڕووی خەڵکەکەمان بووەتەوە، لەوانەیە وا پێویست بکات بە هاوپەیمانەکانماندا بچینەوە. ڕژێمی سووریا و ڕووسیا چەند پێشنیارێکیان کردووە کە بۆی ھەیە ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگار بکات کە لە ئێستادا لەژێر پارێزگاریدا دەژین. متمانە بە بەڵێنەکان ناکەین، ڕاستیت بوێت، قوڕسە کە بزانی دەبێت متمانە بە کێ بکەیت.

ڕوونە کە هەڕەشەی داعش هێشتا لە ئارادایە بەشێوەی تۆڕێکی شانەی نوستوو کە توانای یاخیبوونی هەیە.

ژمارەی زۆری بەندکراوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە بەندیخانەی نەگونجاو وەک بۆمبی کات بۆ دانراو وایە کە لەوانەیە لە هەرکاتێکدا بێت بتەقێتەوە.
ئێمە دەزانین کە پێوویستە سازشێکی ئازار بەخش بۆ مۆسکۆ و بەشار ئەسەد بکەین ئەگەر کاریان لەگەڵ بکەین. بەڵام ئەگەر پێویست بێ لە نێوان سازشکردن و جینۆسایدی خەڵکەکەمان یەکێکیان هەڵبژێرین ، بە دڵنیایەوە ژیان بۆ خەڵکەکەمان هەڵدەبژێرین.

ئەگەر ئەمریکا بەبێ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، یان داهاتووێکی ئارام و جێگیر بڕوات، ئەوا سوریا لەبەردەم دوو هەڵبژاردەدایه: ڕێباز خوازێکی ئایینی یاخود شەڕێکی خوێناوی ڕەگەزی ــــ مەگەر ئەوەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێز و توانای خۆی بەکاربھێنێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک پێش ئەوەی بکشێتەوە.
باوەڕی قووڵ بە دیموکراسی هۆکاری بەستنی هاوپەیمانیمان بوو لەگەڵ ئەمریکادا. ئێمە بەهۆی ئەو قەیرانانەی ئێستا نائومێد ڕووی تێکردووین. خەڵکەکەمان لەژێر پەلاماردایە و سەلامەتی ئەوان گەورەترین نیگەرانیمانە. لێرەدا دوو پرسیار دەمێنێتەوە: چۆن دەتوانین بەباشترین شێوە خەڵکەکەمان بپارێزین؟ ئایا ئەمریکا هێشتا هاوپەیمانمانە؟

مەزڵوم عەبدی کوبانێ ــ ماڵپەڕی فۆرین پۆلەسی