کورد لە ڕوانگەی تورک و فارس و عەرەبەوە

عەلی عەونی

ئەگەر سەیرێکی نووسین و لێکۆڵینەوەکانی هەر سێ نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب لەسەر کورد بکەین، باش لە سایکۆلۆژی و جۆری بیرکردنەوەیان دەگەین.
هەر سێ نەتەوە لە ڕێگای زانا بێ ئەقڵەکانیانەوە، دڵنیا و ئەرخەیانن کە نەتەوەیەک بە ناوی کورد نییە و کوردستان موڵکی تاپۆکراوی بەجێماوی باب و باپیرانیانە بۆ ئەوان.
تیۆری بە ناو زانستی و پێکەنیناوییان لەسەر بنەچە و ڕەچەڵەکی کورد داهێناوە و تەنانەت لە زانکۆکانیشیان بە ناوی زانست دەرخواردی ڕۆڵەکانیانی دەدەن، داوا و دۆزی کوردستانیشیان هێندە بە بچووکی و سادەیی کورت کردووە لە چوارچێوەی مافی مەدەنی و هاووڵاتیبوون و گەشەی ئابووری و ئازادیی لێدانی دەهۆڵ و زوڕنای کوردیی و دامەزراندنی خەڵک بە وەزیر و گزیر و هتد کە خۆشیان باوەڕیان کردووە و ئیتر توانای بیر کردنەوەی فراوانتریان نەماوە.
لە هەمووی پێکەنیناویتر ئەوەیە کە تەنانەت ئەم خاڵانەشیان پێ جێبەچی ناکرێت، لەبەر سیستەمە دۆگما و دواکەوتووەکانیان، کە زیاتر لە سیستەمەکانی چاخی نێوەڕاست دەکات، زۆر جار لە زاری سیاسەتمەدارە عەرەب و تورک و فارسەکان دەبیستین کە داواکاریی کوردستانییان هەڕەشەیە لەسەر یەکپارچەیی وڵاتی ئەوان.
بڕوایان وایە کە ئاسایشی نەتەوەییان تێک دەچێت، ئەوەی ڕاستی بێت، سیستەمە دواکەوتووەکانیان هەڕەشەن لەسەر دواڕۆژیان و یەکپارچەیی و ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەییان.
تیۆریی(زانستی)! تورکەکان لەسەر ڕەسەن و ڕەچەڵەکی کورد ئەوەیە: کوردەکان هەر تورکن، بەڵام تورکی کێوین و هێشتا ماڵی و کەوی نەبوونە، ناوی کورد لە دەنگی پێی تورک لە ڕۆیشتن لەسەر بەفر هاتووە: (کارت، کرت، کەرت، کورت)!!. بەم شێوەیە خۆیان خستۆتە تەنگاوییەکی هزریی. ئێستا مافی خەڵکی تورکە بپرسن ئەگەر کوردیش هەر تورکن، خێرە ئەو هەموو تورکانە مافیان نییە لە ژێر دەستی عەرەب ڕزگار ببن و وەک ئازەربایجان ببنە دراوسێی ئێمە. ئەرێ باشتر نییە (تورکی کێوی) دراوسێی ئێمە بن لە عەرەبی توندڕەو؟!.
فارسەکان زۆرتر جێگای بەزەیین بەو تیۆری و بیردۆزە سەیرەیان، خۆیشیان پێیان وایە بوونەتە هۆی پێشخستنی زانست و مرۆڤایەتی، ئەوان پێیان وایە ئێرانیی هەر ڕەسەن کوردن. کوردیش هەر لە نەتەوەی ئارییە. زمانی کوردی هەر زمان نییە، بەڵکوو لەهجەیەکی دواکەوتووی فارسییە کە تایبەتە بە شوانەکان. ئەگەر بمانەوێت زمانی فارسی لە وشەی عەرەب پاک بکەینەوە، دەتوانین وشەی لەهجەی شوانەکان بێنین.
ئێمەی فارس و کورد یەک بنەچەمان هەیە. ئیتر دەیانەوێت ئەوە لە بیری خەڵک ببنەوە ئەو بیردۆزە خۆکردانە لە کۆڕ و کۆمەڵە زانستییەکاندا پووڵێکی قەڵب ناهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا دیسان وەک تورکەکان خۆیان خستۆتە خانەی هاودژی لەگەڵ خودی خۆیاندا. ئەگەر ئێمە ئێرانیی ڕەسەنین و ڕەچەڵەک و زمانی ئێوە و لەهجەی ئێمە یەکە، خێرە لێناگەڕێن هاوڕەگەز و هاوزمان و هاومێژووەکانتان ببنە دەوڵەت و ئامۆزاکانتان دراوسێتان بن لە جیاتی عەرەب؟!
ئەم ڕۆژانە لە وڵاتەکانی ئێران و تورکیا لە سایەی ڕاگەیاندنی فاشیستیی و سیاسەتی فاشیستیی سیاسەتمەدارە ناواقیعییەکانیان، تای دژە کوردستانی زۆر بەرز بووە، هەستی شۆڤێنی و فاشیستیی شەقامی فارسی و تورکی ئاوس کردووە. ئەگەر پیاسەیەکی ناو سایت و پەیجە فارس و تورکییەکان بکەین، جگە لە جنێو و بێڕێزی هیچ شتێک بەدی ناکەین.
هەمووی پەلامارە، هەمووی تاوانبار کردنە بە خیانەت، هیچ کەسێک قسەیەکی نەرم و واقیعییانە ناکات. تورکەکان لە چایخانە بە دەم دۆمینەکردن ڕۆژی دە دەوڵەت داگیر دەکەن و حوکوومەت دادەمەزرێنن و هەڵدەوەشێنن پێیان وایە ڕەجەب ئەردۆغان ترسنۆکە کە ناچێت بۆ ئەدەبکردنی عەشیرەتەکانی(باکووری عێراق). ئەم بیرکردنەوەیە بەرهەمی پەروەردەی حیزبە تورکچی و توندڕۆکان و خودی کاکە ڕەجەبە.
ئەگەر سەیری پەرتووکە مێژووییەکانی عەرەب بکەن، دەبینن هەموویان ڕێکن لەسەر ئەوەی کورد لە نەسڵی جنۆکەن و چیرۆکی لاقەکردنی کەنیزی سڵێمانی پێغەمبەر لەلایەن جنۆکەکانەوە و لەدایکبوونی ئێمە لە هەموو تەفسیرەکانی قورئاندا هەیە(تەبەری، ئیبنوکەسیر، ئیبنوئەسیر و ئیبنوسەرکەسیر..) . دواتر کە دیتیان لەگەڵ ئەمڕۆ یەکناگرێت، گوتیان کورد لە بنەچەی کوردی کوڕی موردی کوڕی عاسی کوڕی..)ە لە جەزیرەی عەرەبیی هاتوون، دەی باشە ئەگەر ئێمە لە جەزیرەوە هاتووین بۆچی لێناگەڕێن ئێمەش وەکوو ئەو هەموو دەوڵەتە عەرەبییانە سەربەخۆ بین؟! خێرە فەلەستین مافی هەیە، بەڵام کوردستان مافی نییە؟خۆتان و بیردۆزە پێکەنیناوییەکانتان جێگای بەزەیین. سیستەمی هزریتان بگۆڕن پێش ئەوەی بە بێ ئیرادەی ئێوە سیستەمی سیاسی و ئیداریتان بگۆڕدرێت، ئاگادار بن سەر لە بەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گۆڕاندایە.

“عەلی عەونی”

About editor