ناوچوونی دوو شوێنەواری گرنگی ناوچەی سلێمانی

سۆران حەمەڕەش

هەندێک جار بۆچوونی ڕەشبینانەم سەبارەت بە پشتگوێ خستنی شوێنەوارەکان لە کوردستان دووبارە دەکەمەوە، بەڵام ناهەقم مەگرن! هیچ شوێنێک نیە لە جیهاندا هێندەی کوردستان خەمسارد بێت بەرامبەر بە ڕابردووی خۆی. بۆیە هێندە بێ هیوام بە مامەڵەکردنی کوردی لەگەڵ مێژوو و شوێنەوارەکانمان، ئا لەم ساتەدا و بەپێی سەرچاوەکان پێم وایە شوێنی شارێکی گرنگی مێژوویم دەستنێشان کردووە کە تەمەنی نزیکی چوار هەزار ساڵە و لە باوەشیا دەشێت هەزاران پارچە نووسراو هەبێت، بەڵام لێی بێ دەنگم و ئاشکرای ناکەم. ئاشنای پایەختی دەوڵەتی مێژوویی کوردیی هەزەبانیەکانم، کە لە سەردەمی هوریەکانەوە شارۆچکەکەیان لەوێدایە و هەتاوەکو نزیکی نۆ سەد ساڵ لەمەوبەر هەزەبانیەکان لەوێدا دەسەڵاتدار بوون، بەڵام لەویش بێ دەنگم و پێم وایە باشتر وایە کە لە هەلومەرجی ئێستادا با خاک بییانپارێزێت.

کوردستان لانکەی شارستانیەتە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا بە سەدان شوێنی گرنگی مێژوویی تێدا بدۆزرێتەوە. بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەش بین، کە هەندێک شوێنەواری مێژوویی زۆر گرنگمان بۆ هەتایی لە ناوچوون و ئێمەش تا ڕادەیەک لێیان بێ ئاگاین.
لەم بابەتەدا باسی دوو شوێنەواری گرنگ دەکرێت، یەکێکیان شوێنەواری پەیکوڵیە کە تەمەنی نزیکی هەزار و حەوت سەد ساڵە و لە جیهانی شوێنەوارناسیدا ناسراوە و ئەوی تریان تەمەنی دیاری نەکراوە و زانیاری لەسەری کەمە.

شوێنەواری پەیکوڵی بە ناوی ئەو شوێنەوە ناسراوە کە تێیدا دروستکراوە. ئەم شوێنە دەکەوێتە نزیک شاری سلێمانی لە نێوان قەرەداخ و دەربەندیخاندا. شوێنەوارەکە نزیکی هەزار و حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە. ئەم شوێنەوارە (بڕوانە وێنەکەی لای دەستی ڕاست ) بریتی بووە لە مۆنومێنتێکی دە مەتر بە دە مەتری بن چوارگۆشە. نووسینێکی زۆری لەسەر بووە بە زمانی پەهلەوی ئەشکانی و پەهلەوی ساسانی. ئەم مۆنومێنتە ٤٦ دێڕی پەهلەوی ساسانی لە ڕوویەکیاندا هەبووە و ٤٢ ی ئەشکانیش لەسەر ڕووەکەی تری و بە گەورەیی لەسەر بەرد هەڵکەندراوە.

شوێنەوارەکە لە ساڵی ١٨٣٤ی زاینەوە، سەرچاوە ئەوروپیەکان ئاماژەیان پێکردووە. بەڵام باشترین کار (ئێرنست ‌هێرتسفێڵد) لە لە ساڵی ١٩١١ وە ئەنجامی داون. ئەم شوێنەوارناسە ئەڵمانە کە بە بنەچە جوو بووە، وەک کەسێکی شارەزا لە شوێنەوارەکان و نەخشی ناوچەکەدا، بە وێنە شێوەی ئەو بینایەی دروستکردۆتەوە کە لە بنەچەدا لەوێدا بووە و هەروەها چەندین وێنەی هەر یەک لە بەردەکانی گرتووە و وردەکاری نەخشەکانی بە دەست کێشاوە کە ئەمڕۆ وەک ئەرشیفێک هەڵگیراون. وێنەکێشانی مۆنومێنتەکە لەلایەن هێرتسفێڵد-ەوە بێ بناغە نەبووە و ئەو زۆر شارەزا بووە و لە ڕێگای ئاشنابوون بە نەخشی سەربەردەکان و سەرنجدانی بناغەی شوێنەوارەکە، وێنەی مۆنومێنتەکەی کێشاوە.

لە کاتی کارکردنیدا، هێرتسفێڵد، لە چەند گەشتێکدا نزیکی ١٢٩ بەردی نووسراوی دۆزیەوەتەوە لەکۆی ژمارەی ٢٣٠ بۆ ٢٤٠ بەردی نووسراو کە مەزەندە دەکرێت لەوێدا بوون و نووسینیان لەسەر بووە و بەشێک بوون لە مۆنومێنتەکە کە ئەمڕۆ بۆ هەتایی فەوتاون. هێرتسفێلد لە گەشتەکانیدا بەردەکانی دەستنیشان کردووە و ڕێکی خستوون. ئەم شوێنەوارناسە کارێکی زۆر نایابی لەو سەردەمەدا کردووە و سەرەڕای ئەو کارەی لەسەر پەیکوڵی، ‌ ژمارەیەک وێنەی گرتووە کە هەندێکیان وێنەی زۆر نایابی ماڵی کۆنی ناو شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەرین.

ئەمڕۆ نووسراوی سەر بەردەکان ئەوانەی کە دۆزراوەنەتەوە، خوێنراوەتەوە. نووسراوەکە باسی (نارسە) ی پاتشای ساسانی دەکات، کە کێشمەکێشی هەبووە لەگەڵ بەهرامی سێیەمدا. نارسە لەگەڵ نوێنەرانی شانشین لە پەیکوڵی کۆبووتەوە و لەوێدا بڕیاری دانانی بە پادشای پادشاکانی دەوڵەتی ساسانی بۆ دراوە و هەر لەوێدا بڕیارەکە دراوە بۆیە مۆنومێنتەکەش هەر لەوێدا دروستکراوە. نارسا بەسەر بارامی سێیەمدا سەرکەوتووە و بووەتە پادشای پادشاکانی دەوڵەتی ساسانی.

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو شوێنە کە ئەمڕۆ بە پەیکوڵی ناسراوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە رابردوودا ئەو شوێنە لەسەر ڕێگایەکی گرنگی مێژوویی نێوان شاری شیزی ئازەربایجان و تەیسەفون (مەدائن) ی پایتەختی دەوڵەتی ساسانی بووە. بۆیە لە سەرچاوەکاندا، شاری شارەزوور کە نزیک پەیکوڵی بووە بە (نیم ئەز ڕاه) ناوهێنراوە، واتە (نیوەی ڕێ). لەبەر ئەوەی کە کەوتبووە نیوەی ڕێی نێوان ئەو دوو شوێنە گرنگە مێژووییەی کە ئاماژەیان پێکرا. ئەمڕۆش لەو ناوچەیەدا ناوی سەرنجڕاکێشی شوێنەکان بەدی دەکرێت، کە ڕاستیی گرنگی ئەو ناوچەیە دووپات دەکەنەوە. بۆ نموونە ناوەکانی وەک کانی باجگر، کۆشکی سەروو، کۆشکی خواروو….. هەمووی ئەو ڕابردووە دێرینەمان بۆ دووپات دەکاتەوە.

پەیکوڵی لە ناو شوێنەوارناسانی جیهاندا ناسراوە و ئەو نووسراوەی سەرمۆنومێنتەکە چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و تەرجومە کراوەتە سەر ئینگلیزی، بەڵام بە گشتی خەڵکی کوردستان پێی ئاشنا نین. دکتۆر کۆزاد مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، بابەتێکی زۆر وورد و تێروتەسەلی بە زمانی کوردی لەسەر مێژووی پەیکوڵی و ووردەکاری نووسینی سەر بەردەکەی نووسیوە و زانیاری زۆر گرنگی لەسەری خستۆتە ڕوو لە ژێر ناونیشانی (پەیکوڵی شوێنەوارێکی گرنگ… دەقێکی لەبیکراو)، بەڵام سەرەڕای ئەوە بە گشتی هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی بەرفراوان لەلایەن دەزگا کڵتوریەکان نەدراوە بۆ ناساندنی ئەو شوێنەوارە گرنگە مێژووییە.

شوێنەواری دووەم
ئەم شوێنەوارە یەکەم کەس و دوایەمین کەس کە ئاماژەی پێکردبێت، پیاوێکی سەربازی پلەداری ئینگلیزە بە ناوی ولیەم هیود کە لە ساڵی ١٨١٧ دا بە گەشتێک بە شاری سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت. ولیەم دوای ئەوەی کە بەو شارەدا تێپەڕ دەبێت و بەرەو کۆیە بەڕێ دەکەوێت، لە ڕێگادا گوندی قوڵی خان بەجێ دەهێڵێ و ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەوە چۆڵەوانی بووە. ئەمجا شوێنەوارێک سەرنجی ڕادەکێشێت (بڕوانە وێنەکەی دەستی چەپ) کە ئەو بە پێی سەرنجدانی خۆی، پێی وا بووە کە لە گٶڕستانێکی تایبەت چووە. ولیەم ئەوەی کە بە چاو دەبینێت دەڵێت کە هیچ شوێنەواری شوێنێکی ئاوەدانی دێرین لە نزیک ئەو شوێنە بەدی ناکرێت لەوێدا جگە لەو شوێنە کە لەوە دەچێت شوێنی جەنگێکی دێرین بێت و لەوێدا گۆڕی کەسایەتی گرنگی ئەو جەنگە هەبێت. ولیەم بەسەرپێیانە ئاماژە بەو شوێنە دەکات و زانیاری وورد نادات بە دەستەوە و سەبارەت شوێنەکەش لە خەڵکی ناوچەکە هیچی نەپرسیوە. بە داخەوە جگە لەو زانیاریە و وێنەکە کە لەگەڵ ئەم باباتەدا دانراوە، هیچ شتێکی تر سەبارەت ئەو شوێنەوارە نازانرێت.

بە دڵنیایی بێ زانیاری زیاتر و دەستنیشانکردنی ئەو شوێنە، ناتوانرێت شتی زیاتر لەسەر شوێنەواری دووەم بگووترێت، بەڵام پەیکوڵی کە شوێنەواری یەکەمە، شوێنێکی مێژوویی جیهانیە و ناکرێت ئاوا بە پشتگوێخراوی وازی لێبهێنرێت. ئەمڕۆ لە شوێنی شوێنەواری پەیکوڵیدا، تۆزێک خۆڵ و خاشاک دەبینرێت و هەروەها چەند بەردێک لە پاشماوەی پەیکوڵی لە مۆزەخانەی سلێمانی دانراوە کە هەندێکیان بەردی ئەو کەلە سەرانەن کە لە نەخشەکەدا دەردەکەون، بەڵام پاراستنی چەند بەردێک بۆ ئەو شوێنەوارە مێژووییە بەس نیە و دەکرێت لەسەر ئەو نەخشەیەی کە هێرتسفێڵد دایناوە و وێنەی کردووە، کۆپی ئەو شوینەوارە دروستبکرێتەوە و هەندێک لە بەردە دێرینەکانی تێدا بەکاربهێنرێتەوە و ئەو مێژووە بزربووە جارێکی تر بۆ نەوەکانی داهاتوو بخرێتەوە ڕوو و بۆ هەتایی جارێکی تر ئەو شوێنەوارە دروست بکەینەوە.

پێم وایە دروستکردنەوەی پەیکوڵی کارێکی ئاسان نیە، بەڵام مەحاڵیش نیە و دەهێنێت بۆ بنیاتنانەوە و بوژانەوەی فەرهەنگی ئەو ئەرکە بگیرێتە ئەستۆ. هیوام وایە هیواکان لەگەڵ خۆماندا نەبەینە گڵەوە و هەندێک هەنگاو بۆ بووژانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کورد بنرێت بەتایبەت لە نزیک شارێکدا کە بە فەرمی لە باشوردا بە “شاری ڕۆشنبیری” لە قەڵەم دەدرێت، بۆ ئەوەی کە ئەو مێژوو و فەرهەنگە دەوڵمەندەی کە چەندین ساڵە لێمان بزرکراوە و تا ڕادەیەکی باشیش لێمان دزراوە بنیاتی بنێینەوە. ئەمڕۆ ئێمە بووینەتە خەڵکانێکی بزر بە ڕابردوو و فەرهەنگی خۆ و لەهەمانکاتدا دواکەوتووی هەقایەت ومێژوویەکی بێ بنەماین، بۆیە بوژانەوەی ئەو شوێنەوارانە بەشێک لەو ڕابردووە ڕاستیەی خۆمان بۆ زیندوو دەکاتەوە.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: بەپێی ئەو زانیاریەی کە لەسەر شوێنەواری دووەم خراوەتە ڕوو، هەر کەسێک زانیاری لەسەر دەستنیشانکردنی شوێنەواری دووەم دەزانێت با بە سوپاسی زۆرەوە لە کۆمێنتدا دایبنێت.

About editor